$ئەوروپا لە یەکگرتوویەوە بۆ پەرتەوازەیی$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
وەک چاودێرێکی سیاسی هیچ کات باوەڕم بەوە نەبووە کە ئەوروپا یەکگرتوو بێ ڕۆژێ لە ڕۆژان، چونکە سرووشتی ئەوروپا پەرتەوازەییە لە هەر ئاستێکەوە دەیگری. لەو ڕۆژەوەی ڕوسیا پەلاماری یوکراینی داوە ئەوروپا وا خۆ نیشان دەدەن کە یەکگرتوون بەڵام لە ڕاستیدا پڕن لە کێشمەکێش لەگەڵ یەکدا بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابووریەی خۆیان بەسەر خۆیاندا هێنایان لە ژێر ناوی گەمارۆی ئابووری گشتگیری سەر ڕوسیا. دیارە مەحکەم بوونی هەر یەکێتیەک لە کێشە و ڕووداوەکاندا دەردەکەوێ. شەڕی ڕوسیا-ئۆکراین پیشانیدا ئەو یەکێتیە نەک هەر چەندە فشەڵە بەڵکوو چەندە دوژمنکارن لە ناوخۆی خۆیاندا سەرباری ئەوەی هەموویان واخۆ نیشان دەدەن کە یەکدەست و یەک هێزن دژ بە ڕوسیا. تەنگژەی کەمی گاز و نەوتی ڕوسیا یەکێتیەکەی لە بۆتەیەکدا داناوە کە ئامادەی تەقینەوەی ناوخۆیی هەیە لە هەر کات زیاتر. کاریگەریە نەگەتیڤەکانی کێشەی ڕوسیا-ئوکراین ململانێ توندەکانی نێوان قوتبە گەورەکانی ئەوروپای توندتر کردۆتەوە. ئەڵمانیا و فەرەنسا وەک ناوکی ئەوروپای غەربی و لەم دواییانەشدا پۆڵەندا ئیزافە بووە پێوەی؛ لەلایەک، و بەریتانیا لە لایەکی تر ئەوەمان پێدەڵێ کە ئەوروپا ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆی دەردەخات کە یەکێتیەکی دۆژمنکارانەی ناوخۆیی سیمای حەقیقیەتی.
$ئەڵمانیا و پۆڵەندا$
بەهۆی کەم بوونەوە و وشکبوونەوەی ڕووبارەکانی ئەوروپا بە تایبەت ڕوباری ڕاین لە ئەڵمانیا کێشەیەکی گەورە کەوتۆتە نێوان ئەڵمانیا و پۆڵەنداوە تا ڕادەی لێدوانی دۆژمنکارانە بەرانبەر بە یەکتری لە لایەن کەسێتیە حکومی و دەوڵەتیەکانیانەوە. لە سێ و چوار ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری ژینگەی پۆڵەندی ئانا موسکوا دەڵێ حکومەتی ئەڵمانیا بەردەوامە لە بڵاوبوونەوەی درۆ و دەسەلەدا. ئەڵمانیا پۆڵەندای تۆمەتبارکرد بەوەی ڕووباری ئۆدر بە مادەی کیمیایی پیس کردووە بۆیە تەواوی ماسیەکانی ئەو ڕووبارەی مراندووە. ڕووباری ئۆدر بە ناو ئەوروپادا تێپەڕ دەبێ کە لە پۆڵەنداوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئەڵمانیا. دیارە دیاردەی کەم بوونی ئاوی ڕووبارەکانی ئەوروپا و ئەڵمانیا بە تایبەت ڕووباری ڕاین ئارێشەیەکی گەورەی ژینگەیی و ئابووری و جوگرافی گەورەی درووست کردووە بۆ هەموو ئەوروپا بە تایبەت ئەڵمانیا.
