ئیمان
نووسینی: ڕاجار ئەتنام
وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: #هاوڕێ نەهرۆ#
ئیمانی مام ڕام بە زانستی ئەستێرەناسی بەو ڕادەیە زۆرە بوو کە ساڵ و ڕۆژ و سەعاتی مردنی دیاری کردبوو، هەروا بانگهێشتی برادەرەکانی کردبوو بۆ بەشداری لە بەرێ کردنی مەیتەکەی دا!
مام ڕام پیاوێک بوو تا ڕادەیەکی زۆر توندڕەو بوو، دەگمەن بوو لە ئیمانی پتەوی بە ئەستێرەشناسی، ئەستێرەشناسی تاکە هەستێک بوو کە گڕ لە ژیانی بەر دابوو، بەنیسبەت ئەوەوە شتێکی تر نەبوو ئەو بایەخەی هەبێ، ژیان و پشووی ئەستێرەشناسی بوو، خواردن و خواردنەوەی ئەستێرەشناسی بوو، هەر ڕووداو هەڵسورانێک لە ژیانی بوایە لێکدانەوەی
ئەستێرەشناسی بۆ دەکرد، جووتیارانی گوند بەخۆشی یەوە گوێ یان بۆ ڕادێرا، تەنانەت سەردانی دەکەن و پرسی پێ ئەکەن لە بابەتگەلی وەک هاوسەرگیری و مناڵ، ئەو کاتەش مام ڕام بەوردی لە کەلەندەری ئەستێرەشناسیەکەی دەڕوانێ و دەست دەکاتە کۆکردنەوەی ژمارەکان و لێکدان و دەرکردنی ڕۆژەکان – گەرچی لە ئەنجامگیری ژمارەکانی بە پەلە نەبوو – دواتر چاوەروانی پیشبینی ئەستێرەکان دەکا، ئەگەر مناڵێک لەنێوچاوانی نووسرابێ لە گەورەیی دەبێتە تاوانبار، مام ڕام وا دەکا هەموو کەسێ هەر لە سەرەتاوە ئەوە بزانێ. ناوبانگی بڵاوبوەوە لەبەر ئەوەی پیشبینی جەنگی جیهانی یەکەم و چەندین کارەساتی تری کردبوو. لە توانای دا بوو بە هەفتە قسە لەسەر ئەو پیشبینیانە بکا کە بەدی نەهاتبوون لە هەمان کاتدا پاساوێ دەیهێنایەوە کە کەمێک هەڵەی کردووە لە حیسابات دا و درێژە بە قسەکانی دەداو دەیگوت جارێ تر بە حیساباتەکەم چوومەوە بۆ دەرکەوت ئەستێرەکان ئەو شتانە دەڵێن کە بە تەواوەتی ڕووئەدا.
ژنەکەی مام ڕام بەردەوام دەمەقاڵییەتی لەگەڵ داو پێ دەڵێ (تۆ خەیر لە پێناوی هیچ دا دەکەی! ئەگەر کاتەکەت بە ژماردنی پارە بەسەر بردبا لە باتی ژماردنی ئەستێرەکان ئەوە ئێمە وا هەژار نەدەبووین، لەم کولیتە پیسە نەدەژیاین، برۆ بۆ دەرەوەو لە کێڵگە ئیش بکە لەباتی فێڕودانی کات بەم درۆدەلەسانەوە)
مام ڕام لە وەڵام دا بەهێمنی پێ دەڵێ، ئەزیزەکەم قەدەر وای داناوە کە ئێمە بەم شێوەیە بژین، هەرچی هەوڵ بدین ناتوانین ئیرادەی ئەستێرەکان تێک بشکێنین.
بە نرخترین موڵکی ئەو کتێبە ئەستورە بوو کە بەرگەکەی سەوز بوو، جگە لە ڕێ پیشاندەری بورج شتێکی دیکەی تیا نەبوو، بەردەوام دەیخوێندەوە، مام ڕام هەندێ ڕۆژ لەماڵ دەرنەچوو، لەبەر ئەوەی بورجەکان پێ یان وابوو دەرچوونی لەو ڕۆژانە سەرەرۆیی یە، مام ڕام دەڵێ چەندین جار لە مەترسی ڕزگارم بووە، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ چاکەی ئەستێرەکان لە ئاگادارکردنەوەی وردیان دا.
