دارۆ: حەزئەکەم وەک ڕێکخەری پێشانگاکەت، گفتوگۆکەمان بەوە دەستپێبکەین، کە سەرەتا تۆ لە چەند ڕەهەندو دیدێکەوە باسی بەرهەمە نیگارکێشییەکانت بە گشتی بکەیت و بە تایبەتیش تیشک بخەیتە سەر ئەمبەرهەمانەی کە لە ''گەلەری ئێستا''ی کارگەی کولتوری #سلێمانی# بۆ یەکەمینجار نمایش کراون.
قەرەنی جەمیل: ئەم پێشانگایەم پێکهاتوە لە هەڵبژاردەیەکی تایبەتیی تابلۆکانم، کە دەتوانم بڵێم ئەنجامی ئەزمونی ڕابردوی هونەریمە. تابلۆکان لە ساڵانی 98 تاکو ئێستا ئەنجامدراون، ڕەنگە لە ڕوی ستایل و بەکارهێنانی ڕەنگ و هەندێ کەرەستە، ئەوەندە جیاوازییان نەبێت، بەڵام لە ڕوی بابەتییەوە هەندێ لە تابلۆکان ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەو تێڕامانی زەمەنێکی دیاریکراومە، کە زیاتر بونگەرایی لەخۆ دەگرن، ئەویش بەپێی کاریگەرییەکانی واقیع و خوێندنەوەم بۆ ڕەهەندەکانی ئەو زەمەنە.
لەو زنجیرە تابلۆیانەم، لەگەڵ جیاوازی زەمەنیاندا، باس لە تراژیدیا دەکەم، ئەو تراژیدیایەی کە خاک و گیانلەبەرانی نغرۆی بێهودەیی کردوە. بێگومان ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی بیرکردنەوەی هونەریم، بەبێ زۆر لەخۆکردن، وەک کەسێکی ئازاد لەنێو جیهانی هونەردا جددییەتێک بەسەر هۆشی بابەتیمدا زاڵبوەو بەرەو ئەم ڕوگەیەی بردوم. لێرەدا ویستومە شێوەیەک لە جوگرافیا دیاری بکەم و لەسەر ئەم پانتاییە خاکێک دروستبکەم بێ سنور، مێژوەک هەیە ڕوداوەکانی دوبارە بوینەوەو زۆر بێهودانە لە بازنەیەکدا دەخولێنەوە.
(ئەرکیۆلۆژیای کات و شوێن)، ناونیشانی زنجیرەیەک لە تابلۆکانمە لەو پێشانگەیەدا، کە هەوڵمداوە وەک لێکۆڵینەوەیەکی ئەفسانەیی، بە ڕێگای ئەم ستایلەم لە دو چەمکی هەمیشە زیندوی ژیانی هەمو کائینێک بکەم و لەسەر ئەم پانتاییەدا بە ڕەنگ و فۆڕمی هەڵبژاردەی خۆم، لە فەزایەکی سێ ڕەهەندی ئەنجامبدەم. ڕەهەندی ئاسۆیی کە کۆتایی نایێ تێکەڵ بە خاکی ئۆکەری و قاوەیی، بە تێکەاڵوبونیان لەگەڵ ئاسمانێکی ونبو، هەستکردن بە تەنیاییەکی ئەزەلی، وەک بڵێی بەدرێژایی زەمەن لەسەر ئەم خاکە هیچ جوڵەیەکی ئینسانی بۆ خۆدروستکردن ڕوینەدابێت. شوێن وشک و کەئیبە وەک (وێرانە خاک) هیچی لەسەر نەڕواوە، تەنانەت بەکەڵکی هیچ گیانەوەرێک نەهاتوە.
من ساڵانێکی زۆر لە دەرەوەی وڵات بوم، پێش ئەوەی بڕۆمە دەرەوە، شێوازی کارکردنم تەعبیرییەکی ڕەنگاوڕەنگی شین و مۆرباوی و فیگەرو فەزای کوردەواری بو، زیاتر تاک بابەتیی بون، واتە هەر تابلۆیەک لەسەر یەک تێمە ئەنجامدەدرا، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەر شێوەو تەکنیکی کارکردنمدا هات، زۆر بون، لە ئەبستراکت و ئیرتیجالی و بەکارهێنانی شێوەی سیمبۆلی و....هتد. بەڵام ئەو ساڵانەی لە ئیسپانیا بوم کاریگەرییەکی زۆری هونەری ئیسپانی، لە ڕوی تەکنیکی و فکرییەوە لەسەرم هاتەدی و زۆر لەوانە سەرسامی کردوم، بۆ نمونە گۆیا، پیکاسۆ، تاپێس، بەرشێلۆ... زۆری دی.
ئەوەی کە پێی سەرسام بوم زیاتر ئەو ئازادییە ڕەهایەیە کە هونەرمەندانی ئیسپانی هەیانە. هیچ شێوازو قوتابخانە لای ئەوان نییە، گرینگ کارکردنە بەو جورئەتەی کە هونەرمەندەکە هەیەتی، بێ بیرکردنەوە لە دەوروبەرو ستاییلە جیاجیاکان، داڕشتنی فکرە گرینگە. لێرەدا، من تەنیا یەک فکرەم هەبوە بۆ داڕشتن کە، ئەو زنجیرە تابلۆیەی لە خۆگرت و بو بە بابەتی ئارکیۆڵۆژیای کات و شوێن، کە دو جەمسەری زۆر گرینگ و پڕ لە لوغزو نهێنین بۆ ژیانی مرۆڤ.
