تەوسەکانی بەهرام
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
کاتێک تەمەنم نەگەیشتبووە بیست، من ئاشق بووم. ئاشقی کچێکی کشاوەی نەشمیل. کە پێدەکەنی، ڕێگای ماڵەوەم لێ هەڵەدەبوو. لەم کاتانەدا لەپاش سەرگەردانییەکی زۆر حەزم دەکرد ڕووبکەمە سرووشت و لەوێ تەنیا لە ئاسۆ بڕوانم، ئەو شوێنەی هەتاو لێی دادەچوو. نازانم بۆ لەهەڕەتی گەنجیەتی هەمیشە لە تەنیشت ئەشقدا هەستم بە بوونی کارەساتیش دەکرد. نازانم گوناهی بزەکانی ئەو بوو، گوناهی ڕێگا لێ هەڵەبوونەکانی خۆم، یاخود سرووشت کە لەوپەڕی جوانی خۆی هەمیشە بە گوێیدا دەچرپاندم و دەیگوت لەناویدا ڕازێک هەیە من قەت ناتوانم تێی بگەم. قەت قەت.
بەڵام هاوکات، کارەساتەکە باڵای ئەشقی لابەرزتر دەکردم. هەمیشە هەستم دەکرد ئەمڕۆ و ئەم چرکەیە دەتوانێ دوواڕۆژ و دوواچرکە بێت. لای من ئەشق قووڵترین و لەهەمان کاتدا گوزەراترین مانا بوو. من هەر زوو زانیم بۆ ئەوەی ئاشقترین بیت، دەبێ زیاتر لە هەر کەسی تر هەست بە کارەسات بکەیت. بۆیە بۆ ئەوەی زووتر بەو بگەم، ڕێگای کارەساتم هەڵبژارد.
راستییەکەی ئەوەبوو هەستێکی غەریبم تیا دروست ببوو، لام وابوو بە هەستکردن بە کارەسات زیاتر لە هەر کاتێکی تر خاوەنی ئەشقەکەمم. من وەها ڕووم کردە کارەسات کە تا هەنووکەیش لە دووای ساڵانی ساڵ هەر لەگەڵمایە و دەستمان لەیەکتر بەرنەداوە. من لەمێژە بەو ئەنجامە گەیشتووم کارەسات لە ئەشق هاوڕێیەکی بەوەفاترە. ئەو وەها نیە کە تەنیا بزەیەکی لەسەر لێو بێت و ئەوجا جێت بێڵێ؛ ئەو مات و مەلوول تا دووا سنورەکانیش دێت و دێت. هەتا نووری چاوی بمێنێت!
بەهرام کە کوڕە کرێکارێکە و تازە بووە بە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیست، دەڵێ ئەشق ئەویش لە شێوەی هەرە ڕۆمانسییەکەی پیشەی کەسانی سەر بە چینی مامناوەندییە، دەڵێ بە واتایەکی تر وردە بۆرژوازی. لای ئەو، مرۆڤ کە لە باری چینایەتییەوە بنەماکەی لەرزۆک بوو، ئەقڵی کزدەبێ و خۆی زیاتر لە هەر کاتێکی تر دەداتە دەست دڵی. دەڵێ دڵیش قەت ڕێگا نیشاندەر نەبووە، بەڵکو ڕوونکەرەوەی ڕێگا بووە.
من حەزدەکەم بۆ ئەوەی ئەوەندە بەشوێن کارەساتەوە نەبم، سەر بە چینی کرێکار یاخود بۆرژوازی بم، نەک چینی مامناوەندی. دەمەوێ بە بەهرام بڵێم ڕۆژێک جێگایەکم لەناو چینەکەی خۆیدا بۆ بکاتەوە. کە پێیشی دەڵێم سەرم لێبادەدا و دەڵێ تۆ هێشتا لەو ساڵانەدا دەژی، لە زیاتر سی ساڵ لەوە پێش!
بەڕاست سی ساڵ بەسەر ئەو ساڵانەدا تێپەڕیوە؟
بەهرام دەڵێ ئیستا لە مێژە ئەندامی حیزبێکی ترە بەناوی حیزبی جووتیاران؛ خاوەن مەزرایەکی گەورە و چەندین کرێکاری وەرزێڕە و، یەکجار حەزیشی بە فیلمی پۆڕنی ئاژەڵانە. ئەوسا قاقا پێدەکەنێ و، دەڵێ بەڵام بەخۆشییەوە یەک شت لای ئەو هەر نەگۆڕاوە ئەویش ئەوەیکە ئەشق ئەفسانەترین خەونی مرۆڤە. من کە هەموو جارێک پەیامەکانی لە ڕێگای 'تێلێگرام'ەوە لەسەر موبایلەکەم وەردەگرم، ناچارم سەیری ئەو وێنەیەیش بکەم تێیدا ئاژەڵێکی نێرینە بەسەر مێینەیەکەوەیە. هەر جارەو جۆرێک لە ئاژەڵ!
