$کورد لە ململانێی کۆمەڵەی خەواریج و بنەماڵەی ئومەویدا 02$
نووسینی: #کەیوان ئازاد ئەنوەر#
$لە نیوەی دووەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکاندا$
مەبەست لە نیوەی دووەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکان، سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی کوڕان و نەوەکانی (مەروانی کوڕی حەکەم) بوو کە دوای (موعاویەی کوڕی یەزید) گەیشتنە پایەی خەلافەت و دوای یەک ساڵ لە دەسەڵاتی، پایەی خەلافەتی بۆ (عەیدولمەلیکی کوڕی) و لەویشەوە بۆ برا و کوڕ و نەوەکانی بەجێ هێشت.
لەم سەردەمەشدا کۆمەڵەی خەواریج درێژەیان بە ڕاپەڕین و خەباتی خۆیان لە دژی بنەماڵە و دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی دا. یەکەمین ڕاپەڕینیشیان بە سەرکردایەتیی (ساڵحی کوڕی موسەرەحی تەمیمی) بوو لە ساڵی (76ک/695ز) و لە گوندی (مدیج)ی نزیک شاری (مووسڵ)، کاتێک بە (سەد هەزار) لایەنگرەوە دەستی دایە ڕاپەڕین و ڕووبەڕووی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی بووەوە. سەرەتاش توانی شاری (دارا) داگیر بکات، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کورد بوون.
دواتریش شارەکانی (نوسەیبین، ماردین، شنگار)ی لە بندەستی ئومەوییەکان دەرهێنا. بەو هۆیەوەش سەرنجی کوردەکانی ئەو شارانەی ڕاکێشا و پشتیوانییان لە ڕاپەڕینەکەی کرد. تەنانەت بە هاوکاریی ئەوانیش پەلاماری شارەکانی (دسکەرە، جەلەولا، خانقین)ی دا و سوپای ئومەوییەکانی دووچاری شکست کرد، بەڵام دواجار هێزەکەی لە ڕۆژی (دووشەممە) ڕێکەوتی (17ی جومادی یەکەمی 76ک) هاوکاتی (3ی ئەیلولی 695ز) بەرانبەر سوپای ئومەوییەکان بە سەرکردایەتیی (حارس کوڕی عەمیرەی کوڕی زی ئەلشەعار) تێکشکا و (ساڵح) کوژرا، بەوەش جووڵانەوەکە کۆتایی پێهات.
لەدوای شکستی ئەو جووڵانەوەیەش، هەوڵێکی دیکە بە سەرکردایەتیی (شەبیب کوڕی یەزیدی خاریجی) وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ ڕاپەڕینەکەی (ساڵح)، لە ساڵی (76ک/695ز)و لە ناوچەی (مووسڵ) دژ بەو دەوڵەتە دەستی پێکرد، بەڵام ئەم هەوڵەش دوای زنجیرەیەک سەرکەوتن و شکست، بە تێکشکانی لەلایەن ئومەوییەکانەوە کۆتایی پێهات.
بەپێی تۆمارێکی مێژووییش، (شەبیب) توانی بەهۆی پشتیوانیی دانیشتوانی (حولوان)ەوە بەرەو (ئەهواز)و دواتر بەرەو هەرێمی فارس ڕابکات، بەڵام دواجار شکست چارەنووسی بوو. هەروەها باس لەوەش کراوە، کە ژنەکەی (شبیب) بە ناوی (غزالە) هاوکارێکی باشی مێردەکەی بووە و توانیویەتی کار لە ژنانی ئەو ناوچانە بکات، کە ڕاپەڕینەکەیان پێ گەیشتووە، بەڵام بە هەموو ئەوانەشەوە، شکست چارەنووسی ئەم جووڵانەوەیەش بووە.