لە لایەکی ترەوە، پۆڵەندا پێرێکە ڕەتی کردەوە کە نەوت هەناردەی ئەڵمانیا بکات لەو هێڵە نەوتیەی بە درۆگبا ناسراوە، بە تایبەت ئیستا ئەڵمانیا گاز و نەوتی ڕوسی بۆ نایات بەهۆی گرتنەوەی هێڵی نۆردستریم لە لایەن ڕوسیاوە. ئەم هەنگاوەی پۆڵەندا ئەڵمانیای زۆر دەهری کردووە لەوەی پۆڵەندا ماوەیەکە بێ باکانە ئەخوڕێ بەسەر ئەڵمانیادا چونکە دەزانن ئەڵمانیا پشت ئەستور بوو بە گاز و نەوتی ڕوسیا و ئیستا بەهۆی گەمارۆکەی سەر ڕوسیایان کورتی لە وزەدا هێناوە و دەیان و سەدان کۆمپانی و دەوڵەمەندەکان ئەڵمانیا جێ بهێڵن و ڕوو لە شوێنی تر بکەن بۆ بەرهەمهێنان لەوانە ئوسترالیا و نیوزلەندا و کەنەدا. پۆڵەندا سوود لەم دەرفەتە دەبینێ بۆیە خۆی وەک جەمسەرێکی ئەوروپی نیشان دەدات کە نوێنەرایەتی وڵاتە تازەکانی ناو یەکێتیەکە بکات وەک وڵاتانی بەڵتیک و تەنانەت ئۆکرانیاش. هەر بۆیە ئەڵمانیا لێی دەترسێ کە لە ئاییندەدا دەنگی بڵند بێت لە ناو یەکێتیەکەدا بەتایبەت کە ئەڵمانیا ئامانجە لەم ئاریشەیەی ڕوسیا-ئوکرایندا. دیارە فەرەنساش هەمان ترسی ئەڵمانیای هەیە لە پۆڵەندا و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دوو بە دوو لەم بارەیەوە لە مانگی ڕابردوودا قسەیان کردووە.
$فەرەنسا و بەریتانیا$
لەم دوو سێ ڕۆژەدا فەرەنسا لە ڕێگەی ئەندام پەڕڵەمانە فەرەنساییەکانی خۆیەوە لە پەڕڵەمانی ئەوروپا بە توندی ئیدانەی بەریتانیایان کرد لەوەی کە ڕێڕەوی ئاووئاوەڕۆ، مەجاری، وڵاتەکەی دەخاتە سەر دەریای باکووری فەرەنسا. ئەم هەنگاوەی بەریتانیا ڕاستەوخۆ زیان بە بەرهەمهێنانی بەروبومی دەریاییەکان دەگەێنێ و گورزێکی گەورە لە ئابووری فەرەنسی و ئەوروپاش دەگەێنێ. بەریتانیا لەوەتەی لە یەکێتی ئەوروپا چۆتە دەر گوێ بە ڕێکەوتننامە نەک هەر ئەوروپیەکان بەڵکوو نێودەوڵتیەکانێش نادات. ئەمە قسەی بییر کارلسکینی سەرۆکی کۆمسیۆنی بەرهەمهێنانە دەریاییەکانی یەکێتی ئەوروپایە. لە بەرانبەردا بەریتانیا دەڵێ ئەوەی ئەوان دەیڵێن سەراپای درۆیە. بەریتانیا بە ئامانجەوە ئاووئاوەڕۆ بەردەداتەوە ناو دەریای باکوور وەک شەڕێکی هەمیشەیی لەگەڵ فەرەنسادا و دەزانێ دۆخی یەکێتی ئەوروپا لەوپەڕی خراپیدایە بۆیە قاچی لێ ڕاکێشاوە ئەو کارە دەکات کە زەرەر بە دوژمنە دێروکیەکەی بگەێنێت.
$ئوکراین بە ئەڵمانیا و فەرەنسا$
لەوەتەی ڕوسیا پەلاماری ئوکراینی داوە حکومەتی ئوکراین قسە بە ئەڵمانیا و فەرەنسا دەڵێ و جەند جارێک لەسەر زاری زیلنسکی و سەفیرەکانیان و وەزیر و ڕاوێژکارە سیاسیەکانیان بە ئاشکرا دابەزیونەتە سەر هەر دوو وڵات و گلەیی ئەوەیان لێکردوون کە نەرمن بەرانبەر بە ڕوسیا و بگرە تەنیا ئەوە ماوەتەوە پێیان بڵێن ئێوە ترسنۆک و خوێڕێن بۆ نایەن بۆ سەردانمان وەک بۆریس جۆنسۆن زوو زوو خۆی پیادەکات. سەرباری ئەم قسانە ئەڵمانیا و فەرەنسا بەردەوامن لە یارمەتی شەرمنۆکانەی خۆیان بۆ ئەوان لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانیان بەردەوامە لەگەڵ ڕوسیادا هەر وەک چۆن دوێنێ وەزیرانی بەرگری هەردوو وڵات بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کرد، دوو هەفتەی پێش ئەوەش ماکرۆن تەلەفۆنی بۆ پۆتین کرد.
