تۆ چ جۆرە ئاژەڵێکیت؟
ئێتگار کێرێت
لە ئینگلیزییەوە: ژیوار جەوهەر
ئەم ڕستانەی ئێستا دەیاننووسم لە بەرژەوەندیی بینەرانی تەلەڤیزیۆنی جەماوەریی ئەڵمانییە. پەیامنێرێک کە ئەم بەیانییە هاتە ماڵەوە بۆ لام، داوای لێ کردم شتێک بە کۆمپیوتەرەکەم بنووسم، چونکە هەموو کات ئەمە شتێکی سەرنجڕاکێش بووە: نووسەرێک لە کاتی نووسیندا. ئەوە شتێکی باوە، ئەو خۆشی دەزانێ، بەڵام شتە باوەکان هیچ نین جگە لە دیوە ناسێکسییەکەی حەقیقەت و ئیشی ئەویش، وەک پەیامنێرێک، ئەوەیە کە ئەو ڕاستییە بکات بە شتێکی سێکسی، کە شتە باوەکان بە ڕووناکی و گۆشەی نائاسایی تێک بشکێنێت. ڕۆشنایی ماڵەکەی من زۆر گونجاوە، بەبێ ئەوەی ئەو هیچ ڕووناکییەکی داگیرساندبێت، هەر بۆیە ئەوەی لەسەر منە نووسینە.
سەرەتا، تەنیا وا خۆم پێشان دا کە دەنووسم، بەڵام ئەو وتی ئاوا نابێت. خەڵکی یەکڕاست دەزانن کە نمایش دەکەیت. ”هەر بە ڕاستی شتێک بنووسە، ” داوای لێ کردم. دواتریش، بۆ ئەوەی ڕوونتر بێ: ”چیرۆکێک، نەوەک تەنیا وشەڕیزکردن. ئاسایی بنووسە، هەر وەک چۆن هەمیشە دەنووسی.” پێم گوت ئەوە ئاسایی نییە بۆم، لە کاتێکدا بنووسم کە کامێرای تەلەڤیزیۆنی جەماوەریی ئەڵمانیم بەرانبەر بێت، بەڵام ئەو پێداگریی کرد. ”دەی ئەمە بەکار بهێنە، ” وای گوت. ”چیرۆکێک دەربارەی ئەوە بنووسە—دەربارەی ئەوەی ئەمە چەند نائاسایی دەردەکەوێت و چۆن ئەم نائاساییە لەناکاو شتێکی ڕاستەقینە بەرهەم دەهێنێت، کە بە پەرۆشی و سۆزێکی زۆرەوە نووسراوە. شتێک کە دەتبڕێت، لە مێشکتەوە تا سێبەندەت، یان بە پێچەوانەوە. نازانم لە لای تۆ چۆنە، کام بەشەی جەستەت شەربەتی داهێنەرانەی لێ هەڵدەقوڵێ. هەر کەسێک جیاوازە.” کچە پەیامنێرەکە بۆی باس کردم کە چۆن جارێکیان چاوپێکەوتنی لەگەڵ نووسەرێکی بەلجیکیدا کردووە کە هەر جارێک دەینووسی، زەوقی هەڵدەستا. شتێک لە نووسیندا هەبوو ”ئەندامەکەی کەللەڕەق دەکرد”—ئەمە ئەو دەربڕینە بوو کە بەکاری هێنا. بە دڵنیاییەوە ئەمە وەرگێڕانێکی وشەیی بوو لە ئەڵمانییەوە و بە ئینگلیزی زۆر سەیر و نامۆ بوو.
”بنووسە، ” دیسانەوە پێداگریی کرد. ”نایابە. ئەو بارە تۆقێنەرەی لەشتم حەز لێیە کە دەنووسی، ئەو ملە شۆڕبووەوەت. هەر زۆر جوانە. بەردەوام بە لە نووسین. هەر بژی. ئەمە خۆیەتی. ئاسایی. حیساب بۆ من مەکە. وا بزانە هەر لێرەش نیم.”
