(کات)ی تێکەڵ
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
لەسەردەمی یۆنای کەوانارا، یۆنانییەکان بەو شێوەیەی لە دەقەکانیاندا هاتووە باوەڕیان وەها بوو ڕەوتی زەمەن دایرەییە (جەغزئاسا) و، هەر بۆیە بە گوێرەی سەرنجی ئەوان هەموو شتێ سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی سەرەتای خۆی و دیسان جارێکی تر هەمان ڕەوەڕەوە دووپات دەکاتەوە. باشترین نموونەی ئەم کەسانە ڕەواقییەکان بوون کە پێیان وابوو ناوە ناوە ئاگرێک دێت و هەموو جیهان دەسووتێنێ و، پاشی ئەم ئاگرە دیسان جیهان سەر لەنوێ درووست دەبێتەوە تا دیسان ئاگرێکی تر و دێت و دیسان دەیسووتێنێتەوە. بەڕای ئەوان ئەم جیهانە تازەیە دووپاتکردنەوەی هەمان ئەو جیهانەی پێشووە کە ئاور سووتاندی.
لەم بۆچوونە دایرەییەدا دەتوانین بڵێین چونکە جیهان لەسەر ئەساسی هەمان پێشووی خۆی سازدەبێتەوە کەواتە 'کات' هیچ شتێکی تازەی پێ نییە و بۆیە مرۆڤ ملکەجی دووپاتکردنەوەی هەمان دیاردەکانی پێشووە. لێرەدا بە واتایەک ڕابردوو، هەنووکە و داهاتوو مانایەکی نیە، گەر هەیشی بێت ئەوا لە ناو ئەو جیهانەدایە کە هێشتا خولەکەی خۆی تەواو نەکردووە و ئەگینا پاشی ئەوەی دەسووتێ و جێگای خۆی دیسان بە خۆی دەداتەوە، لە ڕاستیدا ڕابردوو و هەنووکە و داهاتوویش مانایان نامێنێ.
بەڵام دیسان دەقەکان پێمان دەڵێن بە سەرهەڵدانی ئایینی مەسیح جۆرێکی تر لە خوێندنەوەی 'کات' سەری هەڵدا کە بە پێچەوانەی یۆنانییەکان پێی وایە ڕەوتی زەمەن 'خەتی' واتە هێڵ ئاسایە. لەم بۆچوونەدا 'کات' لە ڕابردووەوە دێت دەگاتە هەنووکە و پاشان داهاتوو دێت.
گەر باوەڕمان بەم بۆچوونە هەبێ ئەوا بە پێچەوانەی یۆنانییەکانی کەونارا ئیتر جیهانە نوێیەکان دووپاتکراوەی جیهانی پێشوو نین و لەگەڵ خۆیان هەوێن و ڕواڵەتی جیهانی نوێ دێنن. هیچ شتێک ئیتر دووپاتکراوە نییە و بەڵکوو لە ڕەوتی بەرەوپێشچووندایە کە بەڕای کریستیانیەکان ئەم بەرەوپێشچوونە لە باوەشی خودا دا سەرئەنجام ئۆقرە دەگرێ کە ئەوپەڕیەتی. ڕەنگە لە سەردەمی نوێ دا 'هیگل' فیلسووفی ئایدیالیستی ئاڵمانی نوێنەرێکی تری ئەم بۆچوونە بێت. لای ئەو 'رۆحی موتڵەق' لە سەیر و سیاحەتی خۆیدا، کە بە قۆناغی جۆراوجۆردا تێدەپەڕێت، سەرئەنجام لە دەوڵەتی پرۆس دا دەگاتە دوواپلەی خۆی و ئیتر مێژوو لەوێدا ڕادەوەستێ.
یەکێکی تر لە وێناکانی کات، وێنای 'زیگزاگی' یە. لەم حاڵەتەدا کە بۆ وێنە مارکسییەکان باوەڕیان پێی هەیە، ڕەوتی مێژوو لە شێوازی زیگزاگ (وەک شێوازی فەننەری ماشین)، بەرەوپێش دەڕوا، کە ئەگەرچی جاری وایە لە خولی خۆیدا هەست دەکرێ بەرەو دوواوە دەگەڕێتەوە، بەڵام کە خولی خۆی تەواودەکا دەبینین پلەیەک چووەتە سەرەوە.
