حاڵەتی عاشق گەلێ ئەوقاتی دڵگیری هەیە
سوبحدەم بۆ ئەهلی دڵ ئەنواعی تەئسیری هەیە
زەربی سوجدەی ئاستانەت باز ڕەواجی دا بە ڕووم
خاکی دەرگات بۆ جەبینم حوکمی ئیکسیری هەیە
حاجیبت گەر بمکوژێ ناڕۆم بە زوڵفی تۆ قەسەم
لەم دەرە پێی خاترم ئەڵبەتتە زەنجیری هەیە
فیتنەجۆیە تورکی چاوت مەیلی خوێنڕێژی دەکا
ڕووبەڕووم دایم لە ڕووما تیر و شەمشیری هەیە
عەینی جەهلە ڕوویی دڵ گەر سوویی تەرساخوو نەکەم
شێخی سەنعانیش لە ڕێگەی عیشق دا پیری هەیە
زاهید ئەر لافی فەساحەت لێ بدا باوەڕ مەکەن
بەدسروشتێکە بە فەن سەد دام و تەزویری هەیە
ئەی ڕەفیقان بێنەوە نوکتەی عەجایب بشنەون:
سالمی مەجنوون لە عیشقا مەیلی تەدبیری هەیە [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#