نەتەوەی کورد سەدان ساڵە ژێردەستەیە. دەیان جار هەوڵی پاکتاوکردن و لەناوبردنی دراوە. بەردەوام هەبوونی لەژێر هەڕەشەدا بووە. نکوڵیی لە زمان و کلتورو ناسنامەی کراوە. تەنیا شتێک کە هێشتوویەتیەوە ڕۆحی بەرخۆدان و بەرگریی بووە. ئەم هەستی بەرخۆدانە بە ڕەگ و ڕیشەی خەڵکی کوردستاندا ڕۆچووە. ئەوە هەلەیە گەر بڵێین تەنیا چیاکانی کوردستان کوردیان پاراستووە. ئەوەی کوردی پاراستووە، بەردەوام گیانی بەرخۆدان بووە. کورد لە چیاو دەشت و بیابانیش هەر بە گیانی بەرخۆدان خۆی پاراستووەو و درێژەی بە مانەوەو بوونی ئیتنیکی خۆی داوە. کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، لە #گەرمیان#ی باشوورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە باکوری کوردستان، لە میسرو ئوردون و یەمەن و هەرجێیەکی ئەم دنیایەدا بن، لەبەرامبەر هەوڵی تواندنەوەو نەمان، بەرخۆدان و بەرگرییان کردووە. بەرخۆدان ئەو گیانەیە کە ئێمەی کوردی گەیاندە ئەمڕۆ و دۆستانی کوردو مرۆڤدۆستانی دنیاشی هێنایە سەر خەت.
ئێستاش لە هەفتانین و #قەندیل# و هەموو ئەو هەرێمانەی دەولەتی تورکیا هێرشیان ئەکاتە سەر، هەر ئەو ڕۆحی بەرخۆدانەیە لەبەرامبەری ڕاوەستاوە. دەوڵەتی تورکیا هەر لەسەرەتای درووستبوونیەوە بۆ چەندەمین جاربە هەموو تواناو تەکنۆلوژیا سەربازییەکەی، بە هەموو کەناڵە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووییەکانی. بە یارمەتی هەموو جاسوس و بەکرێگیراوەکانی، بێ پسانەوە هێرشی کردۆتە سەر خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی. بەڵام گیانی بەرخۆدان و بەرگریی، سەرەڕای هەموو سەختیی و قوربانیەک، شکستی بە سیاسەت و شەڕی قڕکردنی کورد هێناوەو خەڵکی کوردستانی لەسەرپێ ڕاگرتووە.
بەرخۆدان لە هەفتانین و هەموو ئەو دەڤەرانەی دی کە حکومەتە فاشیستەکەی ئەردۆگان داگیری کردوون، چەکی هەرە بەهێزی شۆڕشگێڕان و جەنگاوەرانی ئازای و خەڵکی کوردستانە. هەر ئەو چەکە بە هێزەشە کە لە زۆر شوێن هێرشەکانی تێکشکاندووەو توانای فڕۆکەو تەکنۆلۆژیا سەربازییەکانی فاشیزمی تورکیای سنووردارکردووە. ئەوەتا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هێرشەکان تێئەشکێن و هێزی داگیرکەرو قڕکەر لە پاشەکشەدان.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هەموو توانامانەوە پشتگیریی بەرخۆدانی هەفتانین و هەموو دەڤەرەکانی دی ئەکەین. ئەو بەرخۆدان و تێکۆشانە بە بەشێک لە ئەرکی نەتەوەیی خۆمان ئەزانین. سڵاوی گەرمی تێکۆشان بۆ هەموو بەرخۆدەران و بەرگرییکاران ئەنێرین. سەری ڕێز بۆ هەموو گیانبەختکردوانی ئازادی دائەنەوێنین.
هەروەها وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کوردستان داوا لە خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانیەوە ئەکەین، پشتگیریی لە بەرخۆدانی هەفتانین بکەن. بەهەر شێوازێک بۆیان ئەلوێت بێنە دەنگ و ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارەکانی دەربڕن. ئازادی و سەرفرازیی خەڵکی کوردستان تەنیاو تەنیا لەدەست خۆیان و خەباتکارانیاندایە. ئێمە دڵنیاین خەڵکی کوردستان هەرگیز شۆڕشگێڕانی ئازادی بە تەنیا جێناهێڵن.
داوا لەسەرجەم پارت و ڕێکخراو و هێزە کوردستانییەکانیش ئەکەین هەڵوێستی جدی بنوێنن و لەبەرامبەر ئەم هێرش و داگیرکاریانەدا بێنە دەنگ. بە دڵنیایی ئەو هێرش و پەلامارە ئەوانیش ئەگرێتەوەو دەستکەوت و بەرهەمی تێکۆشان و خوێنی هەموو شەهیدان ئەخەنە ژێر هەڕەشەی تێکدان و لەناوبردنەوە.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی دی پشتگیریی خۆی بۆ بەرخۆدانی هەفتانین دووپات ئەکاتەوە. هەموو کەناڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی خۆشی لەو بوارەدا ئەخاتە گەڕ. سەرەکەوتن هی خەڵکی بەرخۆدەری کوردستانە.
#17-07-2020#