قوماش 99
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
گەیشتینەوە هەولێرێ و لەسەر جادەی کەرکووکێ لە بەرامبەر گەراجی دابەزین، ماری سەفینی تەلەفۆنیان هەبوو، ژمارەی تەلەفۆنی خۆی دامێ و ئەمنیش ئی ماری عەبدوڵلای مام سەعیدم دایێ کە ئامۆزای بابمە و جیرانیشمان بوو، وەبی پەیوەندی پێکدی بکەین و ئاگامان لێکدی هەبی، خواحافیزیمان لێکدی کرد و ئەو چۆوە کوران و ئەمنیش سواری تەکسیەکی بووم و بەڕێکەتم لۆ مارێ لەلای خەستەخانەی جمهوری، گەیشتمەوە مارێ، گەیشتمەوە مارێ و لە دەرکەم دا، داکم دەرکەی کردەوە، وەکی چاوی بەمن کەت شاگەشگە بوو، لە باوەشی گرتم و تێر تێر ماچی کردم، چوومە ژۆرێ، دیتم بابم لەبن بەتانیە، ڕنگەک لەدرم وەهات، غارمدا دەستم ماچ کرد، دوو سێ ماچی لێکردم، گۆتم: خێرە بابە؟ گۆتی: چشتەکی وەها نیە کوڕم، پشتم ئازارەکی تێدایە و دختۆر گۆتی: دەبی ئیسراحەتەکی بکەی، گۆتم: ئەدی داوو و دەرمان هیچی لۆ نەنووسی؟ گۆتی: بەرێوەڵلا کوڕم، دوو سێ نەوعە حەبی لۆ نووسیمە لەگەر شەش دەرزی دوو ڕۆژ جارەک شێرۆی جیرانن دێ لێم دەدا، گۆتم: چادەبی ئیشاڵلا و خوا شفات بدا، گۆتی: دیارە ئیجازەیان داییێ؟ گۆتم: وەڵلا هەم ئیجازەیە و هەم نەقریشە! داکم گۆتی: ئەی کۆرەبم، لۆکێ نەقر کرای؟ گۆتم: لۆ ناسریەی! بابم گۆتی: کوڕم، ئەمن باش دەزانم لە حەفتەکی زیاتر لە ناسریەی ناتهێلنەوە، ڕاست ڕەوانی شەڕیت دەکەن، دەوجە لەمارێ لێ پاردەوە هەتا لایەک بە لایەکی دەبی، گۆتم: ئەتوو برێی ئێکەک خەبەرم لێنەدا و نەگیرێم، دەرێن ئەوەی فیراربی و بگیرێ یەکسەر ڕمی دەکەن! گۆتی: کوڕم ئەگەر زانیمان وەزعەکە باش نیە، بڕۆ شاوێسی و خۆ لەمارێ باپیرت مات کە، هەتا لایەک بە لایەکی دەبی! داکم گۆتی: دە هەستە ئەو جلکانە دانێ بابیانشۆم و ئەتوو ئاوەکی بەخۆت داکە، با پارە نانەکیشت لۆ حازرکەم، گۆتم: ناوەڵلا دایە نانی ناخۆم جارێ، لە توزخورماتووی نانم خواردیە، هێوارێ پێکەوە پارە نانەکی دەخۆین!
خۆم شووشەت و ئسراحەتەکم کرد، جیرانەکان دەهاتن لۆ بەخێراتنەوەم، جیرانەکان هەموویان دەیانگۆ: کاکە مەڕۆوە عەسکەری فیرارکە، وەڵلا لەو شەڕو هەرایەی قورتاربوونت زەحمەتە، نیوەی ئەو خەرکەی فیرارە و خۆی مات کردیە، هەر ئەوەندەیە لە مارێ مێ دەرێ و تەواو! باب و داکیشم هەر ئەو ڕەئیەیان هەبوو، ئەمنیش لەسەر قسەی وان ئەو بڕیارەم دا.
ڕۆژی پاشی سعات دەی بەیانی موختار لە دەرکەی دا، هاتە ژۆرێ و لە حەوشێ لەسەر کورسیەکی دانیشت، گۆتی: دیارە ئیجازەی؟ گۆتم: بەرێ، ئیجازەکەم پیشان دا، گۆتی: زۆر باشە، لۆ کێ نەقربووی؟ گۆتم: ئەوەش کتابی نەقری، تەماشای کرد و گۆتی: خۆ دەچیەوە عەسکەری؟ گۆتم: ئەدی خۆ فیرار ناکەم! گۆتی: عەلاکوولین ئەمن هاتیمە تەبلیغت بکەم فیرار نەکەی، ئەگەر نا ناوت دەدەمە دائیرەی ئەمن و دەرێم فیرارە، دوایێ گلەییم لێنەکەی، چونکە گازم دەکەن و لێم دەپرسن، ئەمنیش دەبی ڕاستیەکەی برێم! گۆتم: خەمی هەندێت نەبی، گۆتی: ئەوجە ئەمن دەبی بڕۆم، بابم گۆتی: نیوڕانێ لێرەبە، کفتەکی خۆشمان لێنایە، گۆتی: مەمنون، دەبی هەتا قائیمقامیەت بچم، بڕەکم ئیش هەیە، بابم گۆتی: هێوارێ بێرە دا وەرەوە هەندە گیزم لۆ هاتیە، بەشی تووشم دانایە، موختار بزەکی هاتێ گۆتی: ئای دەستخۆش، ئەگەر بەخۆشم نەهاتمەوە سەدامی کوڕم دەنێرم بیدەنێ! خوا حافیزی کرد و ڕۆیی، گۆتمە بابم: باشە ئەوە سبەینێ سەدام بڕوخێ، دەبی چ لەناوی ئەو کوڕەی بکا، بابم گۆتی: سەهلە، دەیگۆڕی و دەیکاتە شۆڕشگێڕ!
