ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پرۆژە چاکسازیەکان بە خۆدزینەوە لە چاکسازی ناودەبات و ڕایدەگەیەنێت: لە هەرێمی کوردستان بۆشایی پرۆژە و نوقسانی نەخشەڕێگا و کارنامەمان نییه و باشترین پرۆژەش ئاساییکردنەوەی دۆخی پەرلەمان و سەروەری یاسایە.
سالار مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە نوسینێکیدا بەناونیشانی خۆدزینەوە لەچاکسازیی بەناوی پرۆژەی چاکسازییەوە، کە وێنەیەکی بۆ ڕۆژنیوز ناردووە، ڕایدەگەیەنێت: هەر کەس و لایەنێک ئەگەر بە کردار دەیەوێت چاکسازیی ڕاستەقینە لەهەرێمی کوردستانی عیراقدا ئەنجام بدرێت ئەوا زۆر ئاسانە و هیچ پێویست بەخۆ ماندووکردن و پاکێج و پرۆژەی چەند خاڵی و بڕگەیی ناکات.
سالار مەحمود، دەشڵێت:فەرموون ئەوە یاساکان، فەرموون ئەوە بڕیارە بەرکارەکان، خۆ یاساو بڕیار هێزی پابەندبوونی بۆ هەموو لایەک هەیه، ئەگەر ئەم هەموو مانۆڕی پرۆژەیە بۆ خۆدزینەوە نییە لە ئەرکە یاسایی و ئاساییەکە چییە؟. خەڵکی کوردستان لە ورد و درشتی مەسەلەکان تێگەیشتووە، نەک ڕووداو، نیازی ناو دەرونیش دەخوێنێتەوە.
هەروەها ناوبراو، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئیرادەی پێکەوە کارکردن و پێکەوە هەڵکردن و پێکەوە سازشکردنیان زۆر لاوازترە لەوەی هاونیشتمانیان لێیان چاوەڕێ دەکات، ئەگینا جەخت دەکەمەوە چی لەوە ئاسانترە هەر سبەینێ دۆخی پەرلەمان ئاسایی بکرێتەوه و یاسای سەر ڕەفەکان دەر بهێنرێت و هەموولایەک پابەند بکرێت پێیەوە، کە دڵنیام بە کەمتر لە ساڵێک دۆخ دەگەڕێتەوە دۆخی ئه و بوژاندنەوەی کە جاران هەبوو.
ئه و پەرلەمانتارەی هەرێمی کوردستان، پێشیوایە، لە هەرێمی کوردستاندا بۆشایی پرۆژە و نوقسانی نەخشەڕێگا و کارنامەمان نییه، دەشڵێت: باشترین پرۆژە، ئەوەیە، کە دۆخی پەرلەمان ئاسایی بکرێتەوە و یاسا سەروەریی ڕاستەقینە بکەنە کارنامه و بەرنامه و پابەند بن پێیەوە بەمەش هەموو هاونیشتمانیان براوە دەبن، هەموو دڵسۆزان براوە دەبن و کەمینەیەکی قۆرخکار هەندێک زیان دەکەن، ئیتر کات کوشتن بەسەو، خۆدزینەوە داد ناداو پێویست بە ڕەشنوسی ساده و پاکێج و وەرەقە بەناوی پرۆژەی چاکسازیی نەماوە[1].