(ئینسانی وەهمی و وەهمی شارستانییەت)، ئەم زنجیرە تابلۆیەم وەکو ئەوەی پێشتر، فکرەیەک بو لەسەر چارەنوسی مرۆڤ بە گشتی و ئەم ناوچەیەی ئێمەی لێ دەژین بە تایبەتی. لە ئینسان بێهودەترو بەدبەخت و بێ بەهاتر نییە لە سەر گۆی زەوی. حەقیقەتی ئینسان، وەهمێکی زۆر کۆنە، دێت و دەڕوات، مێژوەکی دورودرێژ لەگەڵ خۆی بە نائومێدی دروستدەکات، وەک وەهمێک لە بنیاتنانی شارستانی...
مرۆڤ بە جلوبەرگی پۆشتەو ڕێک، لەگەڵ کۆمەڵێ بەهای ئەخلاقی و فکری، لە ژیان لە جموجۆڵدایەو سەرقاڵی هەمو شتێکە، بەڵام بە بچوکترین تێکچونی مێشک، وەک شێت، هەموی دەگۆڕێت و دەچێتە خوارەوە بۆ وەهم، تەنیا یەک ئاوتڵاینی سپی دەوروبەری جەستەی دەمێنێتەوە، هێدی هێدی لە چاڵێکی تاریکەوە دێتە دەرەوەو لە ژیان بەردەوام دەبێت، بنیادی وەهمەکانی دەکات.
لێرەدا جێبەجێکردنم بۆ ئەم فکرەیە لە چەند تابلۆیەکدا، بەشێوەی گێڕانەوەیەک، یا وەک ڕۆمانێک باس لە چارەنوس دەکەم و وەک هەڵوێستێک بەرانبەر ژیان و گوزەرانیی مرڤ و دەوروبەری دروستکراو. دیسان فۆڕم و فیگەرەکان واقعین، لە فەزایەکی سێ ڕەهەندی، ڕەنگی خۆڵ و خاکیی سورو قاوەیی و مرۆڤی وەهمی. ئەو کەرەستانەی کاری پێدەکەم، ڕەنگی ئەکریلە تێکەڵاوی هەویرێکی کاغەزی دەکەم لە سەر کانڤاس، بەڵام بە شێوەیەک کە پانتایی تابلۆ پڕدەکەم و بە ڕەنگ دەیپەستم وەک دیوارێک کە خۆتی لێبدەیت هەست بە دیوارێکی قوڕ بکەیت، یا خاکێکی قوڕاویی دەشتێکی چۆڵ. هەندێجار لە نێو کارێکی ئێستراتیژیی جددی، بە ئیرتیجالێکی ڕەنگ کۆتایی بە تابلۆ دێنم..
(خەونی خەونەکان)، ناوی کتێبێکی ئەدیب و نوسەری ناوداری ئیتالی (ئەنتۆنیۆ تابوکی)یە، کۆمەڵە چیرۆکێکە کە هاوڕێی هونەرمەند (جەلال ڕەئوف) بۆ سەر زمانی کوردی وەریگێڕابو، ناونیشانی ئەو زنجیرە ئاوییانەیە کە دوا کارەکانمە، بە یەک قەبارەو یەک هێماو یەک سیمبۆلی بەکارهاتو، بە شێوە تەعبیرییەکی واقیعی ئەنجاممداون. ئێمە لەم ناوچەیە، بێگومان خۆشم پێشەکی، ڕابردوەکمان هەیە لە خەون دەچێت، دیار نییە، ناگیرێت، کە لەو خەوەش بەئاگادێیتەوە هەر دیار نییە، ئێستای کەسەکانیش ئامادە نییە. لێرەدا بابەتی خەون وەک لەپەلکەوتنی کۆمەڵگە دەبینم، مێژوەک پڕ لە ئێش و ئازارو نەهامەتی، بێ توانایی داهێنانی شارستانی و نوێبونەوەو پێشکەوتن، خەونی درێژخایەن.
لەم ئاوییانە ڕەنگم زۆر بەکارنەهێناوە، بەڵکو زیاتر گرینگیم بە کۆنتراست و سێ ڕەهەندیی داوە، لە نێو کەشوهەوایەکی ڕۆمانتیکی کە یارمەتی بەجێهێنانی ناوەڕۆکەکەم بدات...
