#داناز عەبدولڕەحمان بابان#
2019
ئەم کتێبە لە ئامادەکردن و پێشەکی (دکتۆر #عەبدوڵڵا ئاگرین#)ەو لە دووتوێی (143) لاپەڕە پێکدێت، کتێبەکە بریتییە لە چامەی شیعری بەناونیشانی (خاتوو شەمی ئەوڵا ئاگرین)ەو بریتییە لە (80) دێڕی شیعری یەک بەدوی یەکدا هاتووەو هەر هەموویان یەک کێش و سەروایان هەیە و خاوەنی یەک ڕیتم و لەشێوەی چیرۆکێکی ئەدەبی تەواو دایە، (سەرەتا، گەیشتنە لوتکە، کۆتایی و ئەنجام) تێدا بەرجەستە بوون.
د. عەبدوڵڵا ئاگرین، لەم کتێبەدا دەڵێت: ئەم چامە شیعرییە، بەزمانێکی پاراوی تەڕو ناسکی هەست بزوێن هۆنراوەتەوەو یەک پارچەی تەواوە و کەرت پەرت و پارچە پارچە نییە، وەلێ ئەو دابەشکردنەی ئێستا بەسەر (20) کۆپلەی چوار دێڕیدا کراوە، تا مەودای پشوی ئیقاع و ئاوازی مۆسیقی شیعری بۆ ئاوازی گۆرانی بڕەخسێت. دەنا هیچ دابڕانێک لەنێوان چامەکەدا نییە!! و وەک چامەکەی نالی بۆ سالم وایە، ئەو بۆچونەی شاعیر (داناز) بۆ چامەکە دەریبڕیوە بە (20) چوار دانراوە بۆخۆی. ئەوەش بە ئەفراندنێکی نوێی شاعیر دادەنرێت، چامەکە لەڕووی بنیات و هارمونیی واتاو چێژو بینای هونەرییەوە، لەیەکەم دێڕەوە تاکو دوادێڕ. یەکێتییەکی ئۆرگانی پێکدەهێنێت و خەسڵەتێکی فەلسەفەی سەرەکی و بنچینەیی چامەکەیە کە یەکێتییەکی تۆکمە و پتەوی نەپچڕاوی سەرتاپای چامەکەی، ناخ و ڕووخساری پێکهێناوە.
ئاگرین لەبارەی شاعیریشەوە دەنوسێت: کاکە داناز عەبدولڕەحمان، شاعیرێکی لاوی تازە پێگەیشتووی، ئێستای نێو کایەی ئەدەبی جوان و نوێی کوردییە، ئەگەرچی وەک پێویست و لەچاو تواناو لێهاتوویی و بەهرەی داهێنانی نوێی شیعری لەئەندازە بەدەری، مافی خۆی نەدراوەتێ.... دڵنیام لەئایندەیەکی نزیکداو بەپێی پێوەری زانستییانە و ئیسپاتی بوونی شاعیرێتی خۆی و داهێنانی بلیمەتانەی لە زەمینەی بەرینی شیعری کوردیدا، مەنزڵێکی باڵا باڵای شیاوی بۆ خۆی مسۆگەرکردووە، هەر ئەو خەسڵەت و هەلومەرجە زانستییانەیە وایکردووە دەیان پسپۆڕی دنیای ئەدەب لە مامۆستایانی زانکۆو پڕۆفیسۆرو دکتۆرو ئەدیب و شارەزایانی شیعرو ئەدەبیاتی کوردی، ئەکادیمیانە، بەشێوازی داڕشتن و بینای شیعرەکانی ڕازی بن و لایان پەسەند بێت و دەم و دەستخۆشی و ئافەرینی لێبکەن. [1]