کۆمەڵیک لەو پێشێلکاریانەی دەوڵەتی تورک ئەنجامی داوە بەم شێوەیە لە ڕاپۆرتەکەدا باس کراوە:
- کورد و کەسانی ئۆپۆزیسیۆن تا ئێستا دەکرێنە ئامانج
- دەسەڵاتی ئاکەپە لە جیاتی ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دژایەتی ئەو کەسانە دەکات کە وەکو ئەوان بیر ناکەنەوە
- دەستبەسەر 14 شارەوانی #هەدەپە#دا گیراوە و قەیوم لە شوێنەکانیان جێگیر کراون
- کەمپینی پشتیوانی و هاوکاری هەدەپە ڕووبەرووی ڕێگری بووەوە
-84 کەس ڕووبەرووی ئەشکەنجە بوونەوە
- 387 کەس دەستگیر کران و سزای زیندانی بەسەر 93 کەسدا سەپێنرا
- 13 گۆڕستان هەڵوەشێنران و 282 تەرم لە کەناری ڕێگاکان بەخاک سپێردراون
- لانی کەم 70 ژن لە لایەن پیاوانەوە کوژران
- لە 93 ئیدیعانامە کە ئامادە کرابوون، 84 لەوانە لە دژی پارلمانتەران هەدەپە بوون
- کەمپەکانی خەڵکی مەدەنی بوردومان کران و تەنها لە ماوەی 10 ڕۆژدا 9 کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستدا
ئومێد دادە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند، لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ئەشکەنجان و کردەوەی خراپ زیادیان کردووە و قەدەغەی هاتوچۆ بۆ توندوتیژیەکانی هێزەکانی پۆلیس و پاسەوانەکان وەکو بیانوو بەکار هاتووە.
دادە هاوکات ڕایگەیاند، لە ماوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لەگەڵ ئەوەی حکومەت خەڵکی هاندا بۆ مانەوە لە ماڵەوە، بەڵام ئۆپڕاسیۆنەکانی دەستگیرکردنی نەوەستاند.
ئەوەش ڕاگەیێنرا کە 387 کەس لەو ماوەیەدا بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیر کران و 94 کەسیش سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.
لە بارەی بارودۆخی ناو بەندیخانەکانیش، ئومێد دادە ڕایگەیاند، ئاکەپە ژیانی لە بەنکراوان تەنگ کردووە و پەیوەندیەکانیان بە دەرەوە، سەردانکردنی کەسوکار و پارێزەرەکانیانی بە تەواوەتی وەستاندووە.
ئومێد دادە ڕاشیگەیاند، لەگەڵ ڕێگریکردن لە چالاکیە کۆمەڵایەتیەکانی بەندکراوان، هاوکات پەرتوک و ڕۆژنامەشیان پێنادرێت و تەنانەت ڕێگری لە تەداویکردنی بەندکراوە نەخۆشەکانیش دەکرێت و وتی:بە سەدان بەندکراو، بە تایبەتیش زیندانیە سیاسیەکان، لە چنگی مەرگدا هێڵراونەتەوە. ڕۆژنامەنووس، خوێندکار، پارێزەرانی مافی مرۆڤ، ئەو زیندانیانەی تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵاندایە، زیندانیانی نەخۆش، ژنانی خاوەن منداڵ و سیاسەتمەدارانی کورد بوونەتە ئامانجی جیاکاریەکی گەورە. لەو ماوەیەدا 3 زیندانی نەخۆش ئازاد کران، بۆیە هەرسێکیان گیانیان لەدەستدا. بە سەدان بەندکراویش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا هاوکات ئەوەش ڕاگەیێنرا کە لەو ماوەیەدا سیاسەتەکانی شەڕ بەرفراوانتر بوون و بەم شێوەیە باسی لێوە دەکات:سیاسەتی شەڕ کە دەسەڵات لە ناوچەکە گرتوویەتیەبەر، هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە. لەو ناوچانەی کوردی لێیە، قەدەغەی هاتوچۆ، ڕاگەیاندنی ناوچەی ئەمنی تایبەت و سەربازی، سووتاندنی دارستانەکان، کوشتن و لەناوبردنی مەڕ و ماڵات، ڕێگریکردن لە لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات، هەڵکوتانە سەر ماڵان و ئەشکەنجەدان، ئەوەیان خستە ڕوو کە دەسەڵات سیاسەتەکانی ساڵانی 1990 دووبارە دەکاتەوە.
هەروەها لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، تیشک خرایە سەر هێرشەکانی سەر باشوری کوردستان و بەم شێوەیە باسیان لەو هێرشانە کرد:لە لایەکی دیکەوە لە هەرێمی فیدڕالی کوردستان ئۆپڕاسیۆنی سەربازی دەستی پێکرد و ناوچە مەدەنیەکان بوردومان کران. بە پێی ئەو زانیاریانەی لە ڕاگەیێنراوەکاندا بڵاو کراوەتەوە، تەنها لە بەرواری نێوان 17 بۆ 27ی حوزەیراندا، لانی کەم 9 کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.
فیلیز کەرەستەجی ئۆغلو پارلمانتەری هەدەپەی شاری ئەنقەرەش ڕایگەیاند، ئەوان بڵاوکردنەوە و ئاشکراکردنی کردەوە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بە گرنگ دەزانن و وتی:ئاواتمان بونیادنانی وڵاتێکی دیمۆکرات و یەکسان و بەدیهاتنی ئاشتی و ئازادیە.[1]