دارۆ: تایتڵ و ناوی تابلۆ لەوەتەی مێژوی هونەر هاتۆتەکایەوە بونی هەیە، ئەگەر مێژوی هونەری نیگارکێشان لە ڕێنیسانسەوە وەک دەستپێک وەرگرین، لە وێدا هونەرمەند وەک هونەرمەند بە دەردەکەوێت و چی دیکە بۆ کۆشک و تەلارو کڵێسا کار لە سەر خواستی ئەوانیتر ناکات، خۆی خاوەنی ئایدیاو هەڵبژاردنی تێما و بابەت دەبێت و لە وێشدا ناو بۆ تابلۆکانی دادەنێت، جا ئەگەر بابەتەکانیشیان ئایینی، یان ئەفسانەیی بوبن، تایتڵ و ناوی تابلۆ لە بزاڤە هونەرییە یەک بەدوای یەکەکاندا، تا سەدەی بیست بەردەوام بونیهەبوە، لە مۆزەخانەو گەلەرییەکاندا لە پاڵ کارە هونەرییەکانەوە هەڵواسراون، لە کەتەلۆگ و کتێبەکاندانوسراون و لە پشتی هەر تابلۆیەک هونەرمەند ناوی خۆی و ناوی تابلۆو ساڵی دروستکردنی تابلۆو مەتڕیاڵی کارپێکردن نوسراون، پاشان لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیست- دا، لەلایەن چەند هونەرمەندێک، ناوی تابلۆ لە زۆر کاریاندا نامێنن و بزر دەبن و وشەی (بێ ناونیشان) دێتە گۆڕێ، هەندێ هونەرمەندیش بەتەواوی ناوی تابلۆ ناهێڵن، هونەرمەندانی وەک کاندینسکی، مارک ڕۆتکۆ، یاسپەر جۆنس، مۆندریان، زۆر لە تابلۆکانیان بە بێ ناونیشان- بێ تایتڵ نمایشکردو بە دونیا ناسران، ئەمە دەکرێت وەک فینومێنێک لە هونەری نیگارکێشان-ی سەدەی بیست سەیربکرێت، بە تایبەتیش لە دوای ساڵانی حەفتاکانەوە، ئایا ئەم دیاردەیە لە پێناوی چیدا پیادە بو؟ ئایا ئەمە دورخستنەوەو سەرلێتێکدانی بینەر نییە لە هونەری نیگارکێشاندا؟ کاتێک ناوی تابلۆ دەکرێت وەک کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگای چونە ناو تابلۆوە تەماشا بکرێت، ئایا هیچ کاریگەرییەکی لە لای تۆ دروستکردوە بۆ دانانی ناونیشان و ناوی تابلۆ بۆ بەرهەمەکانت؟ ئایا تۆ چۆن ناو لە کارەکانت دەنێیت؟، یان ناو لە پێشانگاکانت؟ یان چۆن ناو لە زنجیرە ئیشەکانت دەنێیت؟
قەرەنی: ناونیشانی تابلۆ، یا هەر کارێکی هونەریی، لە هەمو کاتێک هەبوە. ئەویش زیاتر بۆ دیاریکردنی بابەتی ناوەڕۆکەو دەروازەیەکیشە بۆ چونە نێو تابلۆ. سەردەمی ڕێنسانس ناوی تابلۆ هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی کارە هونەرییەکە بۆی دادەندرا، تاوەکو هونەرمەندەکە بزانێت چی دروستدەکات. بابەتەکانی ئەو سەردەمە تەواو ئایینی بون، وێنەکێشانی چیرۆک و بابەتەکانی نێو ئینجیل بون بۆ ئەو سەردەمە، کە زۆر نوێ و گرینگ بون بۆ هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە. لێرەدا تایتل و ناو بە گوێرەی پێشکەوتنی عەقڵ و هۆشی کۆمەڵگە قۆناغ بە قۆناغ گۆڕدرا. هەر لەدوای سەردەمی ڕۆمانتیکییەوە، لەدەسپێکی سیزانەوە، ئیتر تایتل و ناونیشانی تابلۆ ئەو بایەخە گرینگەی نەما.
لەسەردەمی مۆدێرندا چەمکی ئێستێتیکی و تیۆریای تێڕوانینی کاری هونەریی، قۆناغێکی تری هێنایەکایەوە، کە سەربەخۆیی کاری هونەریی لە نمایشدا، خۆی لەخۆیدا هەمو شتێکە، واتە ئەم تابلۆیە کائینێکی ئازادە بەرانبەر بە بینەران، چ جۆرە ناوەڕۆکێک هەڵدەگرێت. لێرەدا شتێکی گرینگ هەیە، کە ئیتر بینەر بۆ ئێستراتیژیای هونەرمەند، هەروەها بۆ بینینی کاری هونەریی، گرینگ نییە، ئەویش ئازادە لە تێگەیشتن و مامەڵەکردنی ئێستێکی لەگەڵ بەرهەمی هونەریی.
من لەو زنجیرە تابلۆیانەم، هیچ تابلۆیەکم بە تایتلێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو کار لەسەر فکرەیەک دەکەم وەک ڕۆمان، یاخود وەک فلمێکی سینەمایی، هەر زنجیرەیەک بە ناونیشانێک دەبەستمەوە بۆ نمایشکردنیان. سەرەتا من بابەتێک، فکرەیەک وەک بنەما دیاری دەکەم و بیری لێدەکەمەوەو هەڵسەنگاندنی عەقڵانی و سەردەمی بۆ دەکەم، ئەوەی پێم باشە بۆ ئەنجامدان، ئینجا دێم بەشێوە تەکنیک و کەرەستەی پێویست لەسەر پانتایی کانڤاس دایدەڕێژم، واتە پێشەکی ئەم ناونیشانەم وەک فکرە هەڵبژاردوە تاکو کاری بۆ بکەم...
دارۆ: زەمەنێکی دورودرێژە، ئەوا بۆ 45 ساڵ دەچێت، کە تۆ لە چێوەی هونەری نیگارکێشاندا سەرقاڵی گوزارشت و بەرهەمێنانی، کۆتایی حەفتاکان پاش خوێندنی هونەر لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا، لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی هاوڕێت، ڕۆیشتیتە دەرەوەی وڵات، ئەو کاتە لە ئەوروپا، تەریب بە قوتابخانە و ستایلە کلاسیکییە هونەرییەکانی مۆدیرنە، دەیان ڕێچکەو ستایلی هونەریی دیکە جمەیان دەهات و لە گەرمەی کارکردن و بەرهەمهێنان و داهێناندا بون، بە تایبەتیش ئەو مێدیەمە تازانەی وەک (هونەری فۆتۆ، هونەری ڤیدیۆ و پێرفۆرمانس و ئینستەلەیشن)، کە تازە دروستببون، سەردەمی هونەرمەندی ئەڵمانیی یۆسف بۆیس و پەیامە بەناوبانگەکەی هەمو مرۆڤێک هونەرمەندە بو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەکادیمیا هونەرییەکان و مۆزەخانەکان بەهایەکی بەرچاویان لە هونەری نیگارکێشان کەم نەکردەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەندێک هونەرمەندی نیگارکێش پشتیان کردە نیگارەکەیان و بەرەو میدیەمی نوێی وەک فۆتۆ ئاڕت و پێرفۆرمانس و ڤیدیۆ هەنگاویان نا، هاوکات زۆرێک پێیان وابو ئیتر هونەری نیگارکێشان دەچێتە مۆزەخانەو دەبێتە مێژو و نامێنێت.