منیش لە نووسین بەردەوامم، حیساب بۆ ئەو ناکەم، وا دەزانم ئەوی هەر لێ نییە و ئاساییم. ئاساییم تا ئەو جێیەی دەتوانم. کێشەیەکم لەگەڵ بینەرانی تەلەڤیزیۆنی جەماوەریی ئەڵمانی هەبوو و دەبوو چارەسەری بکەم، بەڵام ئێستا کاتی چارەسەرکردنی نییە. کاتی نووسینە. نووسینی شتگەلێک کە مانایان هەبێت، چونکە کاتێک قسەی بێمانا دەنووسی، ئەو پێشتر ئاگاداری کردوومەتەوە، لە بەردەم کامێرادا زۆر سەیر دەردەکەوێت.
کوڕەکەم لە دایەنگە دەگەڕێتەوە. بەرەو ڕووم ڕادەکات و باوەشم پێدا دەکات. هەر کاتێک کاستی تەلەڤیزیۆنی لێ بێ، باوەشم پێدا دەکات. کە منداڵتر بوو، دەبوو پەیامنێرەکە داوای لێ بکات ئەوە بکات، بەڵام ئێستا لێهاتووە: بەرەو لای من ڕادەکات، سەیری کامێرا ناکات، باوەشم پێدا دەکات و دەڵێت: ”خۆشم دەوێی، بابە گیان.” هێشتا نەبووەتە چوار ساڵ، بەڵام لە شتەکان تێدەگات، ئەو کوڕە ئاقڵەی خۆم.
ژنەکەم هێندەی ئەو باش نییە، پەیامنێری تەلەڤیزیۆنی جەماوەریی ئەڵمانی وا دەڵێت. زۆر دەجووڵێت. یاری بە قژی دەکات و بە دزەنیگاوە سەیری کامێرا. بەڵام بە ڕاستی ئەوە کێشەیەک نییە. دەتوانی دواتر لە کاتی مۆنتاژدا لایبەریت. تەلەڤیزیۆن ئەوەی باشە. لە ژیانی ڕاستەقینەدا ناتوانی ئەوە بکەیت. لە ژیانی ڕاستەقینەدا ناتوانیت ئەو لابەریت، یان پەشیمان ببیتەوە لەوەی کە ئەوت درووست کردووە. تەنیا خوا دەتوانێت ئەوە بکات، یان پاس، ئەگەر بەسەریدا بڕوات. یان نەخۆشییەکی کوشندە. دراوسێکەی نهۆمی سەرەوەمان بێوەپیاوە. نەخۆشییەکی بێ چارەسەر ژنەکەی لێ ستاند. شێرپەنجە نا، شتێکی دی. بۆ ماوەی شەش مانگ خوێنی دادەنا. ئەو خۆی ئەمەی بۆ باس کردم. شەش مانگ پێش ئەوەی خوای گەورە و میهرەبان ئەو مۆنتاژ بکات. لە و کاتەوەی ئەو مردووە، چەندین ژنی جۆراوجۆر کە پێڵاوی بنبەرز لە پێ دەکەن و بۆنی هەرزان لە خۆیان دەدەن، سەردانی بیناکەی ئێمە دەکەن. ئەوان لە کاتی نەگونجاودا دێن، هەندێ جار ئێواران زوو دێن. ئەو خانەنشین کراوە، ئەو دراوسێیەی نهۆمی سەرەوەمان، ئیتر کات بەدەست خۆیەتی. ئەو ژنانەش—بە پێی قسەی ژنەکەم بێ—ئەوان حیزن. کاتێ دەڵێ حیزن، وشەکە زۆر ئاسایی دەمی بەجێ دەهێڵێ، وەک ئەوەی بڵێ تورن. بەڵام کاتێ لە بەردەم کامێرادایە، وا نییە. هیچ کەسێک پێرفێکت نییە.
