$ئازار و ڕووە فەلسەفیەکانی$
نووسینی: #هەڤین کەمال شا محەمەد#
میلان کوندێرای نووسەری فەڕەنسی دەڵێت: “من ئازار دەچێژم، کەواتە من هەم!” کەواتە بوونمان پەیوەستە بەبڕی ئەو ئازارەی دەیچێژین، ئازار تێرمێکی گشتییە کەبەکاردێت بۆ دەربرینی ئەو هەستە بێزارکەر و نامۆیەی کە پێت دەڵێت بەشێک لە جەستەت تەندرووست نییە و کێشەیەکی هەیە. ئازار ئەو سیگناڵی بەرگرییەیە کە مێشک و دەمارەکانت دەینێرێن و هۆشیارت دەکەنەوەو و پێت دەڵێن: “ئاگادار بە نەخۆشییەک بەڕێوەیە.”
بۆ ئەم مەبەستەو بۆ ئەوەی بەباشی لە وشەی ئازار تێبگەین پێویستە بگەڕێنەوە بۆ مانای وشەکە بە ئینگلیزی، کە Pain ە واتە ئازار. ئەم وشەیە لە وشەیەکی لاتینی یەوە هاتووە کە ئەویش وشەی Poena کە ماناکەی بە ئینگلیزی واتە (Punishment) کە بە کوردی یانی سزادان.
مێژووی ناونانی ئەم تێرمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەر لە دێر زەمانەوە گریکەکان و ڕۆمانە کۆنەکان وایان زانیوە کە ئازار سزادانێکی خوداییە و زیاتر پەیوەندی هەیە بە دڵەوە نەک مێشک. تەنیا وەکوو تاقیکردنەوەیەکی ڕۆحی وایە بۆ مرۆڤەکان وخواوەندەکان مرۆڤ بە ئازار ونەخۆشی جەستە تاقیدەکەنەوە و هیچ پەیوەندی بە جەستەو کێشەی جەستەوە نیە.
فەیلەسوفی یۆنانی “ئەفڵاتون”، بەهەمان شێوەش “ئەرستۆ”ی قوتابی، گۆشە نیگایان بەرانبەر ئازار و چێژ هەمان شت بووە و کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ئازار تەنیا هەستە و شتێکی ڕۆحییە و بەهیچ جۆرێک پەیوەندی بە جەستەوە نییە.
پزیشکی یۆنانی “ئەبی قرات “، یەکەم پزیشک بوو کەهات ئایین و خواوەندی جیاکردەوە لە زانستی پزیشکی و جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە نەخۆشی سزادانی خواوەند نیە، بەڵکوو کێشەیە لە ئەندامێکی جەستەی مرۆڤدا کەبەهۆی سرووشت و خۆراک و خووی خراپی ڕۆژانەوە ڕووئەدات. بەشیوەیەکی جیاواز ڕوانییە ئازار و وتی: (ئازار تێکچوونە لە شلە زیندەگییەکانی لەشی مرۆڤ). بەڵام بەهەمان شێوە نە ئەرستۆ نە ئەبی قیرات هیچ ڕۆڵێکیان بۆ دەماغ و مێشک دیاری نەکردووە لە هەست کردن بە ئازاردا بەڵکوو پێیان وابووە کە تەنیا دڵ ئەندامێکی گرنگە بۆ هەستکردن بە ئازار.
نهێنی ئازار بە شاراوەیی مایەوە بۆ زۆربەی فەیلەسوف و بیرمەند و زاناکان، هەتا پێش چەرخی ڕۆشنگەری لە ئەوروپادا بڕوا وابووە کە ئازار شتێکە لەدەرەوەی لەشی مرۆڤ وسزادانێکی خواییە و تەنیا ڕێگا چارە بۆ چارەسەرکردنی، نوێژ و نزاو پاڕانەوەیە.
لەگەڵ هەموو ئەو بیروباوەڕە باوەش لەسەر ئازار کەسزای خواوەندەکانە، هەندێک شارستانی بەردەوام گەڕاون بۆ ڕێگا چارە بۆ چارەسەرکردنی لەدەرەوەی نزاو پاڕانەوە، هەروەکو شاعیری گەورەی ئەغریقی هۆمیرۆس لە داستانی “ئودیسە” دا باس لە پیاوێک دەکات کە پەنای دەبرد بۆ مادەی بێهۆشکەر کەلەو کاتەدا لە ڕووەکەکانەوە دەستیانکەوتووە، بۆ کەم کردنەوەی ئازارەکەی. زاناکان چەندەها لەوحی قوڕینینیان دۆزیوەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ” 5000 ساڵ” پێش زایین، کە باس لە چاندنی ئەفیون دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئازار.