ئێوە هەرچەندە لە تەمەنێکی لاوییدا بون، وەک دیارە لەو تەمەنەدا بە گشتی هونەرمەندان زۆریان حەز بە ئەزمونی نوێ و میدیەمی جۆراوجۆر دەکەن، بۆ ئەوەی جێگایەک بدۆزنەوە کە بتوانن لە وێدا زمان و حاڵی هونەریی خۆیان بخوڵقێنن و لە ڕێیەوە گوزارشت و ئایدیاکانیان بهێننەکایەوە، ئایا ئەزمونی هیچ لەو میدیەمە نوێیە هونەریەکانیی ئەو سەردەمەت کردوە، چۆنە یەکێک لەو میدیەمە نوێیانە پەلکێشیان نەکردیت بەلای خۆیانداو لە سەر هونەری نیگارکێشانەکەی خۆت مایتەوەو ئێستاش بە ئەمەکەوە ئەزمونی ئەم هونەرە ئەکەیت؟
قەرەنی: وابزانم هونەرمەند کە خاوەن بەهرەیەکی تایبەتییە، بە هەمو هەست و هۆشیی خۆی لە هەمو سەردەمەکان ئازادییەکی هونەرییانەی هەبوە لە گرتنەبەری هەر ڕێچکەو شێوازێکی هونەریی. ئێستاش لەسەردەمی مۆدێرنەو پێشکەوتن و گەشەسەندنی پیشەسازی و تەکنەلۆژیا لە ئەوروپاو ئەمێریکا و یابان، کاریگەرییەکی زۆری کردۆتە سەر هەمو هونەرەکانیش. بەم شێوەیە جۆرەها ڕێباز و ستایلی هونەری لەسەر بنەمای مۆدێرنیزمی سەردەمەوە هاتەکایەوە. بەڵام ئەوانە هەموی لە لایەک، کە سەردەمی مۆدێرنیزمە، لە لایەکی تر گۆڕان و نوێبونەوە لە هونەردا پێشەکی پەیوەندی بە تەبریری هونەرە لە هەر سەردەمێکدا. بۆ نمونە لەسەردەمی ڕێنسانس ئایینی کریستیانی موبەرەری هەرە سەرەکی بو بۆ ئەم هونەرە، کەلەپێناویدا هونەرمەندان بەم شێوەو ستایلە سەرنجی هەمو کۆمەڵگەی ئینسانییان ڕاکێشاو پیرۆزییەکی ڕەهای بە هونەرو هونەرمەندان بەخشی. ئەم جۆرە تەبریرە (کە هۆیەکی گەورەیە بۆ بەردەوامیی هونەرو ئێستێتیکایەکی ڕێک، پیرۆزو خودایی..)، لە سەردەمێک بۆ سەردەمێکی تر دەگۆڕدرێت.
ئەو چەمکەی کە دەڵێن لەسەردەمی مۆدێرنە، هونەرمەندان پشتیان لە تابلۆ کرد بۆ بەرەو کاری نوێ وەک ئینستەلێیشن، ڤیدیۆ ئارت، پێرفۆرمانس...هتد، ڕەها نییە، یاخود وانییە وەک زۆر لە هونەرمەندانی ئەم ناوچەیە تێیگەیشتون. پێشکەوتنی هونەر یەک هێڵی ڕێک و ڕاستی نییە تاکو هەر گروپێک بەکارێکی نوێ هەڵبستن و بەناوێک و فکرەیەکی خۆیان بێنە نێو گۆڕەپانی هونەریی، دەبێ هەموی تابلۆ بەجێبهێڵێت و ڕو لەو شێوازە بکەن. هەموی دەزانن کە ئەو هونەرمەندانەی، بۆ نمونە، کاری ڤیدیۆ ئاڕت دەکەن، پێشتر تابلۆیان نەکردوە، بەڵکو کاری ڤیدیۆ و سینەمایان خوێندوەو لەم بوارە داهێنانیان ئەنجامداوە، وەک بیل ڤیۆلا. یا ئەوانەی کە ئینستەلێیشنیان دەکرد زۆریان خاوەن فکرەی ئەوە بون کە پێکهێنانی فۆڕمی مۆدێرن بە هەر کەرەستەیەک، وەک پەیکەرە، یا لە جێگەی پەیکەرە، تەنانەت کاری پێرفۆرمانس کە وەک نمایشی شانۆیی هەمو هونەرەکان لەخۆدەگرێت، مانای ئەوە نییە دەبێ ئەوانی تریش بێن ئەوە بکەن. بەڵام هونەرمەندیش هەیە زۆر مۆدێرنە، تابلۆ و پەیکەر و سیرامیکیش ئەنجامدەدات و کاری پێرفۆرمانسیشی کردوە، وەک (میگێل بەرشێلۆ) لەگەڵ)جۆزێف ناجی) بەیەکەوە. هەروەها هونەرمەندێکی وەک (ئەنسێلم کیفەر) کە هەمو جیهان دەیناسێت، یەک لە مۆدێرنترین هونەرمەندی ئەڵمانیایەو تابلۆ دەکات، بەڵام بە شێوازێک کە پێشتر هیچ هونەرمەندێک نەیکردوە. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە کە لەو سەردەمە مۆدێرنەدا لە وڵاتانی پێشکەوتو، هیچ بزاڤێکی هونەری نایێت تاکوئەوانی تر بسڕێتەوە، بەڵکو ئەو تەبریرانەیە دەگۆڕێت بە پێی پێویستی سەردەم.