دوای ئەمیش (موترف کوڕی موغیرە کوڕی شوعبە)ش لە ساڵی (77ک/696ز) و لە شاری (هەمەدان)ی هەرێمی چیا دژ بە ئومەوییەکان ڕاپەڕی. دانیشتوانەکەشی بەهۆی توندیی سیاسەتەکانی (حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی) والیی ئێڕاق پشتیوانییان لێ کرد. بەهۆی ئەو پشتیوانەشیەوە گەمارۆی شاری (حولوان)ی دا. گەمارۆکەش درێژەی کێشا، چونکە کوردەکانی شارەکە پشتیوانییان لە (سوید کوڕی عەبدڵڕەحمانی سویدی) فەرمانڕەوای ئومەوی لە شارەکە کرد.
ئەوە بوو شەڕێکی سەخت ڕووی دا و (موترف)یش گەمارۆکەی توند کردەوە، تا دواجار چووە نێو شارەکەوە، سەرباری کۆمەڵکوژیی دانیشتوانە کوردەکەی، چەندین خانووی ئەوانی سووتاند و تاڵانیی گەورەشی لە شارەکە کرد. ئەوەش (حەجاج)ی ناچار کرد ڕووبەڕووی ئەو دۆخە بێتەوە و شارەکە لە بندەستی (موترف) دەربهێنێت و کۆتایی بەو ڕاپەڕینەش بهێنێت. بەو هۆیەشەوە، ئەو کوردانەی بەشدارییان لەو بزووتنەوەیەدا کرد، ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی (حەجاج) بوونەوە. بەو شێوەیەش کورد لە هەردوو بەری ململانێکە بووە قوربانی.
لەلایەکی دیکەوە، کوردەکانی هەرێمی فارس لە ساڵی (90ک/799ز) ڕاپەڕین و (حەجاج)یش بە سوپایەکی بە سەرکردایەتیی (بیلال ئەلزوبی) بۆ ناردن و ملی پێ کەچ کردن. دڵڕەقیی ئەو فەرماندەیەش بە ئاستێک بوو کە هەموو ئەوانەی بە دیلی کەوتنە دەست سوپاکەی، پۆشاکەکانی لەبەر داکەندن و دواتر کەسوکاریانی بانگ کردن، تا بەو شێوەیە بیانبینن. کەسوکارەکانیشیان بە (یاڕۆ) و کێشان بەسەر خۆیاندا بەرەو ڕوویان چوون. ئەوەش وەک سووکایەتی پێکردن پێیان. ئەوانەیشی پشتیوانییان لەو جووڵانەوەیە کرد، دانیشتوانی شارەکانی (فسا، دارابگرد، ئەستەخر) بوون، کە بەشێکیان کورد بوون.
توندیی (حەجاج) لەگەڵ نەیارانی و لەنێو ئەوانیشدا کوردەکان و شکستی یەک لەدوای یەکی جووڵانەوەکانی خەواریج، وایان بە بیر ئەواندا هێنا، کۆتایی بەو پشتیوانییە بێ ئەنجامانە بهێنن و ڕوو لە دەوڵەت بکەن، تا لەوە زیاتر ئاوارە و ماڵوێران نەبن. کاتێکیش (حەجاج) لە ساڵی (95ک/813ز) کۆچی دوایی کرد، زۆری نەخایاند (عومەری کوڕی عەبدولعەزیز) لەنێوان ساڵانی (100-102ک/718-720ز) بووە خەلیفە و دادوەریی بەرقەرار کرد. تەنانەت باجی (جزیە)ی لەسەر ئەوانە لابرد، کە بوونە موسڵمان.
ئەوەش هانی کوردەکانی شارەزوور و ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی دا پشتیوانی لەو خەلیفەیە بکەن. هەر بۆیە چالاکیی کۆمەڵەکانی خەواریج و ئەوانی دیکە کەوتە کزی، بەڵام بە کۆچی دوایی ئەم خەلیفە و گەیشتنی (هیشامی کوڕی عەبدولمەلیک) بە پایەی خەلافەت، دۆخەکە بۆ پێشوو گەڕایەوە. ئەوەش هانی (شۆزەبی خەواریجی) دا لە هەرێمی جزیرە، دەست بداتە ڕاپەڕین و پشتیوانیی دانیشتوانەکەی بەدەست بهێتێت، بەڵام بە شکست کۆتایی پێهات.