ئەم بۆ چوونانە بەو جۆرە مانەوە هەتا ساڵی 1664 کە کاتێک زانا و فەیلەسوفی فەرەنسی(رینیە دیکارت) هات و ڕوونی کردەوە کە لەش وەکوو ئامێرێک وایە و ئازاریش بەهۆی تێکچوونە لە دەمارەکانی لەشدا، کە دەگوێزرێتەوە بۆ مێشک و مێشک ڕۆڵێکی گەورەی تیا دەبینێت. بەپێی بیردۆزەکەی دیکارت، ئازار لە تاقیکردنەوەیەکی ڕۆحییەوە گۆڕا بۆ تێکچونێکی فیزیایی و میکانیکی کە چارەسەرکردنی دەبێت گەڕان بێت بە دوای هۆکارەکەیدا نەک ڕازیکردنی خواوەندەکان.
هەروەها ڕۆڵی دڵی گۆڕی لەپڕۆسەی هەستکردن بە ئازار بۆ مێشک و دەماغ، کە ڕۆڵی سەرەکیان هەیە لە لێکدانەوەی ئازاردا.
ولیم جیمس کە بنیاتنەری زانستی دەروون شیکارییە دەڵێت:”خواوەند گوناهەکانمان دەبەخشێت بەڵام کۆئەندامی دەمارمان نایبەخشێت”. ئەم وتەیە پێمان دەڵێت هەستکردن بە ئازار کردەیەکی فسیۆلۆژییەو پەیوەندی نییە بە دینداری و ڕۆحەوە. ئەگەر سەرنج بدەین، هەموو مرۆڤێک کەهەست بە ئازار دەکات، ئومێدێتی کە بەزووترین کات نەمێنێت و بگەڕێنەوە دۆخی پێشووتر. بەڵام لەڕاستیدا ئازار تاکە هاوەڵی مرۆڤە لە ئەزەلەوە، تاکە ئاشنایەکە کە هەمیشە لەگەڵی بووە، و تاکە هەستێکە کەوای لێدەکات بەرگری لە خۆی بکات. هەروەکو سیر چارلس سکوت شیرینغتون، لەباسی فسێۆلۆجی ئازاردا دەڵێت:(ئازار ڕێکخستنێکی فیزیکییە بۆ بەرگریکردن لە لەش).
لەڕووی زانستی پزیشکیشەوە ئەم دەستەواژەیە لەسەدا سەد تەواوە، چونکە ئازار ئەو زەنگەیە کە مێشک و دەمار لێی دەدەن بۆ ئاگادارکردنەوەی مرۆڤ لە ناڕێکیەک و نەخۆشییەک لە یەکێک لە ئەندامەکانی جەستەی دا.
کەباس لەئازار دەکەین هەمیشە وشەی “چێژ ” یش دێتە بەردەممان، ئازار و چێژ ئەو زاراوەیەن کەژیانی مرۆڤ بەڕێوەدەبەن، ئەگەر بێین بەراوردێک لەنێوانیاندا بکەین و بزانین کە ئایا کامیان کاریگەری باشتریان هەیە لەسەر ژیانمان، ئەوە دەبێت دیسانەوە بگەڕێینەوە بۆ ڕای هەندێک لەفەیلەسوف و بیرمەندەکان، بۆ نموونە فەیلەسووفی یۆنانی ئەپیکویرس دەڵێت: “ئێمەهەمیشە بە دوای چێژدا دەگەڕێن و لە ئازار ڕادەکەین، تەنانەت ئەو کاتەی لەچێژیش ڕادەکەین بە دوای چێژێکی گەورەتردا دەگەڕێین”.
کەواتە مرۆڤ هەمیشە بەدوای چێژەوەیە، بەڵام ئایە چێژ گرنگترە یان ئازار بۆ پێشکەوتن و پەرەسەندنی خودی مرۆڤ؟
نووسەری میسری ئەحمەد ئەمین دەڵێت: “ئێمە هێندەی قەرزاری ئازارەکانین قەرزاری چێژ نین”، بەگشتی کاریگەری ئازار لەسەر ژیان و مرۆڤەکان زۆر زیاترە وەک لە کاریگەری چێژ. ئەمەش لە جیهانی ئەدەب و شیعردا زۆر ڕوونە، باشترین نووسەرو شاعیرەکان ئەوانە بوون کە لەژیانیاندا ئازارێکی درێژخایەنیان هەبووە، بۆ نموونە فەیلەسوف و بیرمەندی گەورە فریدریک نیچە لەژیانیدا چەندەها نەخۆشی و ئازاری هەبووە و وتەی زۆریشی هەیە لەسەر ئازار یەکێک لەوانە: “ئایا قەت بە چێژتان وتوە بەڵێ ؟! ئای هاوڕێکانم دوای ئەوەش بەهەمان شێوە بە ئازارتان وتووە بەڵێ! هەموو شتەکان پێکەوە گرێدراون و ئاڵۆزن”. نیچە کە دەڵێت: ئەوەی نامکوژێت بە هێز ترم دەکات، جەختدەکاتە سەر گرنگی بوونی ئازار لە ژیانی مرۆڤدا.