لەسەرەتای سەدەی بیستەم، دوای جەنگی جیهانی یەکەم، کۆمەڵگەی ئینسانی لە ئەوروپا توشی شۆک هات، کە لەو خەیاڵەدا نەبون بەم شێوە بێهودەییە بکەون. هیچ شتێک بەهای ڕاستیی خۆی نەمابو، تەنانەت هونەریش هەمو بەهاکانی لەدەستدا، چونکو نەیتوانی شتێک بکات تاکو شەڕ ڕونەدات. لێرەدا داداییەکان دروستبون، هونەر هیچ تەبریرێکی نەما، لە (بێ بەهاکردن) زیاتر. تەبریری پیرۆزیی و ئایین و خودا، مردن و نغرۆ بون، لە جێگەی ئەوانە، (یاری، سیمبۆل، ئیحتیفال) بون بە تەبریری هونەری سەردەم. هەر بەمجۆرەش بە پێی هۆو ئاکامەکانی سەردەمی پیشەسازیی پێشکەوتو، دور لە بازاڕی هونەریی و میللی، گروپی (Fluxus) بە کۆمەڵێک هونەرمەند، شانۆکار، مۆسیقی، سەماکار، سینەمایی، هەروەها شێوەکاریش، لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمێریکاو یابانیش، بەکاری نوێی هونەریی هەڵستان. بەڵام ئەوانیش وەک داداییەکان، بەهەمان بنەمای فکری ئامادەیی خۆیان نواند. هونەرمەندانی مۆدێرن لە وڵاتانی پێشکەوتو زۆرن و هەریەکەی بە فکرێک و فەلسەفەیەک کاری خۆیان ئەنجامدەدەن. ئەوە ڕێک کاریگەری بارودۆخی ئاستی پێشکەوتن و گەشەی ئێستێتیکیی کۆمەڵگەو مێژوەکی چڕوپری هونەریی و فەلسەفییە، کە هەمو کاتێک شەرعییەت بەو جۆرە هونەرانە دەدات و کۆمەڵگەش بەڕەوا وەریدەگرێت...
لێرەدا لەگەڵ ئەزمونی ڕاستەقینەی خۆم بەدرێژایی ژیانی هونەریم، هاتوم، کە بەڕاستی لەو بوارەوە تایبەتمەندم. هەر کارێک گەر تێیدا ئەزمونێکی درێژت نەبێت، باوەڕناکەم هەرگیز لێی سەرکەوتوبیت. لەهەمان کاتدا بەپێی قۆناغ و ناوچە من لەسەر ئەو سێ بنەمایە کاردەکەم کە ئێستێتیکای ئەم سەردەمەی پەیڕەوکردوە، ئەوە باسی ناوچەکە ناکەم، کە تا ئێستا (ئەوەندەی من ژیاوم)، هیچ پێشکەوتنێکم نەبینیوە لە عەقڵ و فکریی کۆمەڵایەتی و سیاسی، هەروەها لە بواری زانست و تەکنەلۆژیا، بەڵکو لە کۆمەڵگەیەکی ئیستیهالکیی زۆر بێکەڵک و بێ بنەمای مێژویی زیاتر هیچی تر نییە.
مۆدێرنیزم، جگەلە بنەمای زانستی و تەکنەلۆژی جۆرە خەڵکێکیشی دەوێت کە وەری بگرێت و بیکات بە ڕەوشت و ستایلی ژیان، ئەوەش لە کۆمەڵگەکانی ئیسلامی و قەومی، ڕەنگە مەحال بێت....
دارۆ: لە ئەدەبیاتی مێژوی ڕەخنەی هونەریی شێوەکاریدا، لە کۆنەوە تاکو ئێستا وا باو بوەو هاتوە، دوای پیادەکردن و بەرهەمهێنانی کاری هونەریی لە لایەن هونەرمەندەوە، مێژونوسان، پسپۆڕان و ڕەخنەگرانی هونەر دێن و کارە هونەرییەکان هەڵدەسەنگێنن و خوێندنەوەو شڕۆڤەی هەمەلایەنەو جۆراوجۆر بۆ بەرهەمەکان لە زۆر ڕوی جیاوازی باکگراوندیی مێژوییەوە دەکەن، بۆ نمونە قوتابخانە هونەرییەکان و شێوەو ستایلی هونەرمەندان دەبەستنەوە بە فۆڕمێکی دیاریکراوی یەکێک لە ڕێچکەکانی هونەرەوە، جا ئەمە زۆرجار وا ڕویداوە کە پاش مردنی هونەرمەند ئەمانە هاتونەتە گۆڕێ و زۆرجاریش هونەرمەندەکە لە ژیاندایە کاتێک ئەم هەڵسەنگاندنانەی بۆدەکرێت.