ڕاپەڕینێکی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە کەوتە ساڵی (119ک/737ز)، کاتێک (بەهلول کوڕی بەشری شەیبانی) ناسراو بە (کەسارە) دەستی دایە ڕاپەڕین و پشتیوانیی کوردەکانی ناوچەی مووسڵی بەدەست هێنا، بەڵام دواتر هێزەکەی لە بەرانبەر سوپای ئومەوییەکان تێکشکا و بەوەش کۆتایی بە جووڵانەوەکەی هات.
لە جووڵانەوەکەی (سەعید کوڕی مەجدەلی ئەلجەرشی)دا، کە لە ساڵی (126ک/743ز) دەستی دایە ڕاپەڕین و خۆی بە (میری موسڵمانان) ناساند، بەشێک لە کوردەکان لە ناوچەی جزیرە پشتیوانییان لێ کرد. هۆکاری هاوکاریی کوردەکانی ئەو ناوچەیەش لەو جووڵانەوەیە بۆ ئەوە گەڕایەوە، کە ئەوان زۆر لە سیاسەتی (بوستام کوڕی لەیسی تەغلبی) سەرکردەی دیاری خەواریجی بەیهەسی ناڕازی بوون و بۆ هەلێک دەگەڕان لێی هەڵگەڕێنەوە، چونکە زۆر ئەوانی دەچەوساندەوە و ئازاری دەدان، بۆیە کوردەکان هاوکاریی (سەعید)یان لە کوشتنی (بوستام) کرد، بەڵام دواجار (سەعید) بە نەخۆشیی تاعوون لە ناوچەی شارەزوور کۆچی دوایی کرد. بەوەش ئەو جووڵانەوەیە کۆتایی پێهات.
دوای ساڵێکیش (زوحاک کوڕی قەیسی شەیبیانی) سەرکردەی دیاری کۆمەڵی خەواریجی سەفرییە، بە (پەنجا هەزار) چەکدار لە ناوچەی شارەزوورەوە دەستی دایە ڕاپەڕین و ڕووی کردە هەرێمی جزیرە، تا ڕووبەڕووی دەوڵەت ببێتەوە. بەو پێیەشی (زوحاک) یەکێک بوو لە وتاربێژ و ڕاڤەکارە بەتواناکانی ئەو کۆمەڵەیەی خەوارج، توانی بەو کارەی سەرنجی دەوروبەری بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
تەنانەت هەریەک لە (عەبدوڵڵای کوڕی عومەر کوڕی عەبدولعەزیز و سولەیمانی کوڕی هیشامی کوڕی عەبدولمەلیک) بەیعەتیان پێ دا و نوێژیان لەپشتییەوە کرد. ئەو توانایەشی لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە چەند ساڵێک لە پەیڕەوانی شیعە بوو، دواتر هەڵگەڕایەوە و بووە سەرکردەیەکی کۆمەڵی خەواریج. ئەو ئاڵوگۆڕەش لە باوەڕی ئایینی، زیاتر ئاستی زانیارییە ئایینی و سیاسییەکانی فراوانتر کرد، بەڵام بەو هێزەشەوە دواجار (زوحاک) لەلایەن (مەروانی کوڕی محەمەد)ی دوایەمین خەلیفەی ئومەوی، کە هەر بەشێک لە کوردەکان پشتیوانییان لێ کرد، لە ناوچەی (کفر توتا) کوژرا.
دوا جووڵانەوەی کۆمەڵەی خەواریجش لەو سەردەمەدا، کە کورد بەشدارییان تێدا کردبێت، جووڵانەوەکەی (مەنسوور کوڕی جەمهور) کەسایەتیی خەواریج بوو، کە ساڵی (130ک/748ز) لە ئێڕاقەوە ڕووی لە هەرێمی چیا کرد و دەستی دایە ڕاپەڕین. دواتر دەستی گەیشتە چەند شارێکی هەرێمی چیا، لەوانە (دینەوەر و هەمەدان) و داگیری کردن، بەڵام بەو هەوڵانەشەوە، دواجار لەلایەن (مەروانی کوڕی محەمەد) لێی درا. بەوەش کۆتایی بەم هەوڵەی کۆمەڵەی خەواریجیش هێنرا. [1]