دەنگدەران و گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان!
ئێمە کۆمەڵێک لەهەڵسوڕاوانی گۆڕان لەوڵاتانی ئەوروپا، لەڕۆژانی 20 و 21 ئۆکتۆبەری 2018 لە شاری لاهای لەوڵاتی هۆڵەندە کۆبوینەوە بۆ لێدوان و تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان کە لەڕەوشێکی نەگونجاو لەگەڵ ڕێبازی ڕەوانشاد #نەوشیروان مستەفا# و پرەنسیپەکانی بزوتنەوەکەدا گوزەر دەکات. کۆبونەوەکە لەئاکامی باسکردنێکی چڕو پڕ دەستی لەسەر زامەکانی بزوتنەوەکە لەبوارەکانی ڕێکخراوەیی، سیاسی، پەیوەندیەکان، کارگێڕی و دارایی و جەماوەری دانا.
جەماوەری سەربەرزی گۆڕان!
ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا لەیەکەم چرکەی دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە مۆمی ئومێدی لە دڵ و ناخی سەدان هەزار کەسدا هەڵگیرساند کە پشتیوانی بزوتنەوەکەیان کرد، زەمینەی بەهێزی ئەو پشتیوانیکردنە متمانەیان بە کارنامەی گۆڕان و کاک نەوشیروان بو کە لەپێناوی خۆشگوزەرانی و سەروەری یاسا و چەسپاندنی سیستەمی حوکمرانی دادپەروەر خەبات دەکات.
لەدوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروانەوە بزوتنەوەکە ڕوبەروی ڕۆچونێکی مەرتسیدار بۆتەوە، گرنگترین کاریگەری ئەم ڕۆچونەش کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر دۆخی گۆڕان و متمانەی جەماوەر و دەنگدەران و پێگەی سیاسی کردوە، ئەو کاردانەوەی کە لە ئاکامەکانی دوو هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی کەمتر لە نیو ساڵدا پێگەی سیاسی و پەڕلەمانی گۆڕانی زۆر لاواز کردوە.
گۆڕان جاران ڕێی دەیان هەزار هاوڵاتی ڕوناک دەکرد، ئێستا خۆی پێویستی بەوەیە ڕێی بۆ ڕوناک بکرێتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان جاران توانای بیستنی ڕەخنەی هەبوو، مەخابن ئێستا لە سەر ڕەخنە و دەستپێشخەری و پێشنیازی دروست سزای هەڵسوڕاوان دەدرێت، گۆڕان جاران یەکگرتو و تۆکمە بو ئێستا بەش بەشە و نیەتی تەکەتولبازی و گروپ گروپێنە خەریکە هزر و ڕۆحی داگیر دەکات، گۆڕان تا چەند ساڵێک لەمەوبەر وزەی سیاسی و ڕۆشنبیری و ئومێدی بەگەنجان دەبەخشی ئێستا وزە و تواناکانیان فەرامۆش دەکات و بە ئاڕاستەی نادروستدا دەیان بزوێنن و لە ئومێد بێبەریان دەکات، ئێستا سەروەری و سەربەخۆیی گۆران کەوتۆنەتە گێژاوی میزاجی جیاجیای ناو بزوتنەوەکە و درەوەشی، بۆیە لە بڕیارداندا تەریک کەوتوە و نازانرێت لەژێر چ کاریگەریەکدا بڕیار دەدرێت، هەر بۆیەش لەزۆربەی ڕوداوە سیاسیەکاندا پێگە و هەڵوێستی گۆڕان ناڕون و ناجێگیر و تەماویە، گۆڕان ئێستا لەبازنەکانی گوتارێکی سیاسی چەقبەستوی بێ کاریگەردا دەخولێتەوە بێئەوەی بتوانێت دیدگایەکی ڕونی بۆ ئایندە و ئەڵتەرنەتیڤەکان هەبێت.
خەڵکی کوردستان و جەماوەری گۆڕان بە ئومێدێکی زۆرەوە چاوەڕوان بون سەرکردایەتی گۆڕان دوای کاک نەوشیروان بەردەوام بێت لەدرێژەدان و گەشەپێدانی نمونەی حزبایەتی کە تێیدا ئامانجەکە خۆسەپاندن و پاراستنی کورسیەکان نەبێت، بەڵکو خزمەتکردن بێت.
کۆچی دوایی کاک نەوشیروان، ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان، فشاری حزبە نەیارەکان، سەختی جوگرافیای سیاسی ناوچەکە و دەستتێوەردانی دەرەکی کۆمەڵێک هۆکاری ڕۆچون و شکستی گۆڕانن، بەڵام چیتر ئەوە ناشاردرێتەوە کە پشکێکی گەورەی ئەم دۆخەی ئێستای گۆڕان دامەزراوەکانی سەرکردایەتی گۆڕان لێی بەرپرسیارن، وێرای ئەم ڕاستیە بێجگە لە داوای لێبوردنێکی درەنگ وەخت ئامادەنین دان بەشکستەکان و بەرپرسیاریەتیاندا بنێن.
کاک نەوشیروان سەلماندی کە سیاسەت لەم چەرخەدا بە سەرکردایەتیەک ناکرێت ڕارا بێت لە بیرکردنەو و دیدگا و ستراتیژی سیاسیدا، مەخابن دوا خۆی دەرکەوت نەبونی بڕیاری یەکلاکەرە و ڕۆشن و چەسپاو سەرتاپای ژیانی گۆڕانی لە زۆر بواردا گرتۆتەوە.
جەماوەری بە ئەمەکی گۆڕان!
مەترسی شکستی گۆڕان لەوەدایە چەندین نەوە نائومێد دەکات لە تێکۆشان و کارکردن بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی کوردستان و داڕشتنی بنەماکانی ئایندەیەکی گەش بۆ میللەتەکەمان. لە ئێستادا دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێک کەخودی پرۆژە سیاسیە گەورەکەی کاک نەوشیروان یش لە سایەی ئەو دۆخەی ناو گۆڕان و بە دەستی هەندێک لە هاوڕێکانی و نەیارەکانی لە دەرەوەی گۆڕان لە مەترسیدایە.
ئێمەی هەڵسوڕاوانی بەشدار لە کۆبونەوەکە و بێگومان ئەوانەشی نەیان توانیوە بەشداربن هاوڕاین کەبەشێکی گەورە وکاریگەرین لە خەمخۆرانی پرۆژەی گۆڕان، لەو ڕوانگەیەوە ڕێککەوتین لەسەر داڕشتنی پرۆژەیەکی چاکسازی و گۆرانکاری لە ناو گۆڕاندا کە لەماوەیەکی کورتدا دەیخەینە بەرچاوی دامەزراوەکانی گۆڕان و جەماوەرو گۆرانخوازان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان..
لاهای
#21-10-2018#