پرسیارەکە ئەوەیە، ئەوەی لەسەر زۆربەی هونەرمەندانی شێوەکاری خۆمان دەنوسرێت و دەبینرێت، هەروەهاش ئەوەی لەسەر تۆش تا ئێستا خوێندبێتمەوەو کەم تا زۆر ئاگادار بوبێتم، ئەو تێکستانەی لە سەر کارەکانت، هەروەهاش لە سەر خۆتیان نوسیوە، هەندێک لەو ڕەخنەگرانە تۆیان بە هونەرمەندی تەعبیری پێناسەکردوە هەندێکی دیکەش هونەرەکەتیان وەک ئەبستراکتیی تەعبیری یان ئینفۆرمێل شوبهاندوە، چەند نوسەرێکیش تۆیان خستۆتە ناو قوتابخانەی واقعییەوە، هاوکات هەڵسەنگاندنی منیش بۆ بەرهەمە هونەرییەکانت تاڕادەیەکی زۆر جیاوازەو دورە لەو ڕێچکە هونەرییانەی سەرەوە کە ناویان هێنران، بە تایبەتیش ئەم بەرهەمانەی کە لێرەدا لە گەلەری ئێستا هەڵبژێردراون بۆ نمایشکردن، ئەمانە تەریب بەوەی بەرهەمی هونەریی هاوچەرخن بە بڕوای من، ناکرێت بخرێنە پاڵ هیچ یەکێک لەو قوتابخانەو شێوازو بزاڤە هونەرییانەوە، هاوکات ئەگەر لە حاڵەتێکدا بە مەبەستیی بەرچاوڕونیی لە پێناوی خوێندنەوەیەکی مێژویی پێویست بکات ناویان لێ بنرێت؛ ئەوا وەک خۆت لێرەدا ئاماژەت بۆ کردون، ئەو بەرهەمە نوێیانەی بە تەکنیک و مەتڕیاڵی ئاکواڕێڵ- ڕەنگی ئاویی بەرهەمهاتون، لە ستایل و شێوازی واقعیدا هاتونەتەکایەوە، بەڵام ئەو کارانەی کە بەشی زۆری پێشانگاکە پێکدێنن و لەسەر کانڤاس بەرهەمهاتون، بەلای منەوە پشت بەست بە ئەرگومێنتیی چۆنیەتی بەکاربردنی پانتایی و داڕشتن و بەکارهێنانی مەتڕیاڵ و هەڵبژاردنی ڕەنگ و کارکردنی بابەتیانەو ناوەرۆکی کارەکان، ئەمانە دەچنە ستایل و چێوەی هونەری ئێکسپرێسیۆنیستی نوێ-دەربڕینخوازی نوێ-وە.
وەکوتر، دیارە هونەری نیگارکێشان لە زەمەنێکدا دەژی، کە قوتابخانەو ڕێچکە هونەرییەکانی لە مێژە بەجێهێشتوەو سەردەمی دروستبونی قوتابخانەو ڕێچکەی هونەریی بەسەرچون و لە ئێستادا هونەرمەند بە شێوازێک کار دەکات، کە هیچ پێویست نەکات، بە ڕێچکەو ستایلێکی هونەریی مێژویی دیاریکراوەوە سنوردار بکرێت، بەڵکو تایبەتمەندییەتی و ئیندیڤیدواڵی لە بەرهەمهێندا بە ژمارەی یەک دێت و ئەمەش کەسایەتیی هونەرمەند لە ڕێی کارەکەیەوە لەوانی دیکە جیادەکاتەوەو شوناسیی پێ دەدات. ئایا ئەمە تۆ چۆن لێی دەڕوانیت؟ ئایا خۆت پابەندیت بە یەکێک لەو ڕێچکە هونەرییانەی سەرەوە کە باسکران؟ ئایا دەتەوێت سەر بەکامە لەم قوتابخانە هونەریانە هونەرەکەت ناوزەند بکرێت؟ حەزدەکەیت بخرێیتە کام بزاڤی هونەرییەوە؟
قەرەنی: بێگومان لە مێژوی هونەر بەگشتی، هەروەها لە بواری ئەدەب و فەلسەفەیش، شێوەو ڕێبازێکیان داڕشتوە تاکو وەک مێتۆد کار لەسەر مێژو، هەڵسەنگاندنی هونەریی بکەن و جیاوازییەکانی نێوان شێوازە هونەرییەکان پیشانبدەن. ئەمەش وایکردوە کە قوتابخانە هونەرییەکان و ڕێبازە نوێیەکان ببنە پێوەر بۆ ناسینی شێوازو جۆری کارکردنی هونەرمەندان. ئەم هەڵسەنگاندنە تاڕادەیەک لە قۆناغە جیاجیاکانی ڕابردو دروستبو، زۆریش سەرکەوتو بو بۆ نوسینەوەی مێژوی هونەرو لەیەکجیاکردنەوەی شێوازو تەکنیکی بەکاربردوی هونەرمەندانی هەر قۆناغێک، بەڵام لەم سەردەمە، بەپێی گۆڕانکارییەکانی مێژویی، چ لە ڕوی هونەرییدا، چ لە ڕوی سیستمی کۆمەڵگەکان لە وڵاتە پێشکەوتوەکاندا، هەڵسەنگاندن و شرۆڤەکان شێوەیەکی تری وەرگرتوە، قوتابخانە هونەرییەکان ئیتر نابنە پێوانەی هونەر، چونکە پێش هەمو شتێک ئێمە لە سەردەمێکی زۆر تیژڕۆدا دەژین و هیچ شێوازێکی هونەریی لە چەند ساڵێک، بگرە لە چەند مانگێک زیاتر بەردەوام نابێت، تەنیا هونەرمەندەکەیە دێت خودی خۆی ئەنجامدەدات، بە مۆرکێکی جیاواز.
من پێشتر گوتومە کە کارێکی هونەریی ئەنجامدەدەم بیر لە هیچ شێوازو ڕێبازێک ناکەمەوە، ئەوەی دەیکەم داڕشتنی فکرەیەکە، یا بەدیمەنکردنی فکرەیەکە، بە تەکنیکێکی سەربەست کە جێگەی ڕەزامەندی خۆم بێت.
رەخنەی هونەریی لەو ناوچەیەی ئێمە بەگشتی، هیچ بنەمایەکی فکری و فەلسەفی نییە، تەنانەت ئەوەی ڕەخنەو هەڵسەنگاندنی هونەریی دەکات، بینینی تابلۆو کاری هونەریی، چ خۆجێیی چ جیهانیی لای گرینگ نییە، ئەمەش کاتی زۆری دەوێت، بۆیە ئەوەی هەیە هەندێ ڕستەی ئامادەکراوی ڕۆژنامەگەریی زۆر دواکەوتوە. خۆ ئەوانەش ڕێچکەو ڕێبازە هونەرییەکانی ئەوروپی نازانن و قۆناغە هونەرییەکانیان نەخوێندۆتەوە، تاکو بیکەن بە بنەمای نوسینەکانیان و شارەزاییەکی وایان نییە.
