زۆر نیگەرانین بەرانبەر گرژی و پەرەسەندن و ئۆپەراسیۆنی سەربازی و تۆپباران و بوردومانەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، کە بووەتە هۆی دڵەڕاوکێی هاووڵاتیانی سڤیل و ناسەقامگیری لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەم بابەتە تازە نییە و لە ساڵانی ڕابردوویش دووبارە بووەتەوە. هەموو جار و ئەم جارەیش قسەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەم دوو وڵاتە کردووە و نیگەرانییەکانمان پێ ڕاگەیاندوون.
ئەوان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هیچ جۆرە دژایەتیێکیان بەرانبەر هەرێم نییە و هۆکاری بوردومانەکان بوونی هێزە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانە کە لەناو خاکی هەرێم، کردەی سەربازی دژی ئێران و تورکیا ئەنجام دەدەن.
ئێستا #پەکەکە# نزیکەی پێنجسەد گوندی هەرێمی کوردستانی لەبەردەستە و ئێمە چاوپۆشیمان لێ کردووە بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت بەهۆی بوردومانەکان زیانی گەورەتر بە هەرێم دەکەوێت و شوێنەکانی تری هەرێمیش دەکەونە ژێر مەترسی.
پێویستە گشت لایەکیش لەوە تێ بگات کە خەبات و حوکمڕانی بە موزایەدات و سیاسەتی نابەرپرسانە ناکرێت. بۆیە پێشتر گوتومانە و ئێستایش دەیڵێینەوە کە ئێمە لەگەڵ خەباتی سیاسی و ڕێکاری ئاشتیانەین بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە پارچەکانی تر و ئەگەر پەکەکە و لایەنە چەکدارەکانی تر ناتوانن پابەندی بڕیار و حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان بن با شەڕ و چاڵاکییەکانیان بگوازنەوە بۆ مەیدانی ڕاستەقینەی خۆیان و چیتر نەبنە مایەی هەڕەشە و ماڵوێرانی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
#پارتی دیموکراتی کوردستان#
20ی6ی2020
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!