بابەت: زمانەوانی
ئامادەکردنی بۆ گرووپی زمانی ستانداردی کوردی: #سۆران# حەمید
لە پەرتووکی (#پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن#) ی (#نەوشیروان مستەفا#) ەوە.
-گەنم بە مادەیەکی ستراتیجی دائەنرێ بۆ ژیانی مرۆڤ, و هەبوونی لە وڵاتدا, بە ئەندازەی کافی ژیانی دانیشتووان, یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی دابینکردنی (ئاساییشی خۆراک) , کە ئەویش کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی (ئاساییشی نەتەوەیی) ە.
پێش ئەوەی مەکینەی جووت و دروێنە و ئاشی ئاگر دابێ, بەرهەمهێنانی گەنم, کارێکی سەخت بوو.
زەوی بۆ ئامادە ئەکرا. ئەرز ئەگەر چەند ساڵێک بێ نەکێڵرا, بێ پێی دەڵێن (بەیار) .
خالصی بە شێخ مەحموود دەڵێت :
بەیار کێڵان و گای لەڕ ,پیر و کچ خواستن, ژن و تەدبیر
سەگ و جۆ, ئەسپ و ئێسقان, جرج و ناو کانی
ئەگەر یەک ساڵ بێ نەکێڵرابێ : (بور) و, ئەگەر یەکجار کێڵرابێ (شێف)
پێشینان وتوویانە : (شەڕ لە شێف و ئاشتی لە خەرمان)
ئەگەر دوو جار کێڵرابێ : (وەرد) .
ئەرز بە گاجووت یان بە دوو ئێستر ئەکێڵرا. دەزگای جووت پێکهاتبوو لە (گاسن) کە لە ئاسن درووست ئەکرا, بۆ کێڵان, و بە (هەوجاڕ) دەبەسترا بە (مژان) و مژانیش بە (ویژانبەر) دەبەسترا بە (نییر) ەوە, نییر (نییل , نێڵە) (کەڵەمە) ی ملی گاکانی بە یەکەوە دەبەست. جووتیار بە (نەقیزە) گاجووتەکانی لێ ئەخوڕی و بۆ هاندانیان هۆ هۆ ی لێ دەکردن. پێشینان وتوویانە : (هۆ هۆ حساب نییە , کۆ کۆ حسابە) .
داچاندنی گەنم, پشت بە باران دەبەستێ. پێشینان وتوویانە : (چی بچێنی ئەوە ئەدووریتەوە) . دوای (وەشاندنی تۆو) , چاوەڕوانی بارانی پەڵە ئەبوون. ئینجا گەنم (چەکەرە) دەکات و سەر دەر ئەهێنێ. پێش ئەوەی گوڵ بکات, پێی دەڵێن: (قەرسیل) , هەندێک جار کارژۆڵە و بەرخۆلەی بۆ لەوەڕ تێ دەکەن. گەنم (پنج) ی لە خاکدایە و (سروت) لاسکەکەیەتی و (گوڵ) ئەگرێت. پێشینان وتوویانە : (بەهۆی گوڵەگەنمێکەوە, چەندین گوڵەمرۆر ئاو ئەخواتەوە) . سەری هەموو دەنکێکی (داسو) یەکی پێوەیە.
ئەگەر باران بە ئەندازەی پێویست ببارێ و خاکەکەی (ڕێژەن) و بە (پیت) بێ , ئەو ساڵە (هات) دەبێت و گەنم بە (بڕشت) ئەبێ. بڕشت لە بڕین داتاشراوە. گەنم یەک و دە, یان زیاتری بڕیوە. ئەگەر باران لە ئەندازەی پێویست زیاتر ببارێ (ژەنگ) لە بنجەکەی دەدات. ئەگەر لە ئەندازەی پێویست کەمتر ببارێ, یا ئافەتی بۆ بێ , وەکوو سون و کیسەڵە (شیر) ەکەی ئەمژن و دەبێت بە (کوێرو) و یان کوللە هەمووی ئەخوا, ئەو ساڵە نەهات ئەبێ.
ئەگەر زوو داچێنرابێ و زوو گەورە بووبێ (هەراش) ە, و ئەگەر درەنگ داچێنرابێ و درەنگ گەورە بووبێ (کۆرپە) یە.
بۆ ئەوەی لە چاوەزار بە دوور و, لە زەرەری ناحەز و نەیار پارێزراو بێ , قورئان لەناو پەڵەی گەنمەکەدا هەڵئەواسرا و, بۆ ئەوەی چۆلەکە و مەلی زیانەخۆری لێ دوورخەنەوە, (داهۆڵ) یان دائەنا. داهۆڵ زەلامێکە لە پەڕۆ درووست ئەکرێ.
