دەوری ئەم قەڕنە لەسەر من بە ستەم هات و گوزەشت
ساڵ و مەه، هەرچی حەیاتم بوو، بە غەم هات و گوزەشت
لەنگەری تایری دەوڵەت لەسەرم توولی نەبوو
وەکوو هەورێ کە بخا سایە، بەهەم هات و گوزەشت
قافڵەی عومری گرانمایە لە ئیقلیمی وجوود
چەند چالاک و سەبوکڕەو، بە عەدەم هات و گوزەشت
جوستەنی تیری ڕەوانت بە نەفەس توولی نەما
وەک کەمان قامەتی پیری کە بە خەم هات و گوزەشت
لە گوزەرگاهی وجوودا بە شیتابێکی تەواو
بۆ بیابانی عەدەم، مەوکیبی جەم هات و گوزەشت
بوو بە چین جوملە لە پێشانییی نامەردی بەخیل
لە کەفی مەردی سەخی، هەرچی درەم هات و گوزەشت
ئەشکی سالم کە لە جۆشا هەموو خوێناوی دڵە
وەه چ سەیلێ بوو کە وەک ڕەنگی بەقەم هات و گوزەشت! [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#