بەهەرحاڵ ژنەکەی ئەم دەرنەچوونە لە ماڵ بەوە لێک دایەوە کە بیانویەکە بۆ دوورکەوتنەوە لە ئیش و کار.
بە پێ پیشبینی ئەستێرەکان مام ڕام لەکاتێکدا دەمرێ کە تەمەنی ببێتە 68 ساڵ، تەنانەت حیسابی کات و ڕۆژەکەشی کردبوو، بۆیە سروشتی بوو کە ژیانی هەر کەسێک ئەو ڕاستی یە حاشاهەڵنەگرانەی تیا بێ، پڕ دەبێ لە بەدبەختی و کوێرەوەری، کەچی مام ڕام وانەبوو، هەڵویستی تا ڕادەیەک زۆر لەو زانا ئازاو چاونەترسانە دەچوو کە پێ وابوو مردنی هەقیقەتی خوشەویست بوونی بۆ ئەستێرەکان دووپات دەکاتەوە.
چەند هەفتەیەکی کەم پێش وادەی دیاریکراو مام ڕام کەوتە ناو گوندو دەستی کردە ماڵئاوایی لە خزم و برادەرەکانی، لەسەرەتا ئەم پیشبینی یە بە نوکتە ئەهاتە پێش چاو، بەڵام بەشێوەیەک ڕەفتاری کرد کە خەڵکی گوند بە بایەخێکی زۆرەوە بۆ کاتێ مردنی چاوەڕوانکراوی بڕوانن.
مام ڕام دارەمەیتێکی قەهوایی جوانی کڕی، بانگهێشتی چەندین خەڵک کردبوو بۆ دوا نان خواردنی مەزن. دواجار ئەو ڕۆژە هەر دێت، ئەو ڕۆژەی کە مام ڕام چاوی دەکەوێ بە خوای مەرگ، کاتەکەش دیاریکرابوو کە سەعات دوو بۆ پێنجی پاش نیوەرۆ بوو.
مام ڕام ئاواتی ئەوە بوو لە کێڵگەیەکی بەرفراوانی برنج بمرێ. هەتا هەموو کەس بتوانێ هەقیقەت و لۆژێکی ئەستێرە ببینن، هەر وای کرد، دارەمەیتەکەی لە کێڵگە داناو دەستەیەک گوڵی بۆن خۆشی لەسەر دانا هەروا کێڵگەکەی ڕازاندەوە بە ئاڵای جوانی کاغەزی و لقی گوڵ هەتا دیمەنەکە زیاتر لە شایی بچێ نەوەک لە دیمەنی مەرگ.
کەش و هەوا گەرم و ئاسمان ساماڵ بوو، سەدان کەس ڕاوەستابوون لە نێویاندا دوو قەشە بەدی دەکرا، هاتبوون سرودی ئاینی بچڕن لە کاتێکدا کە ڕوحی مام ڕام بەرز دەبێتەوە بەرەو ئاسمان. نێوچاوانی جەماوەرەکە ئارەقەی دەرئەدا، پارچەیەک بوون لە گرژی و ورووژاندن، لە سەعات یەک و نێوی پاش نێوەرۆ مام ڕام لە پەرەستگاوە کەوتە ڕێ بەرەو دارەمەیتەکە.
دەستەجلێکی سپی لەبەردابوو، زەردەخەنەیەک لەسەر لێوی بوو، گاڵتەی دەکرد تا ئەو ڕادەیەی خەڵکەکە سەرسام بوون بەو ئازایەتی یەی کە هەیەتی، کەچی فرمێسک لە چاوێ هەندێ کەس دەبینرا بەتایبەتی خێزانەکەی، خێزانەکەی بەتوندی سەرزەنشتی خۆی دەکرد کە بەدرێژایی ئەو ساڵانە بە بێ بایەخەوە مامەڵەی لەگەڵ دا کردووە.