کەپێ ئەگەیی, دروێنە ئەکرا. بۆ دروێنە, خاوەنی گەنم هەندێک کەسی بە کرێ دەگرت, پێیان ئەوت: (پاڵە) یان (مزور) . پێشینان وتوویانە: (لە بێکەسیدا , ڕەجەب سەرپاڵەیە!) .
یان لەگەڵ یەکێکا ڕێک دەکەوت , تا لە هەڵگرتنی خەرمان ئەبنەوە کاری تێدا بکا, بەرانبەر بەشێکی بەرهەمەکەی. پێیان ئەوت : (سەپان) . پێشینان وتوویانە : (شا بە سەپانی خۆی ڕاناگرێ) هەروەها (داس لە سەپان ئەشارێتەوە !) هەروەها (خزمی خەزووری سەپانی لەتکە هەرمێی ماڵی شێخە !) .
گوڵە گەنم, کە تازە پێ دەگات و هێشتا فەریکە, هەندێکی لە ئەدروون و بە ئاگر هەڵیئەپروزێنن, دەبێت بە (گوڵەپرووزە) (قەرەخەرمان) .
(دروێنە) بە کۆمەڵا (گەلەدرەو) یان بە تەنیا ئەکرا. (درەو) بە دەس و بە (داس) ئەکرا. درێنەکەر بۆ ئەوەی دەستی بریندار نەبێت (قەیغان) لە دەست دەکرد و بۆ ئەوەی خۆر کاری تێ نەکات (کڵاوقۆری) لەسەر دەکرد. قەیغان لە ئاسن و کڵاوقۆری لە ئاسن درووست ئەکرا. لە کاتی دروێنەدا سەپان, هەر قولی گەنم کە بە داس ئەبڕێ لە شوێنی خۆیدا لەسەر ئەرز دائەنێ, پێیان ئەوت : (گۆلم) یان (سواڵە) , دوای ئەوەی چەند گۆلمێکی ئەبڕی, کۆی دەکردەوە ئەبوو بە (مەڵۆ) , چەند مەڵۆیەکی کۆ دەکردەوە ئەبوو بە (شارا) . گۆلم چەپکێکە بە دەس و مەڵۆ بە باوەش و شارا بە کۆڵا هەڵ ئەگیرێ. لە شاراکانەوە بە کۆڵ (کێشە) دەکرێت بۆ سەر (خەرمان) . لە هەندێک ناوچە, بە خەرمان دەڵێن : (جۆخین) .
جێگای خەرمان لەسەر ئەرزێکی ڕەق ئامادە ئەکرا و خاوێن ئەکرایەوە و (کرشە) کان بە خڕی هەڵدەچنران.
(گێرە) بە گا یان بە ئێستر یان بە جەنجەڕ ئەکرا. جەنجەر بە ئێستر ڕائەکێشرا. ئەگەر گێرە بە گا بکرایە, سێ تا چوار گایان بە تەنیشتی یەکەوە دەبەستەوە و (گێرەوان) بە نەقیزە لێی ئەخوڕین. ئەو گایە لە ناوەڕاستی خەرمانەکەیا بە کۆڵەکەیەوە بەستراوەتەوە, پێی دەڵێن : (گای بنە)
حاجی قادر, لە باسی سوڵتان عەبدولحەمیدا دەڵێت :
حاکمی ڕێگری مەعموورەیە, قازی دزی ڕۆژ
وزەرا و کەلا گورگن, ڕەعییەت گەلەیە
بۆ ڕەعییەت ئەمە, ئەم گیرە و دەرەکەی داناوە
زەجر و تەوبیخی مەکە, چونکی خەتای (گای بنە) یە!
گای بنە, ئەگەر ڕاهاتوو بێ باش گێرە دەکات , و ئەگەر خراپ بێ گێرەکە ئەشێوێنێ. (گێرەشێوێن) لەمەوە داکەوتووە.
شوکری فەزڵی بە شێخ مەحموود دەڵێت :
گێرەشێوێنێ کە کای کۆنی بە بادا لە کنت
چاکە هەر لێی خوڕی, سەیری دەم و کاوێژی نەکەی!
بە زەلامی زۆرخۆر و بەهێز بەڵام بێ بەرهەم دەڵێن : (دەڵێی گای گێرەنەکەرە!) .
کێشە و گێرە, دوو کری سەخت و ئاڵۆز و ماندوکەرن. بۆیە ئەگەر کارێ دژوار بێ, دەڵێن (گێرەو کێشەی زۆرە !) .
