ئەمەش نەقڵێکی لە مێژ و کۆنە
پاداران بگرە، بێ پا ئی خۆنە [1]
ئی خۆنە= هی خۆمانە
ئەم پەندە مەبەستی لەوەیە کە شتە گرنگەکان پێش بخرێن، چونکە شتە ئاسانەکان مسۆگەر بەدەست دێت. چیرۆکێکیشی لەسەرهاتووە.
واتا: ئەوەی لەدەست دەچێت مسۆگەربکە ئەوەی کە ناڕوات وای دابنێ لە دەستخۆماندایە. (زریان سەرچناری).
پێشوان لەسەر چیرۆکی ئەم پەندە دەڵێن: کابرایەک لە هەورامان دەچێتە ماڵی برادەرێکی، خاوەن ماڵ لە تورەکەیەکدا مێوژی هەڵگرتووە و بۆی دێنێ و دایدەنێ، لەگەڵ مێوژەکەیا چەندین قالۆنچەی تیایە کە دەجووڵیەنەوە، خاوەن ماڵ دەڵی: پادارەکان بگرە، بێ پاکان هی خۆمانن.
شێخ محەمەدی خاڵ لەسەر چیرۆکی ئەم پەندە بەم شێوەیە دەڵێ: کابرایرکی لادێیی ترێ ڕەشکە هەڵدەخات، بۆ ئەوەی بیکا بە مێوژ پاشان لەگەڵ ژنەکەیدا ئەچێ کۆیان بکاتەوە، تەماشا ئەکا قالۆنچەی ڕەشی زۆر پێوەنیشتووە، قالۆنچەکای ئەیانەوێ بڕۆن، کابرا وادەزانێ مێوژن، بۆیە دەڵێ: پادار بگرە، بێ پێ ماڵێ وێمانە. واتە: ئەوانەی ئەڕۆن بیانگرە، ئەوانەی ناڕۆن هی خۆمانن. [2]