دوو ڕۆژ پێش ئەوەی ئیجازەکەم تەواوبی، لەگەر سەفینی بە تەلەفۆنی قسەمان لەگەر ئێکدی کرد، گۆتی: عەسرێ وەرە لای بازاڕی، ئەمنیش دێم با ئێکدی ببینین، گۆتم: زۆر باشە، ئیشاڵلا دێم! وەختی عەسرێ شۆڕ بوومەوە لۆ بازاڕی، لە جادەی باتەی سەفینم دیت، چاک و چۆنیم کرد و دەستمان بە پیاسەی کرد، گۆتی: بڕیاری چت دایە؟ گۆتم: لە مارێ دەرێن مەڕۆوە، چونکە هەر بڕۆیەوە ڕەوانەی شەڕیت دەکەن، گۆتی: وەڵلا ماری مەش وەدەرێن، لۆیێ ئەمن بە گێی مارێ دەکەم، گۆتم: وەڵلا ئەمنیش هەروەها، خۆ مات دەکەین لەمارێ، بزانین وەزعەکە چی دلێدێ!
هەتا بەرەبەری مەغریبێ پیاسەمان کرد، پاشان خواحافیزیمان لێککرد و ئەو چۆوە مارێ و ئەمنیش هەرئەوها، شەوێ لە مارێ دنیشتبووین، دوو سێ جیرانیش هاتبوونە مارێمە، دختۆر شێرۆش خەریکی دەرزی حازر کردنی بوو لۆ بابم، گۆتیە من: ئەرێ بە تەمای چبکەی، دەچیەوە عەسکەری یان نا؟ گۆتم: بەڕەئی توو چبکەم؟ گۆتی: بە گێی من دەکەی ناچیەوە، خۆت بگەینە موستەشارەکی و خۆت لەکنەوی قەیدکە و ببە جاش، با سەرە مانگان عەدەم تەعەڕوزەکت لۆ بکا و معاشەکەی توو لۆ وی بی! گۆتم: یەعنی ببمە جاش؟ شێرۆ گۆتی: ئا ئا، ئەدی نارێن جاشایەتی و پاشایەتی! گۆتم: پاش ئەو هەموو گیران و لێدان و تێهەردانەی، پاش ئەوەی لە بن گوریسی سێدارەی قورتارم بوو، بچم ببمە جاش! گۆتی: کورە قابیلە دەبیە جاش هەتا پێشمەرگەی بکوژی، ئەتوو خۆت مات دەکەی و تەواو! گۆتم: وەڵلاهی دختۆر شێرۆ ئەو ئیشەی ناکەم، جاشاتی بەمن ناکرێ، بابم گۆتی: هێشتا بڕیارمان نەدایە چبکا و چنەکا، لۆیێ جارێ زووە باسی جاشاتی بکەین! شێرۆ دەرزیەکەی لەبابم دا و گۆتیە من: لۆ نایێی بچینە ماری قادر قرپەستوری، گۆتم: لۆ؟ گۆتی: وەڵلا وا سنیان دانایە و چاوەڕێنە بچم و دەست بە دۆمینەی بکەین، گۆتم: ناوەڵلا ئەمن نایێم، ببورە، گۆتی: باشە بەمن نارێی ئەتوو لۆ دەژی؟ نە دۆمینەی دەکەی، نە تەماشای فلیمی ئیبراهیم و غەواری دەکەی، نە بەهاران دێیە ناو شێست مەتری کەلایانێ بکەی، هەر بڕۆ پەڕە قاقەزان بخینەوە سەرلووس! داکم گۆتی: دەی دەی قوون کەتی، بزانە ئەو کوڕەی فێرە ئەو بلعاتە قۆڕانە ناکەیی و ئەخلاقی تێکەدەی! شێرۆ ئەعسابی نەما و هەتا مست گرتی لە عاردی دا، گۆتی کوو ئەتوو بوویە قاندڕی من، خۆ ڕەنگ نیە قسەکی بکەم، دەبی ئیللا تەدەخول بکەی! بابم پێکەنی و گۆتی: قبور ناکەم کەس دری دختۆر شێرۆی بشکێنی، ئەو گەڕەکە بەوی خۆشە! شێرۆ گۆتی: ئەگەر لە داخی دایە عاجی بارم نەکرد ئەمن دختۆر شێرۆ نیمە! گۆتم: ئەوجە ئەگەر ئەتوو بارکەی ئەمە پاشی توو کوو لەو گەڕەکەی دەمینێین، وەڵلا دختۆر شێرۆ دختۆر شێرۆیە و هەر دختۆر شێرۆش دەبی!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!