کەس نەڵێ پێم: ئەی فڵانی! هەجوی سەنگ هەڵکێش مەکە
ئاشپەزی هەجوم، بەوەڵڵاه دەیجنم وەک کوولەکە!
دوور لە دینم، میسلی نەمروود بۆ منارەی هەجویات
خاک و زێت پێ قەد دەکەم، ئەی سەنگشکێن، وەک چۆلەکە
نەوعی کوردیی هەجویاتێ توربەڕێژی یادگار
خاکی هەجوی تێ دەکەم دەیئاخنم وەک توورەکە
سا کە دڵ دێنێ دەبێ عەرز کەم لە عەرسەی مەحفەلا
هەڵسە بێن یاران لەدەورم ڕۆبنیشن کۆمەکە
با بە شەرتێ مەنعی کەن، گەر حەملەزەن بێ بەزمی جەنگ
کەڵبەتیژی پەتپسێنە، سەنگکرۆژەی کۆپەکە
گەر بە قار و قین و جەنگ هات پێی بڵێن: خۆی لابدا
وەرنە شڵپەژنی شەقم ئاوازی هەر وەک فیشەکە
پشتی پێم سمتی لە یاریدا وەها خاراندووە
گەر بە کیفی خەنجەری کەی جووتێ پێستی هۆشەکە
شین کەوایە، شڕ عەبایە، فووتە خەنجەر، بۆزە ڕیش
ئیسمی سەنگ هەڵکێشە، توند و تیژە، وەک شوانی لەکە
مێخ بەدەستە، مێخ بە پشتە، مێخ ڕفێنە، مێخ دەرێن
مێخ بە پێشە، مێخ بە پاشە، مێخ شکێنە، توولەکە
کلکی جوانووی ڕووتە وەک سنگ، سنگی خۆش میسلی مەکەک
سنگ بە سنگ کەن ئاڵوگۆڕ کەن، چونکە هەر دوو وەک یەکە
بەزمی ساردی ئاوی ڕێ مێخی بە بن مێخیا کوتین
گەر جەوەندەی پیا بکەی ساردی دەکا وەک تەرزەکە
مستێ ئاڵەت بێنم و بیڕێژمە بن دووی جوانوەکەی
گەر جەوەندەی پیا بکەی ساردی دەکا وەک تەرزەکە
هێندە حەیوانە ئەگەر دوو ڕۆژ لە سەحرا پووش بخوا
بعد از آن ئادەم نییە یا سابرێنە یا شەکە!
چونکە بابی قاترانە، کەر دەبێ قەدری ببێ
با بچم دادروم هەوسار و پاڵوو و کووژەکە
گەر کەسێ بێ بیکڕێ وەسیەت دەکەم ئەم ئیشەکە
وەستەکە سستەکە لە ڕێ تێی هەڵدە باری لێ مەکە
ئەلقابی سەنگ، ئیسمی ئەحمەد، کونیەتی هەڵکەندنە
وەک عەرەب سێ ناوە خۆ ئەم شێتە قەددەم خوشکەکە
گەر لە بێشە عاقڵی کرد گوێی حەماقەت تاق و جووت
هەر کەسێ نەزدیکە لێی هەڵدایە، یاڵدا فیکە کە
سەنگشکێن عەفوت دەکەم لاکین بە شەرتێ بعد از این
ئەحمەقانە قەت بە هیچ نەوع مەدح و زەممی کەس مەکە [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#