بەڵام ئەم سەردەمەی ئێمەی تیا دەژین چی؟ داخۆ کام یەک لەمانە دەخوا؟
گومانی تیا نییە کە دەکرێ هەندێ کەس بەردەوام باوەڕیان بە کاتی جەغزئاسا هەبێ، بەڵام ئەم وێنایە لە کات و لە زەمەن، ڕەسەنییەتی نەماوە و شوێنی سەرەکیی خۆی لەدەست داوە. هەروەها هەندێ بیرمەندیش وێنای هێڵ ئاسای کاتیان خستووەتە ژێر پرسیار و پێیان وایە ئەمە تەنیا وێنایەکەی درووستکراوی دەستی مرۆڤە و ئەگینا لە ڕاستیدا لە ناو سرووشت شتێک بە ناوی دوواوە و ئێستا و داهاتوو هەبوونی نیە. بگرە ئەوان ئەو بیرو بۆچوونەی کە پێی وایە دونیا بە گوێرەی ئەم سەرنجە خەتیە کە پێی وایە لە سادەوە بەرەو پیشکەوتوو دەچێ، هیچ مانایەکی نیە. هەروەها وێنای زیگزاگیش ڕەخنەی خۆی لەسەر هەیە چونکە لە دوواپێناسەدا زیاتر لە وێنای خەتی نزیکە و باوەڕی بەبەرەوپێشچوونە، واتە لە قۆناغی نزمترەوە بۆ قۆناغی بەرزتر.
بەڵام داخۆ دەتوانین وێنای چ جۆر لە زەمەنێکی تر بکەین؟
یەکێک لە ئەڵترناتیڤەکان دەتوانێ باوەڕ بە 'کات' ێک بێت کە تێیدا تێکەڵێک لە هەر دوو جۆرەکانی دایرەیی و خەتی حوزوری هەبێ ('کات' ی تێکەڵ). بۆ وێنە لە وەسفی وەها زەمەنێکیش دا دەتوانین بڵێین کە هەندێ لە دیاردەکان خاوەن ڕەوتی جەخزئاسان (وەک دیاردەکانی ناو سرووشت، شەو و ڕۆژ، وەرزەکان و...)، هەندێکی تر، وەک کۆمەڵگا خاوەن ڕەوتی خەتی (رەوتێک لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکانەوە بەرەو کۆمەلگا پێشکەوتووەکان کە تێیدا تەکنۆلۆژیا گەشەی کردووە).
بەڵام دیسان ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە گەر لە 'بوون' لە گشتیەتی خۆیدا بڕوانین (کۆمەڵگا و سرووشت پێکەوە)، داخۆ دەتوانین دیسان پێداگربین لە سەر 'کاتی تێکەڵ'؟
بێگومان وەها پێداگرییەک زەحمەتە. چونکە مرۆڤ بۆخۆی بەشێکە لە سرووشت و نەک سرووشت بەشێک لە مرۆڤ. جا بە گوێرەی ئەوەی کە 'ورد' پێملی 'گشت'ە، هەربۆیە ئینسانیش لە دووا پێناسەدا پێملی سرووشتە و لە گشتییەتی خۆیدا خۆی لە چوارچێوەی ئەودا دەبینێتەوە.
بەڵام ئەی جیهانی تایبەت بە مرۆڤ چی کە لە ناو سرووشت دا توانیوویەتی چێی بکا؟
بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ئەستەمن. تا زەمانێکیش مرۆڤ نەتوانێ لەگەڵ 'کات' مامەڵەی زانستیانە بکا (نەک ئالوودە بە فەلسەفە)، ئەوا دۆزینەوەی وەڵام یەکجار زەحمەتە.
پێدەچێ بەم زووانە کات خۆی نەدا بە دەستەوە![1]