نووسینی: فەیلەسوفی هیندی “بەیدەبا”
وەرگێڕانی: مەودوود جەبار
پێداچونەوە: جوتیار قارەمان
چەند دێڕێک لە کتێبی (کەلیلە و دیمنە)
لە بەشی یەکەم تا چوارەم
تێبینی :— ئەم کتێبە دانایان لەبەر داناییەکەی ناوی و نەزانەکان لەبەر گاڵتە و گەپەکەی ناوی دەیخوێننەوە.
هاوڕێیەتی کەسانی خراپ وەک سواربوونی پشتی دەریایە، ئەگەر لە نوقمبونیش ڕزگارت بێت، لەترس ڕزگارت نابێت.
کەسی ژیر بە ڕاوێژ و پلان کارێک دەکات کە بە سەرباز و ئەسپیش نەکرێت.
ناکرێت پیاو لە ئاوێک مەلە بکات کە تیمساحی تێدابێت، ئەوکات گلەیی لەسەر تیمساحەکە نامێنێت.
کەسی ژیر لەڕاوێژکردن بەسەر و خواری خۆی سڵ ناکاتەوە.
زانین و شەرم دوانەیەکی لێک دانەبڕاون، هەرکامێکیان نەمێنێت، ئەوی دیکەشیان نەماوە.
ئەوەی مرۆڤ لە چوارپێ و تەواویی بونەوەران جیادەکاتەوە، چوار شتن کە پوختەی ئەم ژیانەن :— (دانایی، پاکی، ژیری، دادپەروەری)
بێدەنگ بە، چونکە ساغ و سڵامەتی پێوەیە، لەقسەی پووچیش دوور کەوەرەوە. چونکە پەشیمانی لەدوایە.
کاکڵە و پوختەی زانین بێدەنگییە ؛ چاکترین شت بۆ مرۆڤ ئەوەیە پلە و پێگەی خۆی بزانێت ؛ چاک وایە مرۆڤ لەشتێکدا قسە نەکات کە پەیوەندی بەوەوە نییە ؛ خۆت بدەیتە دەست قەدەر و کاری ڕۆژگار.
پاشای چین ئەو شتەی کەدەمەوێت بیڵێم، دەتوانم نەیڵێم و قوتی بدەمەوە
پاشای هند سەرم لەقسەکەرێک سوڕماوە کە قسەیەک دەکات ئەگەر بۆخۆی بێت، سوودی پێ ناگەیەنێت، ئەگەر دژی خۆی بێت بە قوڕیدا دەبات
پاشای فارس ئەگەر قسەیەکم کرد، ئەو دەبێتە خاوەنم، ئەگەر نەمکرد، من خاوەنی ئەوم
کەسی پەتیارە و ناهۆشمەند دەساڵاتەکەی بۆ ستەم و لەخۆباییبوون بەکار دەهێنێت، لەکاتێکدا ژیر و ئاوەزمەند بە دڵڕاگرتن و نەرمونیان خۆی بەهێزتر دەکات.
چەند سیفاتێک نابێت لە پاشادا هەبن :
توڕەبوون : کە لەهەرە نەشیاوترین سیفەتەکانە.
بەخیلی : کە نابێتە هۆی بەخشینی خاوەنەکەی.
درۆزنی : کەهیچ کەس هاوڕێیەتی ناکات.
کەس ناگات بە پلەوپایە مەگەر بە یەکێک لەم سێ ڕێگایە : هەوڵی زۆر، خەرجکردنی ماڵ و سامان، دەربەدەربوون لە پێناو باوەڕ و ئاییندا.
ئاوەز هۆکاری سەرفرازبونی مرۆڤە لەئاخیرەتدا و کلیلی هەموو خۆشبەختییەکانی مرۆڤە، کەس نییە پێویستی پێی نەبێت.
ئاوەز لەڕێگەی ئەزموون و پەندەوە زیاد دەکات.
