ناو: زەکیە
نازناو: زەکێ بابان
ناوی باوک: محەمەد ئەمین
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
زەکیە محەمەد ئەمین بابان ناسراو بە (زەکێ بابان) لە سلێمانی لەناو خیزانێکی ناسراوی بابانییەکاندا لەدایکبووە. هەر لەم شارەشدا چەند پلەیەکی خوێندنی تەواوکردووە.
هەر لە سەرەتای تەمەنی لاویدا ڕێگای تێکۆشانی لە گرتۆتەبەرو دوای تێپەڕبوونی بە ماوەی پاڵاوتندا، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حیزب شەرەفی ئەندامێتی لەم حیزبە پێشکەوتووە تێکۆشەرەدا بەدەستهێناوە.
خاتوو (زەکێ بابان) هەرزوو بۆتە ئەندامێکی چالاکی پەیوەستگای مافەکانی ئافرەتانی عێڕاق و چەندان پلەو پۆستی سەرکردەیی هەبووەو بۆتە تێکۆشەرێکی ناسراوی بواری مافەکانی ژنان و یەکسانیان لەگەڵ پیاوانداو، بۆ بەرەوپێشبردنی باری ژیان و گوزەرانی ئافرەتان و، مافی کارکردنیان وەکو پیاوان بەبێ جیاوازی و لەسەرەتای ساڵانی پەنجادا.
زەکێ بابان ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو، لەناو ژنان و ئافرەتاندا بەگشتی و لەناو کچان و ژنانی سلێمانیدا بەتایبەتی بۆ پشتگیریی شۆڕشەکەی 14ی تەمووزی 1958 وپاراستنی دەستکەوتەکانی ولەوانە دامەزراندنی ڕێژیمی کۆماری لەعێڕاقداو، یاسا پێشکەوتنخوازییەکانی وەک یاسای چاکردنی کشتوکاڵ و یاسای (ئەحواڵی شەخسی- ڕەوشی کەسایەتی) کە پێشکەوتنخوازانە گەلێک لە مافەکانی ئافرەتانی تێدا بەرجەستەکرابوو.
خاتوو (زەکیە بابان) نەوەی (سلێمان پاشای بابان) سیاسەتمەدارێکی ماندونەناس و دڵسۆزو وەک دایکی هەژاران بوو، ئەم خاتوونە نازدارە یەکێکبوو لە ئافرەتە پێشڕەوەکانی بەشداری سیاسەت و لە خەباتی بێکۆڵداندا لە ناو ڕیزەکانی حیزبدا دڵسۆزانە خەباتی کردو لەگەلێک ناوچەو شاری کوردستان و عێڕاقدا بەشداری خەباتی نهێنی و ئاشکرابووە.
یەکەم خانمیشە کە بووە بە فەرمانبەر لەبانکی سلێمانی و خاتوونێکی ڕۆشنبیرو نەرم و نیان و زیرەک بوو، هەرچەند باسی بکرێت هێشتا کەمەو تەواو نابێت.
زەکیە بابان خۆشەویستی هەمووان بوو، جێی شانازی خێزان و حیزبەکەی بوو. هەمیشە ئامادەبوو بۆ تەرخانکردنی تواناو کاتی خۆی بۆ خەبات لە پێناو بەرژەوەندی و ئایندەی گەشەداری ژنان وکچانی کوردستان وعێڕاقدا، بۆیە کۆنەپەرستان و بیرتاریکەکانی ناو کۆمەڵ و ڕێژیمە دیکتاتۆرو فاشیستەکان ڕقیان لێیبوو، خۆشیان نەدەویست.
لەدوای کودەتا شوومەکەی شوباتی 1963لە دژی شۆڕشی 14ی تەمووزی پیرۆزوئامانجە نیشتیمانی و پێشکەتنخوازەکانی، ئەمیش وەک دەیان هەزارشیوعی و نیشتیمانپەروەر کەوتە بەر داپڵۆسین و تووشی دەستگیرکردن و زیندان و ئازاردانبوو بێ ئەوەی کۆڵبدات.
ئەم خانمە وەک سەرکردەیەکی خەباتی ئافرەتانی کوردستان نەبەزانە تێدەکۆشاوبووە یەکێک لە سەرکردە ناسراوەکانی لقی سلێمانیی پەیوەستگای بەرگری لە مافەکانی ئافرەتانی عێڕاق و کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان و لە حیزبیشدا بەرەو پێش دەچوو تا بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوچەی بەغدای حزبی شویعی. چەندان جار توشی گرتن و ئازاردان بووەو کۆڵی نەداوە، کاتێک لەو پۆستە حیزبییە بەرزەدابوو کۆمیتەی ناوچەی بەغدا کەوتە بەر دڕندانەترین هێرشی داپڵۆسینی دەزگاکانی هەواڵگریی ڕێژیمی سەدام و دەستە فاشیستەکەی و، بەرپرس و زۆرلەئەندامانی ئەو کۆمیتەیە، لە ئەنجامی ناپاکیی کەسێکی ترسنۆکدا، دەستگیرکران کە یەکێکیان هاوڕێ (زەکێ بابان)بوو، تووشی ئازارو ئەشکەنجەدانێکی زۆربوو، بەڵام دوای ئەوهێرش و گورزە سەختەش حیزب هەستایەوەو، کۆمیتەی ناوچەی بەغدا برینەکانی خۆی ساڕێژکرد و شوێنی گرنگی خۆی لە مەیدانی تێکۆشاندا گرتەوە.[1]