ئەگەر ئازاری نابینایی نەبوایە، لەوانەیە هەرگیز جیهانی ئەدەبی عەرەبی هەرگیز نووسەرێکی گەورەی وەکوو تەها حسێنی تیا هەڵنەکەوتایە کە ئێستاش لەزۆربەی کولێژەکانی جیهاندا توێژینەوەی دکتورا و ماستەر لەسەر کارەکانی دەکرێت. ئەگەر ئازاری عەشقی قەیسی کوڕی ملەوەح نەبوایە، داستانی نەمری “مجنون لیلی” درووست نەدەبوو. زۆر لە سەرکردە و پاشا بەناوبانگەکانی جیهان وەکوو ئەسکەندەری مەکدۆنی و یۆلیۆس قەیسەر هەروەها فەیلەسوفە کۆنەکانی وەکوو ئەڕستۆ و سوکرات بە دەست ئازاری پەرکەم و نەخۆشی دەمارەوە ناڵاندویانە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەسە مەزنانەیان لێدەرچووە!
بۆیە هەمیشە باشترە بە شێوەیەکی پۆزەتیڤانە سەیری ئازار بکرێت و دیوە فەلسەفیەکانی لەبەرچاو بگیرێت و بەشێوەیەکی جیاواز بژین لەگەڵ ئازارەکانماندا و چۆک دانەدەین بۆی. دەڵێن کەشتیوانەکان لەکۆندا کەشتیەکی بەتاڵیان دەناردە بەردەم نەهەنگەکان بۆ ئەوەی فریویان بدەن و بە ئاسانی ڕاویان بکەن. بۆیە ئێمەش دەبێت بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ ئازاردا بکەین و فریوی بدەین. کەشتییە بەتاڵەکەی ئێمە لەژیاندا ئیش کردنمانە، خۆگونجاندنمانە، خۆخافڵاندنمان لێی بەشتی بەسوود و ڕێگا چارەی جیاواز، ئیتر ئەو ئازارە هەر جۆرێک بێت، جەستەیی یان دەروونی.
نووسەری ڕووسی ئەنتون چیخۆف دەڵێت: “ئەگەر مرۆڤ تەنیا هەوڵی بدایە بۆ جوانکردنی ئەو بستە زەوییەی تیایدا وەستاوە، ئەوە هەسارەکەمان بێوێنە دەبوو”. ئێمەش پێویستە ئازارەکانمان بکەین بە دار دەستمان بۆ دۆزینەوەی ڕێگای نوێ و جوانکردنی ژیانی خۆمان و دەورووبەرمان.
دەبێت هەمیشە ئەوەمان لەبەر چاو بێت ئازار لەهەر جێگایەکی لەشدا بێت، دوولایەنی هەیە: لایەنێکی جەستەیی و لایەنێکی دەروونی (کە شاراوەیە و نایبینین)، وە هەردووکی وەک بازنەیەکی داخراو کار دەکەن. هەر کامێکیان زیاد بکات و فشاری بچێتە سەر، ئەوەی تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت و زیاد دەکات.
بۆیە وەک دکتۆرێکی پسپۆڕی ئازار شکاندن پێتان دەڵێم، بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئازاری جەستەت، هەوڵ بدە کە هەمیشە باری دەروونیت ئارام بکەیت، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ سرووشت و وەرزش، خواردنی تەندرووست، گەشبینی، دڵخۆشکردنی کەسانی دەوروبەرت، درووستکردنی ئامانج لەژیانتاندا (چەند بچوکیش بێت)، بەخشین. مرۆڤ کاتێک هەست بە بوونی خۆی دەکات و دڵخۆش دەبێت کەهەست بکات دەتوانێت ئەندامێکی سوودبەخش و بەخشەر بێت، بۆیە ئاسانترین ڕێگا بۆ ئەوەی ئازارە دەروونی و جەستەییەکانت کەمبکەیتەوە، ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ خودی خۆمان و دەوروبەرمان و خۆشویستنی خۆمان و دەوروبەرمان. [1]