ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ENKS)و پارتی یەکێتی دیموکراتی (PYD)دیدار و کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆیان بەسەپەرشتی ئەمریکییەکان بەردەوامە، لەڕووی سیاسییەوە ڕێککەوتوون و هیچ کێشەیەک لە نێوانیاندا نەماوە.
هەردوو پارتەکە لەسەر داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستان، هەڵوێستی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن، پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و چەندین پرسی دیکەی چارەنووسساز ڕێککەوتوون. کۆبوونەوەکان کە لە ماوەی ڕابردوو دەستیپێکردووە لەلایەن ئەمەریکاوە سەرپەرشتیی دەکرێت و فەرەنساش پشتگیری ئەو پرۆژەیەی ئەمریکا دەکات.
عەبدولکەریم سارووخان، ئەندامی ئەنجوومەنی پەیەدە، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە کورد ڕیزەکانی یەکبخات و کاتی ئەوە هاتووە گەڕانەوەیەکی سیاسی بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دروست ببێت و ئەو ئاستەنگییانەی پێشتر هەبوون نەمێنن.
رۆژی 26-04-2020 ویلیام ڕۆباک، باڵیۆزی ئەمریکا و یاریدەدەرەکەی لە سووریا بە جیا لەگەڵ هەشت پارتی کوردی ڕۆژئاڤای کوردستان کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (#هەسەدە#) لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بۆ یەکخستنی ڕیزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بووە.