گەرچی نیی مەحشەرشەفیعم، لاعیلاج
شادمانم پێت وەکوو ڕاهیب بە خاج
ئاهوویی چین گەر ببینێ گەردەنت
دەر زەمان دێنێ لە گەردنیا، خەراج
خاک و سایەی کۆیی تۆم گەر دەس کەوێ
نامەوێ ئیتر ئومووری تەخت و تاج
دەوری پوستانت لە زوڵفت جەدوەلە
وا لە حەلقەی ئابنووسا گۆیی عاج
عومری عاشق وەک وەفا نابوود دەبێ،
گەر بدەی بۆ نەقدی جان، ئەمری ڕەواج
عەکسی ڕووت دایم لەناو دیدەی پڕ ئاو
زاهیرە وەک مەی لەتوێی پەردەی زوجاج
بۆ لیباسی تالیعی واروونی من
بێ وەفایە عەهدی تۆ وەک ڕەنگی زاج
گەر بە ئەغیار ئاشنام چارم نییە
شێر دەباتە تەبعی ڕووبەه، ئیحتیاج
موددەعی وا لافی هەمحوسنیت دەدا
پێشی ئەعما هەر یەکێکە نوور و داج
تووشی ڕاداری ئەجەل سالم کە بووی،
ڕەسمی ئەو بۆ باری عومرت جانە، باج [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#