من کە نازانم بەئیستای بەهرام یان ئەو کاتی باوەڕبکەم، پەیامەکەی وەک هەمیشە دەسڕمەوەو هەوڵدەدەم بە بیرکردنەوە لە شتی تر خۆم سەرقاڵ بکەم. نازانم بۆ وێنەی 'تۆلستۆی'م دێتەبەرچاوم. نووسەری ڕۆمانی گەورەی 'شەڕ و ئاشتی'. نووسەرێک کە یەکجار سەرقاڵی مەرگ و ژیان بوو و لەدەست ژنەکەی و ژیانەکەی بە شەمەندەفەر بەرەو قەفقاز لە دووا ساڵی تەمەنیدا هەڵهات. سەفەرێک کە دوواسەفەری بوو و تێیدا مرد. تۆلستۆی گەورە مالیک بوو، گەورە مالیکێک کە قەت لە ژیانی خۆیدا ئەشقی نەدۆزییەوە. ئاە، بەهرام چەند هەڵەبوو. نەبوونی ئەشق تۆلستۆی بەکوشت دا. ئەویش بۆ ئەوەی پێی بگا، ڕێگای کارەساتی هەڵبژارد. پێم وابێ بەهرام ئیستایش هەڵەیە. من نازانم بۆ بەهرام هەمیشە هەڵەیە.
من کە لەم دوواییانەدا لە ڕقی ترامپ زۆر حەزم لەوەیە ببمە ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی ئامریکا، بەڵام هەر کە بیر لە بەهرام دەکەمەوە، پەشیمان دەبمەوە. دەترسم کاتێک بوومە ئەندامی حیزبێک، کارەساتەکەم لەبیربچێتەوە و بزەی کچە نەشمیلە کشاوەکەی جارانم بۆ هەمیشە لەبەرچاواندا ونبێ. بۆیە تەنیا بە هەڵگرتنی وێنەی ئەو منداڵانە قایل دەبم کە لە ئۆردۆگاکانی باشوری ئەمریکا لە خراپترین دۆخدا دەژین. وێنەکان بەرزدەکەمەوە و بە دەنگی بەرز دروشم دەدەم. پۆلیسەکان مۆڕەم لێدەکەن و بە ئەسپە کەتە و باڵابەرزەکانیان بەدەورمدا دەسووڕێنەوە. بەهرام کە وێنەی منی بە هەڵکەوت لە ڕاپۆرتێکی تەلەفزیۆنیدا بینیوە، ئێمۆژی پرسیارێکی گەورەم لە ڕێگای تێلێگرامەوە بۆ دەنێرێ و لە ژێرەکەیشیدا دەنووسێ دیسان شوێن دڵت کەوتی!
بەهرام ڕاستدەکا!
لادەکەمەوە و دەبینم لە پشت سەرم لەچەند دە کەسێک زیاتر ڕانەوەستاون. ئێمە چەندە کەمین؛ ئەوانەی شوێن دڵیان دەکەون چەندە کەمن!
شەو لە کاتێکدا لەناو جێگاکەم دا ڕاکشاوم، سەیری فیلمی پۆرنۆدەکەم. کتوپڕ پەیامێکی تری بەهرام دێت و دەڵێ هەموو کەس سەیری دەکا، هەر لە کۆمۆنیستەوە بگرە هەتا جووتیاران و ترامپ و ئەوەی وا پێی وابوو سەردەمانێک ئاشق بوو. ئەوسا ئیمۆژی پێکەنینێکیش لەگەڵیا دەنێرێ. شەرمێکی قووڵ دامدەگرێ و دەستبەجێ موبایلەکەم دەکوژێنمەوە.
شەو خەو دەبینم. کەسێکی غەریب کە ڕوخساری لە تەم و مژدایە، دەڵێ تۆ درێژترین ڕێگات بۆ گەیشتن بە سێکس هەڵبژارد! درێژترین ڕێگا!
کامە سێکس؟
ها کامە؟
وەک هەمیشە کەسێک نیە وەڵام بداتەوە. بەهرام لە کورتەپەیامێکدا دەنووسێ خۆی وەڵامە، خۆی!
من سەرئەنجام دەبم بە ئەندامی حیزبێک کە بچووکترین حیزبە. لە دووای چەند ڕۆژ تێدەگەم کە ناوی حیزبی کۆمۆنیستە. بەهرام پەیامم بۆ دەنێرێ و دەنووسێ هەموو کەس بوو بە هێستر کەچی تۆ تازە بووی بە کەر! ئەوسا پوڕنوی کەرانیشم بۆ دەنێرێ.
منیش پوڕنوی هێستری بۆ دەنێرم. بەهرام پێدەکەنێ و دەنووسێ ئیستا ئەندامی هەر حیزبێک دەبی ببە! هاتیتە سەر ڕێگای ڕاست.
من کەر و بەهرام هێستر. تیایا ماوم ئەو ساڵانە، سی ساڵ لەمەوبەر، کەر و هێستر هەبوون یان نا.
بەهرام بە ناردنی ئیمۆژێکی تر پڕ بە ژوورەکەم پێدەکەنێ.[1]