نەیدەبەست زاریع، ئەزەل، توخمی مەحەببەت، کاشکی
توخمی عیشقی کەم دەکرد، دیهقانی قودرەت، کاشکی!
گەر قەڵەم بەد لێ درا بۆ بەختی من، ڕۆژی ئەزەل
هەر نەبوومایە لە مادەر بۆ موسیبەت، کاشکی!
تا لە یەک دووری دەکەن ڕۆح و جەسەد، وەختی مەمات
بۆ میانی یار و من نەبوایە فیرقەت، کاشکی
بۆ دەوایی دەردی سەعبی من، حەکیم ئەمری دەکرد
بۆسەیی لەعلی لەبت تەنخواهی شەربەت، کاشکی!
توولی مەجنوونی بیابان، تەبعی وەحشی داوە پێم
ڕێم دەکەوتە کۆیی لەیلا بەعدی غوربەت، کاشکی!
یاری زاڵم خەسڵەتم شێوەی جەفایە ماه و ساڵ
هەفتەیێ دەیگرتە دڵ ڕەسمی مەحەببەت، کاشکی!
کۆیی تۆ ڕەوزەی بەرینە، سەعبە بۆ (سالم) گوزەر
دەرنەدەکرا تا حەشر ئادەم لە جەننەت، کاشکی! [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#