تیروەش دەی مەﮪ گوزەشت و عەهدی نیسان هاتەوە
بولبولی بێ دڵ لەدەوری گوڵ بە ئەفغان هاتەوە
سەختگیری کرد ئەگەر سەرما وەکوو ئەفراسیاب
بادی نەورۆزی بە میسلی پووری دەستان هاتەوە
لەشکری گوڵ جوملە خەندانن دەڵێن: سەرما شکا
تا سولەیمانی سەبا بۆ دێوی زستان هاتەوە
باغە پەژموردەی خەزان و خوڕڕەمی ئەوقاتی حووت
ماهی نەورۆزی بە عەکسی ماهی ئابان هاتەوە
بای شەماڵ هێنایە جونبوش قامەتی سەروی سەهی
بۆ خیابانی چەمەن قومری بە ناڵان هاتەوە
سارە دڵدادەی شکۆفەی شاخساری تەرفی باغ
بێخود و ڕەققاس و سەرمەست و غەزەلخوان هاتەوە
بۆ شکۆفەی تیفلواری یەک شەبەی شاخی درەخت
ڕەحمەتی ئیزەد لەگەڵ هەر قەترە باران هاتەوە
ڕووبەڕووی تیفلی نەباتاتی چەمەن موشتاقوار
دایەیی ئەبری بەهاریی ئەشکڕێزان هاتەوە
دەنگی سەد ڕەنگی کوڵنگ و قاز و سۆنە و بۆرچین
سازوەش هەر سوو لە گوێی سەبزە و شەتاوان هاتەوە
سەیری گوڵشەن کەن لە چیهرەی گوڵ شەوی ئوردیبیهیشت
هەر تەرەف بۆ مەجلیسی بولبول چراغان هاتەوە
سەبزە وەک مەخمەڵ لە هەر جا فەرشە بۆ سەحنی چەمەن
مەوسیمی عەیش و تەرەب بۆ مەیپەرستان هاتەوە
بۆ دەماغم عەهدی گوڵ ئەفسوردەگیی سەردی نەما
تا لە گوڵشەندا بە سەرما بۆیی ڕەیحان هاتەوە
پێی وتم دوێشەو لە کونجی میحنەتا وازیح سرووش:
وا چراغی دوودمانی ئەهلی بابان هاتەوە
چیهرەیی مەقسەد هووەیدا بوو لە هەر جا سوبح وار
موژدە ئەی یەعقووبی دڵ یووسف بە کەنعان هاتەوە
ئاشکارا هەر تەرەف هودهود لە پەروازا دەڵێ:
ڕووبەڕووی موڵکی سەبا تەختی سولەیمان هاتەوە
بەرقوەش بۆ موڵکی مەورووسی لە قوستەنتینەوە
حاکمی مەنفی بە ئەمری سەدر و سوڵتان هاتەوە
ئاسەفی سانی مورەخخەس بوو بە ئەمری پادشاه
بۆ نیزامی موڵکی بەینی ڕۆم و ئێران هاتەوە
من وتم: چۆن بو لە آغدنگز نەجاتی دڵ وتی:
شاهی کەیخەسرەو بە جەیحوونا بە ئێران هاتەوە
فیتنەخێزە ڕاهی قوستەنتین بە میسلی هەفتخوان
ئەم بە هەر خوانێ وەکوو ڕووبینتەن ئاسان هاتەوە
نۆکەرانی بێ ڕەمەق کرد خیسسەتی تەبعی مونیب
بۆ تەنی موردەی خەلایق یەک بە یەک جان هاتەوە
شەهد و تەڵخە لوتف و قەهری بۆ قەراری نێک و بەد
شاهی نەحلاسا بە یادی نۆش و نێشان هاتەوە
خۆش نوما شەمشێری ئەو بوو وەک هیلالی شامی عید
ماهی نەو دەرکەوت و عیدی ڕۆزەداران هاتەوە
بۆ قیساسی موستەحەق و قەبز و بەستی موددەعی
شێری مەردی گوردی پیلەفگەن بە مەیدان هاتەوە
خۆشە ئەمجا بۆ تەڕەددود بازیان و شەهرەزوور
عادیلی نادرڕەوش بۆ جانی دوزدان هاتەوە
بێن بەهەم با دەنگی گریەی مولحید و خەندەی مورید
بۆ نەمانی کوفر و زوڵمەت بەدری ئیمان هاتەوە
شەبنشینانی خەفەت با زەڕڕەئاسا بێنە ڕەقس
وا لە بورجی دەوڵەتا خورشیدی ڕەخشان هاتەوە
چونکە دیهقان نۆکەر و بەگ چەرچییە و ئاغا بەقاڵ
بۆ نیزامی نۆکەر و بەققاڵ و دیهقان هاتەوە
بچنە سەر سەنعاتی ئەوەڵ کەفشدۆز و پینەچی
حاکمی مەرکەزشناسیی ئەهلی دیوان هاتەوە
دیم لە بابانا ڕەعییەت زاڵم و نۆکەر فەقیر
مونعەکیس بوو قەزیە وا بابی فەقیران هاتەوە
شەقوەشێن ئامادە بن بۆ کاسبی شوورانشین
پشتی لەشکر سەدری مەجلیس میری میران هاتەوە
گریە کا دەنگی دەردێ با کەریم ئاغای نەنێ
حاکمی مەعزوولکەردەی ئەو بەشادان هاتەوە
تەپڵی بدڕێنێ عەلەم ون کا جەنابی کاک ئەمین
قابیلی بەیداغ وتەپڵ و لەشکر و سان هاتەوە
خۆی بە پەت ئەمجا بتاسێنێ مودیری پەت لە مل
ساحیبی چەتر و لیوا و تەوق و فەرمان هاتەوە
خرسخوو کەهیایی مازی بوو لە دەشتی شەهرەزوور
پێی بڵێن: خۆی ڕاگرێ وا شێری غەڕڕان هاتەوە
چونکە شێوەی زاغی بوو سەرکاری کەهیا موددەتێ
بۆ شکاری ئەو لەسەردا بازی تەڕلان هاتەوە
سەنگەری عەهدی عەزیز بەگ کەڵکی کەهیا ناگرێ
ساحیبی شەمشێر و دیرع و خوود و خەفتان هاتەوە
ڕەنگە ئەمجا بێتە گاڕان سەرحەدی موڵکی سنە
ڕموەشێنی مەعرەکەی دەشتی مەریوان هاتەوە
کەڕڕ و فەڕڕ با کەم بکا والی بە فەوجی چێش کەرۆ
پوشتبەندی لەشکری وەندات و جافان هاتەوە
تایری دەوڵەت بحمدالله بە ئەمری شەهرەزوور
موستەعید و خوڕڕەم و یازان و تازان هاتەوە
کەوتە ناو کەففەی کەرەم دووبارە خەرجی شەهرەزوور
تالیعی موفلیس و دەروێش بوو کە قائان هاتەوە
من بە شەک دەموت: نەجاتی کەی دەبێ پاشا لە ڕۆم؟
دڵ وتی سالم: یەقینت بێ بە قورئان هاتەوە
ئەهلی دانش حاتەمی بەخشش بە ئەبجەد کەن حیساب
با نەڵێن: کانی کەرەم کەی بوو بە بابان هاتەوە [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#