چونکە ئیقلیمی فیراق ئاب و هەوایێکی نییە
باغی پەژموردەیی دڵ نەشئونومایێکی نییە
ڕووم لە میحرابی برۆ سەعبە لە هیجرا کەچ بێ
پادشەه وەک دڵی من قیبلەنومایێکی نییە
زەنگی میرئاتی دڵم شاهیدە ئەییامی فیراق
ئاینەش بێ ڕوخی جانانە سەفایێکی نییە
نوتقی پەروانە دەبەستێ بەیەقین شەوکەتی شەمع
پڕ دڵی دەردە دەسووتێت و سەدایێکی نییە
چونکە بۆ نووری وەفا تالیبە پەروانەیی عیشق
غەیری شەمعی دڵی من مەیلی چرایێکی نییە
سوبحی وەسڵت کەیە تا کولبەیی من ڕۆشن کا
خۆ چرای عومری عەدوو بادی فەنایێکی نییە
زاڵی دنیا کە بە بێ عیددە بەسێ شەوهەری دی
لادە لەم فاحیشە ئەی دڵ کە حەیایێکی نییە
لەززەتی وەسڵە بکا چارە وەیا شەربەتی مەرگ
بێ یەکێ لەم دووە دەردم چ دەوایێکی نییە
فیکری دەرکردنی بێ حاجیب ئەگەر زوڵمە بەسێ
سالمی غەمزەدە جوز ئەو دەرە جایێکی نییە [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#