موژگان و ئەبرۆیی تۆ: ئەم تیر و ئەو کەمانە
سینە و دڵی فگارم: ئەم سەیدە، ئەو نیشانە
بۆ دڵ لە دیدەیی یار، دووری خیلافی عەهدە
ناکا خوماردیدە تەرکی شەرابخانە
ئەگریجەکانی کوڵمت یاتاغی مورغی دڵمە
بولبول لە پەهلوویی گوڵ بەستوویە ئاشیانە
هەستانی تۆ بوو هەستا ئاگر لە کولبەیی دڵ!
دانیشە دا بنیشێ شوعلەی خەرابخانە
بێخود لە وادییی عیشق، لافی سەڵابەتم دا!
نەمزانی شێرگیرە، ئەو چاوە ئاهووانە!
گرتم بە دەست و بەستم تا مەیلی تۆ بەکامە
تەسبیحی سۆفییانە، زونناری کافرانە
گەه دڵ لە سەیری دەیرە، گاهێ موقیمی مەسجید
مەقسوودی ئەسڵیی من تۆی، ئێرە و ئەوێ بەهانە
جەزبەی تەبەسسومی تۆ (سالم) بە گریە دێنێ
وەک غونچە وا کە گاهێ، ئاهیستە، ئەو لەبانە [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#