ئەو کارە ئاوییانەم، ڕاستە وەک شێواز ڕیالیستین، بەڵام من هاتوم ئەو فکرەی کە لە خەیاڵمدا کەڵکەڵەی کردوە، وەک خەون لە نێو خەوندا، ئەنجامبدەم. بەهیچ شێوەیەک خۆم بە هیچ شێوازو قوتابخانەیەک نەبەستۆتەوە، لەبەر ئەوە ئازادیی ڕەها بۆ هونەرمەند گرینگە (ئەوا بەهرەو ئاستی تەکنیکی کەسی هونەرمەند زۆر گرینگە، باس ناکرێت...)
دارۆ: پیکاسۆ لە پرسیی بە دواگەڕان و دۆزینەوەی فۆڕمدا، وتەیەکی بەناوبانگی بۆ هێنانەکایەی فیگەرو میکانیزمی ئیشکردن و پێکهاتەی داڕشتنی تابلۆکانیدا هەیەو ئەڵێت: هەندێک کەس پێیان وایە من گەڕیدەم: بەڵام من بەدوای هیچدا ناگەڕێم، بەڵکو من ئەدۆزمەوە.
هونەرمەندێکیتر لە وەڵامی هەمان پرسیاردا ئەڵێت: من بەدوای شتێکی دیاریکراودا ئەگەڕێم و ئەیدۆزمەوە.
لە زۆربەی کارەکانتدا ”بابەتیانە“ پڕۆسێسێکی بەدواگەڕان بەدیدەکرێن، هاوکات لەگەڵ بەدواگەڕانی ئەرخیۆلۆجیی شوێنەوارناس و زانستیی ئاسەوار لێکچونێک ئەتوانرێت ببینرێت، لێرەدا ئەمەوێت دوجۆر بەدواگەڕان کە بونیان لە کاری هونەرییدا هەیە بهێنمە بەر باس؛ یەکێکیان بە دواگەڕانێکی کۆنسێپتواڵیانەی هونەرمەندە بۆ پیشاندان و گوزارشتکردن لە بابەتێکی دیاریکراو و گێڕانەوەو پیشاندانی چیرۆکێک، یان کارەساتێک، یاخود چێژو ئارەزوی دەربڕینێکی ئەبستراکت و ئێستێتیکی ڕەها. ئەوی دیکەیان، لەوانەیە بەدواگەڕانێکی دەروێشیی و ڕۆحیی بێت و هونەرمەند بیەوێت لە ڕێی هونەر و زمانی هونەرەکەیەوە گوزارشت بکات، تا بتوانێت ماناو چەمکێک بۆ خۆی و ژیانی پەیداو پیادەبکات.
هاوکات تەریب بەم دو بە دواگەڕانەدا، لە لای تۆ بە دواگەڕانێکی زیاتری دیکەش ڕەچاو دەکرێت، کاتێک لە هەندێک لە تابلۆکانتدا فیگەرەکان دەبینرێن کە چۆن گەڕیدەن و بە دەوری چاڵ و هەورازو نشێوی ژینگەیەکی بەتاڵی وشکدا دەگەڕێن.
پرسیارەکەی تر کە پەیوەستە بە جیهانی خودی ناو تابلۆ خۆیەوە، واتە لەناو تابلۆکانتدا چۆن بەدوای بابەت و خواستە هونەرییەکانتدا دەگەڕێیت؟ ئایا وەک پیکاسۆ لە ڕێی ئۆتۆماتیکیەتی سروشتیی کارکردنەوە فۆڕم و فیگەرو بابەتەکانت ئەدۆزیتەوە؟ واتە کاتێک سەرەتا دەچیتە سەر کانڤاس، پیکاسۆ ئاسا نازانیت چی وێنە دەکێشیت؟ پاشان دوایی لە ڕێگای میکانیزمی کارو ڕێکەوتەوە فۆرمەکان دروستدەبن و بە ئاگاییەوە دەریان دەهێنیت؟ یاخود وەک ئەو هونەرمەندەی دیکە، کە ئەڵێت دەزانم بەدوای چیدا ئەگەڕێم و ئەیدۆزمەوە، لای تۆ پرۆسەی بە دواگەڕان لە کارو بەرهەمی هونەرییدا چۆنە؟
تۆ دوای زیاتر لە چل ساڵ لە ئەزمونی هونەریی و پرۆسێسی نیگارکێشان و کارکردنی بەردەوام و بەرهەمهێنان و هێنانەکایەی چەندین شاکاری هونەریی نیگارکێشیت، بە گشتیی بە دوای چیدا دەگەڕێیت؟ تۆ وەک قەرەنی جەمیل، هونەرمەندێکی ناسراو لەم هەرێم و وڵاتەی ئێمەدا، پێت وایە لەم بەدوا گەڕانە دورودرێژەی ژیانت، هیچت دۆزیبێتەوە؟ ئایا مرۆڤی هونەرمەند بەدوای چیدا دەگەڕێت، هونەرو نیگارکێشان چ مانایەکی هەیە بۆ تۆ؟
قەرەنی: لە سەردەمی پیکاسۆ کارکردن لەسەر فۆڕم زۆر گرینگ بو، ئەگەر گەڕان بوایە یاخود دۆزینەوە. بەڵام لە ئەنجامدا جیاوازییەکی گەورە لە نێوانیاندا نەبو. ئەو سەردەمە سەرەتایەک بو بۆ گۆڕانکاری گەورە لە هونەری شێوەکاری، هەر هونەرمەندەو بە شێوازێکی تایبەتی خۆی کارەکانی ئەنجامدەدا، ڕەنگە لە ڕوی فکرییەوە یا بابەتییەوە کەمتر بایەخیان دابێت، بۆیێ دەبینین زۆر لە کارەکانییان پۆرترێت و ستیللایف و سروشت، بە جۆرێکی جیاواز لە ڕابردو ئەنجامدەدرا، پیکاسۆیش یەک لەوان بو، بەڵام بە بەهرەیەکی گەورەتر.
