حامید فەرەج نوسەرو ڕوناکبیرێکی دیاری کوردستانە و بەیەکێک لە بناغەدانەرانی ئەلف و بێی کوردی دائەنرێت و لەناوەڕاستی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا کتێبێکی ئەلف و بێی کوردی بۆ پۆلی یەکەمی سەرەتایی دانا کە بووە بناغەیەک بۆ ڕێنووسی نوێی کوردی .
حامید فەرەج سلێمان بەگ ناوی تەواوی ئەم ڕوناکبیرەیە و ساڵی 1911 لەگەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایک بووە.
لەسلێمانی و بەغدا خوێندوویەتی و ئەیلولی 1934 خانەی مامۆستایانی بەغدای تەواو کردووە و هەمان ساڵ لە قوتابخانەی ئەیوبییەی سلێمانی بەمامۆستا دامەزراوە و وانەکانی کوردی و وەرزشی وتۆتەوە.
ساڵی 1935چۆتە مەدرەسەی عەسکەری شاهانە و تەواوی کردووە و بووە بەئەفسەر و دواتر خولی ئەفسەرانی پۆلیسی تەواو کردووە و وەک ئەفسەر و بەڕێوەبەری پۆلیس لەشارەکانی کوردستان و عیراق خزمەتی کردووە.
دوای خانەنشین بوونی کاسبی کردووە و دوکانی ئامێرەکانی کارەبایی هەبووەلەشاری بەغدا.
حامید فەرەج سەرباری ئەوەی کە وەک مامۆستا و ئەفسەر خزمەتی کردووە.
پیاوێکی خوێنەوار و ڕوناکبیر بووە و بایەخی زۆری بەزمان و ڕێنووسی کوردی و کایەکانی تری ڕۆشنبیری داوە.
یەکێک بووە لەو کەسانەی مامۆستا برایم ئەحمەد پرس و ڕاوێژی پێکردووە بۆ دەرکردنی گۆڤاری گەلاوێژو ئەمیش پشتیوان وهاوکارێکی دڵسۆزی بووە.
مامۆستا حامیدفەرەج بەرهەمەکانی لە(گەلاوێژ، هاوار، ڕۆشنبیری نوێ ) بڵاو کردۆتەوە.خاوەنی دوو کتێبی چاپکراوە کە ئەمانەن(ئەلفوبێی کوردی-1936، ڕێنوسی کوردی لەسەدەیەکدا-1976).
پێنج دەستنوسیشی لەپاش بەجێماوە کە نوسینی خۆی و وەرگێڕانن.
حامید فەرەج لەبواری زمان و ڕێنوس و ئەلف و بێی کوردیدا خزمەتی زۆری کردووە و کتێبی ئەلف و بێی کوردی کە ساڵی 1936 نوسیویەتی بەداهێنان و دەستپێشخەرییەکی گرنگ بۆ خوێندنی سەرەتایی دائەنرێ و بووە بناغەیەک بۆ ئەوەی دواتر مامۆستا ئیبراهیم باڵدار سوودی لێوەربگرێ و لەساڵی 1948ئەلف و بێیەکی جوان و پاراو بۆ زمانی کوردی دابنێ .
بەداخەوە ئەم نوسەرو ڕوناکبیرە هەڵکەوتووەی کوردستان بەهۆی نەخۆشی دڵەوە لە 10ی مایسی 1995 بۆ دواجار ماڵئاوایی کرد و چووە ڕیزی سەروەرانی کوردستانەوە.