سێگوشەی ئانگلۆساکسۆن-ئەوروپا...
سێگۆشەی ئەنگلۆساکسۆنی کە بریتییە لە بەریتانیا لە ئەوروپا و، ئەمریکا و کەنەدا لە باکووری ئەمریکا، و ئوسترالیا لە کیشوەری ئوسترالیا بە ئاشکرا جەمسەربەندی خۆیان هەیە لە هەموو ئاستە ئابووری و سیاسی و نێودەوڵەتیەکان و جوگرافیەکان. بەریتانیا کاری ئاژاوە نانەوەیە لە هەموو جیهاندا لە ئەوروپاش هاندانی ئەوروپاییەکانە دژ بە ڕوسیا، ئەمریکاش دەست وەردەداتە ئەوروپا و کەنەدا و ئوسترالیاش بە دوایانەوەن بێ هیچ پرس و ڕایەک. ئەو سێگۆشەیە کە جوڵێنەری سەرەکی ئەو ئاریشەیەی ڕوسیا و ئوکراینن هەموویان لە جوگرافیاوە دوورن لە مەیدانی شەڕەکەوە و ئەوەی زۆر دەبێتە سووتەمەنی ئەوروپاییەکانن ئەمە جگە لە ڕووی ئابووریەوە ئەوەندەی ئەوروپا بەر ئەو تەنگژە ئابووریە کەوتووە ئەم سێگۆشەیە بەری نەکەوتووە و بگرە لەو ڕۆژەوەی ئەو قەیرانەی ڕوسیا-یوکراین درووست بووە ئابووریەکەیان وەک خۆی ماوەتەوە و بگرە دۆلار کە دراوی سەرەکیانە بەرزتر بۆتەوە بە چەند قات لە بەرانبەر دراوی ئیرۆدا.
هەڵوەشانەوەی گرێبەستە ئابووریەکەی ئوسترالیا لەگەڵ فەرەنسادا، ساڵی پار، کە سەدان ملیۆن دۆلاری تێدەپەڕاند بەوەی فەرەنسا سەبمارین-کەشتیەکی ژێر دەریایی بۆ درووست بکات بەڵام ئەمریکا و بەریتانیا لە ژیرەوە هانی ئوسترالیاندا کە ئەو گرێبەستە هەڵوەشێنێتەوە و ئوسترالیا بە قسەی کردن و خۆیان بوون بە جێگرەوەی فەرەنسا. هەرچەندە ئەم ڕووداوە فەرەنسای گەیاندە ئەو ئاستەی کە پەیوەندیان لەگەڵدا ببچڕێ بەڵام دوایی ئەمریکا و بەریتانیا دۆخەکەیان ئاسایی کردەوە؛ هەرچەندە لە لای ماکرۆن و فەرەنساییەکان وەک خەنجەر لێدانی پشت لە بیری ناکەن و وەک خاڵێکی ڕەش لە پەیوەندییەکانیاندا دەمێنێتەوە. ئەم ڕووداوە بە نموونە یەکێکە لەو شتانەی کە فەرنسا والیدەکات هەر بە تەواوی نەجێتە بازنەی ئەمریکا و ئەوروپاوە لە مەسەلەی ئۆکرایندا بۆیە ئیستاش دەیەوێ کێشەی ئۆکراین بە گفتوگۆ و بە زوویی جارەسەر بێ بە پێجەوانەی بەریتانیا و ئەمریکاوە کە دەیانەوێ ئوکراین بکەن بە وڵاتێکی دژە ڕوسیایی گەر ئەم جەنگەش تەواو بێت. ئەمە قسەی میلیندا سیمۆنزی سەفیری بەریتانیایە لە ئۆکراین. [1]