گەورەیەک بۆ کەس نەبێ سێبەری
خۆم بۆ بگێڕم لەدەوری سەری
بە وشکی بۆ چی بم بە مەیتەری
وەختێ دەرکەوێ هەستم لە بەری
هەر بۆ خۆی دایم هەوڵی ژیان بێ
یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ
گەورەیەک چاوی لە فەقیر نەبێ
دەربەست ژیانی جوان و پیر نەبێ
کەس لە پووڵێکی دەسی گیر نەبێ
جەرگی بۆ میللەت وێنەی قیر نەبێ
مێمڵ بە ماڵ و دوژمن بە جان بێ
یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ
گەورەیەک دایم خەمخوارت نەبێ
مەرهەمی ئێش و ئازارت نەبێ
جێگای تەنگانە و هاوارت نەبێ
حەکیمی جەستەی بیمارت نەبێ
ئەگەر خاوەنی خاکی ئێران بێ
یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ
گەورەیەک چاکتر لە باب نەبێ بۆت
ڕزگارت نەکا لە بەند و لە کۆت
جارێ نەپرسێ هاوار و ڕۆڕۆت
کەڵکێکی نەبێ بۆ منداڵ و خۆت
ڕەنجی هەر بۆخۆی بۆ بەرگ و نان بێ
یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ
گەورەیەک وەک خۆی نەڕوانێتە من
خۆی پڵاوخۆر بێ و من نانی هەرزن
سەرباقی ئەوەش تاڵان و کوشتن
ڕیشەی سەربەستیم دەربێنێ لە بن
هەر خۆی قەڵەو کا و شان و مل پان بێ
یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ
گەورەیەک سەرم بەردەبازی بێ
جەرگم نێچیری چنگی بازی بێ
بەسەرما تانجی دەرگای نازی بێ
نەشبینم جارێ دڵنەوازی بێ
ڕەفتاری باشی ئێش و سووتان بێ
یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ
گەورەیەک ژینی بە خوێنمژین بێ
زیادەنانی خۆی بە نانبڕین بێ
هێندە بێ ڕەحم و ویژدان و دین بێ
عالەم لە جەوری دڵ پڕ برین بێ
ڕۆژ بە ڕۆژ باری دەردی گران بێ
یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ
گەورەیەک نیوەی لە ڕەنجی ساڵت
بسێنێ لە دەس خۆت و ماڵت
هێشتا بەزەیی نەیە بە حاڵت
بە دار و بە شەق بشکێنێ باڵت
چاویشی لە دەس شوان و سەپان بێ
یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ
گەورەیەک ساتێ لەژێر دەستی ئەو
ئارامم نەبێ بێ خۆراک و خەو
پاسەوانی بم بە ڕۆژ و بە شەو
جوێن و شەقیش بێ بەراتەکەی ئەو
ئەگەر شۆرەتی وەک سلێمان بێ
یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ
گەورەیەک ئێش و نۆشێکی نەبێ
ڕوویەکی خۆش و گەشێکی نەبێ
بۆ حاڵی بچوک هۆشێکی نەبێ
دڵێکی گەرم و جۆششێکی نەبێ
گەر ئەسکەندەری شاهی جیهان بێ
یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ
گەورەیەک لەلەی مناڵەکەی بم
خۆڵ ڕێژی حەوش وناوماڵەکەی بم
پێشمەرگەی خۆی و هی خاڵەکەی بم
بێ بەش لە نان و چاتاڵەکەی بم
ئەگەر ڕۆستەمی مازەندەران بێ
یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#