دوای ئەوەی خەرمان کوترا و , دان و پووشەکەی لەیەک جیابووەوە, دەکرێت بە (تارم) ئێواران بە فێنکی کە (بای شەماڵ) هەڵی کرد, (شەن) ئەکرا. پێشینان بۆ پیاوی هەڵپەرست وتوویانە : (لە هەر لایەکەوە با بێ , ئەو شەن دەکات !) . شەن وەکوو پەنجەکانی دەست لە شوولی دار یان ئاسن درووست ئەکرا, و دەسکێکی درێژی هەبوو. کوتراوە ئەدرایە بەر با, دانەکەی قورسە لە شوێنی خۆیدا بەر ئەبووەوە و خەرمانەکە (سوور) ئەبوو و (کا) یەکەی سوکە, با ئەیبرد و دوور دەکەوتەوە. پێشینان وتوویانە : (لە سووری دۆڕاندووە, ئەیەوێ لە لابای تێهەڵێنێتەوە !) لابا ئەو گەنمەیە کە با توێکڵەوە بردوویەتی,
گەنم بە جیا و کا بە جیا خەرمان ئەکرا. گەنمە بۆ ئەوەی ئەگەر دزی لێ دەکرێت دیارێ و تا ئەگوێزرێتەوە بە تەختەیەکی لووسی پان (شەقڵ) ئەکرا.
هەر لەسەر خەمانەکە لە پێشدا بە (کەو) (: گڵگیر, سەرەوەن) گێژاویانە, گڵمتک و نەکوتراوەکەی لێ جیا ئەکرایەوە, ئینجا جارێکی تریش بە (بێژنگ) قەلبیر) ئبیژرایەوە, بۆ ئەوەی (سەرەکۆزەر) ەکەی بگرن. پێشینان وتوویانە : (قسە بیگێژە, بیپێژە, ئینجا بیوێژە!) . گڵگیر شاشترە لە بێژنگ,. پێشینان وتوویانە : (بەری ڕۆژ بە بیّژینگ ناگیرێت) .
حەریق لە ستایشی شێخی بورهاندا دەڵێت :
بۆ کەناری سەوزەیی دەوری گوڵی ڕوت شین دەکەم
خاکی کۆی عیشق بە بێژنگی سەرم گێژایەوە
دوای پاککردنی, ئەپێورا. گەنم بە (ڕبە) و (تەغار) ئەپێورا. بۆ ئەوەی بە چاوەوە نەبێت, ژمارەکەیان لەگەڵ ناوێکی پیرۆزدا لێک ئەدا. بۆ نموونە لە ڕبەی یەکەمدا ئەیانوت : (یەک هەر خوایە) و لە ڕبەی چوارەمدا ئەیانوت : (چوار یاری پێغەمبەر) ئیتر بەم جۆرە.
گەنم بە (تێڕ) و (هۆڕ) و (جەواڵ) ئەگوێرایەوە بۆ ماڵ و , کا بە (ڕەشکە) ئەگوێزرایەوە بۆ (کادان) و تەرخان ئەکرا بۆ ئالیکی ئاژەڵ و وڵاخ. پێشینان وتوویانە : (ئەوەی لە مشک بێت, جەواڵ ئەدڕێ!) بۆ زۆر خۆری هەوانتەچی دەڵێن : (ئەگەر کاکە هیی خۆت نییە, کادانەکە هیی خۆتە!) بۆ کاری بێ هودە دەڵێن : (کا لە پوش ئەبژێرێ) بۆ هەڵگیرسێنەری شەڕ و فیتنە دەڵێن : (ئاگری بن کایە) بۆ یەکێک شتی خەڵکی خەڵکی بە خۆڕایی ببەخشێ دەڵێن : (خەنجەر لەکا دەدا !) .
گەنم هەندێکی هەڵئەگیرا بۆ (بنەتۆو) ی وەرزی داهاتوو و , هەندێکی ئەکرا بە (ساوەر) و هەندێکی بۆ خواردنی خۆیان ئەکرایە (کەندو) یا (چاڵ) و هەندێکیشی دەفرۆشرا.
بۆ هاڕین, ئەبرا بۆ ئاش. ئاش بە ئاو ئەگەڕا. ئاشەوان لە نرخی هاڕینیدا, پارەی نەئەسەند, بەڵکوو (مزە) ی وەردەگرت. مزە بەشێکی دیاریکراوی (باراشە) ەکە بوو, گلی ئەدایەوە. پێشینان وتوویانە : (ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێ !) , هەروەها : (ئاشی نەزان خوا ئەیگێڕێ) , هەروەها : (ئاش بە نۆرە ئەگەڕێ !) .
ئارد بە (هێڵەک) ئەبێژرایەوە و (کەپەک) سۆس) ی لێ ئەگیرا.
نالی دەڵێت :
دەورانییە, وەک هێڵەکی سەودا, سەری گێژم
بۆیە بە دەقیقی مەسەلە هەرچی دەبێژم
ئارد بۆ نان کەپەک تەرخان ئەکرا بۆ وڵاخ. لە ئاردی (بە پێز) نانی باش و لە ئاردی (بێ پێز) نانی خراپ درووست ئەکرا.
[1]