ئەو بۆچونەی تۆ بۆ کارەکانم وەک پرۆسێسی بەدواگەڕان، زۆر لام گرینگ بو، سەرنجی ڕاکێشام، چونکو ئەو دو جۆرە گەڕانەی کە تۆ دیاریتکردون، ڕێک لەگەڵ فکرو بۆچونی هونەرییم دێت، بەڵام دیسان، هەردو چەمکەکە لە چوارچێوەی ئازادییەکی هونەریی ڕەها پەیڕەو دەکەم. چەمکی گەڕان یا دۆزینەوە بۆ فۆڕم و بابەتی هونەریی لەم سەردەمەی ئێستامان، زۆر جیاوازە لەگەڵ ڕابردو. من بابەتێکم هەیە، بابەتی تاکە فۆڕم نییە، باشتر بڵێم ناونیشانێکی دیاریکراو نییە وەک بابەتی (دایک، سەفەر، سوتان، خۆشەویستی...) بۆ نمونە، بەڵکو گێڕانەوەیەکم هەیە کە پێکهاتوە لە ڕوداوێک لە نێو زەمەن و شوێندا، ئەم پڕۆسێسە لەگەڵ زەمەنی ئەنجامدانی تابلۆکە بەرجەستە دەبێت. لێرەدا گەڕانی دوەم دێت کە گەڕانێکی دەروێشیی و ڕۆحییە، ڕێک لەگەڵ پڕۆسێسی کارکردندا ئامادەیە. لەو کاتەی کە بابەتی ناوەڕۆک (فکرە)، تەکامولی کردوەو لە شتە ناهونەرییەکان پاکبۆتەوە، بۆتە موڵکی خودی هونەرمەندو تەواو ئامادەیە، ئینجا دەکەوێتە قۆناغی ئەنجامدان. لە حاڵەتی ئەنجامداندا شێوەو فۆڕمەکان بەپێی فکرە، هەردو چەمکی گەڕان و دۆزینەوە ئامادەن، بەڵام بە بێئاگایی هیچ فۆڕمێکی گونجاو لەگەڵ فکرەیەک نایێت...
ئەو پرسیارانەی کە هەر لە سەردەمی ڕێنسانسەوە لە هونەرمەند کراوە، ئەوانەن کە زیاتر کەسایەتی هونەرمەندەکە تاقیدەکەنەوەو زۆریش قورسن، وەک: تۆ بەدوای چیدا دەگەڕێیت؟ هونەر چ مانایەکی هەیە بۆ تۆ؟ یاخود بۆچی تۆ هونەرمەندی؟ زۆریتر... بەڵام لە ڕاستیدا پرسیاری گرینگن. ژیانی ئینسان پڕە لە نهێنی، بە هیچ جۆرێک ناتوانێ پشتگوێیان بخات، چونکە دەبێتە هۆی لەدەستدانی زۆر شتی گرینگ لە ژیان و ئەو زەمەنەی کە پێی دەڵێن تەمەن. من و بەگشتی هونەرمەندان ئەو بەهرەیەی کە هەمانە لە وێناکردن و بەرجەستەکردنی هەست و نەست، لە دروستکردنەوەی سەرلەنوێی واقیع بەو شێوەی کە دەمانەوێت، ڕێک بەشەرعیکردنی ئەو ژیانەیە کە لە نێوان لەدایکبون و مردنی کۆتاییە، لەدەستنەدانی زەمەنە، ئەنجامدان و جێبەجێکردنی خودی خۆمە لە نێو سەدای ئەوانی تردا.
قەرەنی جەمیل حەسەن Hasan Jamil Karani
ساڵی 1954، لە شاری #هەولێر# لەدایکبوە، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر تەواوکردوە.
ساڵانی 1976-1977 پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی لە بەغدا تەواو کردوە.
ساڵی 1979 بەرەو ئیتالیا ڕۆیشت، تا ساڵی 1989 لە ئیتالیا مایەوە، ساڵی 1984 بەرەو ئیسپانیا ڕۆیشت، تاکو ئەم ساڵانەی دوایی 2003 هەر لەوێ کاری هونەریی کردوە، ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە کوردستان، دامەزرێنەرو سەرنوسەری گۆڤاری شێوەکاری بو، مامۆستا بو لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر لە بەشی شێوەکاری.
پێشانگا تایبەتییەکان:
1976 بەغدا هۆڵی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کوردی، لەگەڵ هونەرمەندی تورکمانی جەمال ئیبراهیم.
1977 هەولێر هۆڵی قوتابخانەی ئەیوبییە.
1984 بەرشەلۆنە/ ئیسپانیا، هۆڵیlujanes de Prat
1990 ڤالێنسیا/ ئیسپانیا، گەلەریAlhanas
2007 هەولێر هۆڵی میدیا
2008 سلێمانی گەلەری سەردەم
2013 ئەرکیۆلۆژیای کات و شوێن، هۆڵی میدیا، هەولێر
2018 ئینسانی وەهمی و وەهمی شارستانییەت، هۆڵی میدیا، هەولێر
2019 ستیل لایف، هۆڵی میدیا، هەولێر.[1]