پێش سەعات دوو بەچەند خولەکێک مام ڕام چووە ناو دارەمەیتەکەوەو لێ ڕاکشا وەک ئامادەییەک بۆ مردن.
زۆربەی خەڵکەکە دووچاری هەستێکی نامۆ هاتن، هەموویان لە بارێکی گرژدا بوون، لەکاتێکدا قەشەکان دەستیان کرد بە خوێندنەوەی دوعای بێزارکەر، زەمەن بە پەلە دەرۆیشت، سرود، گریان دواتر بێدەنگی، کاتێ قەشەکان لە خوێندنەوەی دوعا ڕادەوەستان بۆ ئەوەی مام ڕام بپشکنن، دواتر جارێکی تر سرود خوێندن دەست پێ ئەکاتەوەو سەرلەنوێ فرمێسک لە چاوان دێتە خوارێ.
لە سەعات پێنج مام ڕام جارێ زیندوو بوو، چەندین خەڵک بە توڕەیی یەوە جێگاکەیان جێهێشت، هەندێکیش بە پێکەنینەو ڕۆیشتن، بەڵام قەشەکان بۆ سەعاتێکی تر چاوەروانیان دەکرد بەڵام هیچ شتێک ڕووی نەدا، لێرەدا ئەو خەڵکەی لەوێ مابوونەوە پێ داگریان لەسەر ئەوە کرد پێش ڕۆژ ئاوا مام ڕام لە دارەمەیتەکە بهێننە دەرەوە.
مام ڕام بە پرتەو بۆڵە لە دارەمەیتە جوانەکەی هاتە دەرەوەو گوتی حیساباتەکەم هەڵە بووە، لەکاتێکدا خەڵک جنێویان پێ دەدا، کەچی وا دەهاتە پێش چاو کە گوێ بە خەڵکەکە نادات، بەڵام خێزانەکەی میوانە توڕەکانی بەوە هێور دەکردەوە کە خواردنێکی چەوریان بۆ ئامادە دەکات. پێش کۆتایی ئەو شەوە مام ڕام ڕایگەیاند کە دوای پیاچوونەوە بە حیساباتەکەی پێنج ساڵێ دیکە ئەژێ، میوانەکان بە ساردی یەوە ئەم هەواڵەیان وەرگرت، یەکێکیان هەڵی دای و گوتی (بەڵێ، بەڵێ دەزانین بەڵام تۆ مردیت بە پێ پیشبینی ئەستێرەکان)
زۆر بە چاوقایمی یەوە ئەمجارەیان مام ڕام بەرواری مردنی تازەی ڕاگەیاند.
پێ داگری وداکوکی لە ئەستێرەکان کرد و خەتاکەی خستە سەر لاوازی ژمارەکان.
لە ڕۆژێکدا، دوای دوو ساڵ لە شکستە گەورەکە، ئەستێرەکان گورزێکی تریان لێ دا، لە نێوەی ئەو ماوەیە مرد کە بەپێ ژماردنی ئەستێرەکان پیشبینی کرد بوو.
بە نیسبەت بورجە پووچەکانەوە کە مام ڕام لە ژیانی دا کاتێکی زۆری بۆ تەرخان کردبوو، دەستبەجێ ئەوانیش پووچەڵ بوونەوە.
بەم شێوەیە مام ڕام دەگمەن بوو لە ئیمانی دا، لەوانەیە خەڵکی زیرەک گاڵتەی بە ئیمانی سەرسوڕهێنەری بێ بەڵام من پێ سەرسامم سەبارەت بەو پێ داگری و عەزیمەتەی کە هەیبوو.
ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئیمانەکەی بوو نە بیرۆکەکەی. هەر وەک لەم ڕۆژانە باوە، ئێمە خاوەن چەندین بیرۆکەین بەڵام ئیمانمان لاوازە.[1]