ئاوەزی مرۆڤ لەم چەند شتەدا دەردەکەوێت : نەرموو نیانیی، خۆناسین و خۆپاراستن، گوێڕایەڵی، پاراستنی زار و چۆنییەتی درکاندنی، زمانپاراوی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، نهێنی خۆی و خەڵکیش بپارێزێت، تا پرسیاری لێ نەکەن قسەناکات.
مرۆڤ کە ستایش کرا پێویستە سوپاس گوزاربێت.
ئەوەی بە منداڵی فێری ئەدەب و دانایی دەبێت، دوایی پێوویستی بەکەس نییە.
ئەوەی فێری شتێک دەبێت سەرەتا نازانێت ئەوشتە بەکاری چی دێت، بەڵام دەازێت ئەوەی فێری بووە بە
نرخە، وەک ئەوکەسەی لە باوک و دایکیەوە سامانێکی بۆ بەجێ ماوە و دەزانێت کە چیدی پێویستی بەکەس نییە بۆ بژێوی ژیانی.
زانست بەکردەوە دادەمەزرێت، ئەو وەک درەخت و کردەوەش وەک بەروبومەکەی وایە.
خاوەن زانست کار دەکات بۆ ئەوەی سوودی لێببینێت، ئەگەر کاری پێ نەکرد ئەوە پێی ناوترێت زانا.
ئەگەر کەسێک شارەزای ڕێگەیەکی مەترسیداربێت، کەچی هەر پێیشیدا بڕوات، ئەوە شایەنییەتی پێی بوترێت نەفام و نەزان.
دەبێت سەرەتا پەند و حیکمەت فێری نەفسی خۆمان بکەین، پاشان بەسەر خەڵکیدا دابەشی بکەین.
کەسی ژیر خۆی بۆ لەدەستدانی شتێک بێتاقەت ناکات کە ناتوانێت بیگەڕێنێتەوە لەوانەیە خودا بەشتێکی باشتر بۆی قەرەبوو بکاتەوە کە هەر بیریشی لێ نەکردبێتەوە.
خودای گەورە هەمووشتێکی لەسنورێکدا ڕاگیرکردووە، هەرکەس لەو سنورەی خۆی لابدات، تووشی فەلاکەت دەبێت و ناگاتە مەبەست.
ئەوەی هەوڵ و کۆشش بۆ ئێستا و دوا ڕۆژ بدات، ئەوە گوزەرانێکی خۆشی دەبێت.
مرۆڤ دەبێت بۆ سێ شت تێبکۆشێت تا ژیانی خۆش بکات :
باری داریی
باری کۆمەڵایەتی و هەڵس و کەوتی ناو خەڵکی.
درووستکردنی ناوبانگێکی باش تا پاش مردن بە چاکە باسبکرێت.
ئەوەی سێشتێ تێدابێت کاری لەبەر ناڕوات :
تەمبەڵی.
لەدەستدانی هەل.
بڕواکردن بە قسەی هەمووکەسێک.
هەمیشە فێڵ بەسەر فێڵبازدا دەشکێتەوە و دامەنی خۆی پێ دەگرێتەوە.
ماڵ و سامان بۆ ئەوەیە پیاو بەسەلامەتی بهێڵێتەوە و دونیا و دواڕۆژ مسۆگەر بکات لە ناو خەڵکیشدا پایەیی بەرز بکاتەوە.
خەرجکردنی پارە بۆ خۆت و نزیکانی خۆت نەبێت بۆ کێ باشە، پێویستە بەشی برا و خوشک و منداڵ و خێزانی لێ بدرێت.
هەرکەس پارەی هەبێت، بەڵام لێی خەرج نەکات و بەشی کەسی لێ نەدات، وەک فەقیرێک وایە کە هیچی نەبێت، هەرچەندە پارەی لە خەزێنە هەڵگرتبێت.
بەخشین دەبێت سەرەتا بۆ خزمان بێت، هەرچەندە دووریش بن، ئیدی چ جای ئەگەر برابن.
ن:-فەیلەسوفی هند بەیدەبا [1]