شەهیدبوونی چەندین هاووڵاتی سنوری پارێزگای #دهۆک# بەهۆی دوایین هێرش و پەلاماری سەربازی تورکیاوە ئیدانە دەکەین، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی هێرش و پەلامارەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هێزەکانی پارتی کرێکاران (#پەکەکە#)لە ناوچە سنورییەکان، چەندین هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بوونە قوربانی و شەهید بوون.
وێڕای ئیدانەکردنی شەهیدبوونی ئەم هاووڵاتیانە بە هۆی هێرش و پەلامارەکانی تورکیاوە، پرسەو سەرەخۆشی زۆری خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، پێمان وایە بەئەزموونی سەرجەم ئۆپەراسیۆن و شەر و لەشکرکێشی و پەلاماری چەکداری ڕابردوو، هیچ پرسێک بەشەڕ و ڕووبەرووبوونەوەی سەربازی چارەسەر ناکرێت و بەردەوامی خوێن ڕشتن لە هەر لایەکەوە بێت، ئاشتی زیاتر دوور دەخاتەوەو کۆسپی زیاتر بۆ دیموکراسیەت و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دروست دەکات.
پشتیوانی تەواوی خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و پەرلەمانین بۆ چارەسەری پرسی کورد و کۆتایی هێنان بە شەرو کوشتار و لەشکرکێشی و بوونە هۆکاری گیان لە دەستدانی خەڵکی سڤیل و سوتانی ڕەز و باخ و وێرانبوونی دێهاتەکانی هەرێمی کوردستان، داواکارین هیچ وڵات و هێزو لایەنێک خاکی هەرێمی کوردستان و سنورەکانی بۆ هێرش و پەلامار و لەشکرکێشی و تۆپباران و کەوتنەوەی قوربانی لە ناو خەڵکی مەدەنی هەرێمەکەمان بەکارنەهێنێت.
پشتیوانی ئەوەین هەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی بەهێزی دۆستانەی لەگەڵ تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بەرژەوەندیە هاوبەشەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانی وکەلتوریەکان.
#20-06-2020#