کوڕەکەم ئەو حیزانەی خۆش دەوێ کە سەردانی دراوسێکەی نهۆمی سەرەوەمان دەکەن. ”تۆ چ جۆرە ئاژەڵێکیت؟” کوڕەکەم ئەم پرسیارەیان لێ دەکات، کاتێ بە ڕێکەوت لەسەر پلیکانەکان دەیانبینێ. ”ئەمڕۆ من مشکم، مشکێکی خێرا و سرکم.” هەر کە پرسیارەکەیان لێ دەکرا، یەکڕاست ناوی ئاژەڵێکیان لە دەم دەهاتە دەر: فیل، ورچ، پەپوولە. هەر حیزێک و ئاژەڵەکەی. سەیر بوو، چونکە کاتێ کوڕەکەم دەربارەی ئاژەڵەکان لە خەڵکی تر دەپرسێ، تەنانەت لێشی تێناگەن. بەڵام حیزەکان لەگەڵیدا دەژیین.
ئەمەش وام لێ دەکات بیر بکەمەوە لەوەی جاری داهاتوو کە ستافی تەلەڤیزیۆنێک هاتن، لە جێی ژنەکەم یەکێک لە ئەوان بەکار بهێنم، بەم ڕێگەیەش ئاساییتر دەردەکەوێت. زۆر جوانن. هەرزەن، بەڵام جوانن. کوڕەکەشم نێوانی لەگەڵ ئەواندا خۆشترە. کاتێ کوڕەکەم لە ژنەکەم دەپرسێت چ ئاژەڵێکە، پێداگری دەکات: من ئاژەڵ نیم، گیانەکەم، من مرۆڤم. من دایکتم. هەمیشە دوای ئەمەش دەست بە گریان دەکات.
بۆچی ناتوانێت لەگەڵ دونیابینیی ئەم خەڵکەدا بێ، ئەم ژنەی من؟ بۆچی هێندە ئاسانە ئەو ژنانە بە ”حیز” بانگ بکات کە بۆنی هەرزانبایی لە خۆیان دەدەن، بەڵام کاتێ دێتە سەر ئەوەی بە کوڕیژگەیەک بڵێ ”من زەڕافەم” کاری نەکردەیە؟ ئەمە دەمارم دەگرێت. وام لێ دەکات لە کەسێک بدەم. ژنەکەم نا. ئەوم خۆش دەوێ. بەڵام کەسێک. دەمەوێت ئەو ڕقە بە کەسێک بڕێژم کە بووەتە هۆکاری درووستبوونی. باڵی ڕاستەکان بە عەرەبەکانی دەڕێژن. ڕەگەزپەرستەکان بە ڕەشپێستەکان. بەڵام ئەوانەی وەکوو ئێمە سەر بە چەپی لیبڕاڵن، گیرمان خواردووە. ئێمە خۆمان خستووەتە نێو سندووقێکی داخراوەوە. کەس نییە بە ئێمەی بڕێژێ. ”بە حیز بانگیان مەکە، ” بە ژنەکەمی دەڕێژم. ”هیچ بەڵگەیەکت لا نییە کە ئەوان حیز بن، لاتە؟ هەرگیز نەتبینیوە کەسێک پارە و شتیان بداتێ، لەبەر ئەوە بەم جۆرە بانگیان مەکە، باش؟! هەستت چۆن دەبێت ئەگەر کەسێک بە حیز بانگت بکات؟”
”هەر زۆر باشە، ” کچە پەیامنێرە ئەڵمانییەکە وا دەڵێ. ”بە دڵمە. ئەو گنجانەی سەر نێوچەوانت. ئەو جۆشوخرۆشەی دوگمەکانی سەر کیبۆردەکەت. ئێستاکە هەموو ئەوەی پێویستمانە دیمەنێکی ترە کە دەربارەی وەرگێڕانی پەڕتووکەکانتە بۆ زمانەکانی دیکە، بۆ ئەوەی بینەرانمان بزانن چەندە بەناوبانگی—هەروەها دەمانەوێت جارێکی دیکەش دیمەنی باوەشی کوڕەکەت دووبارە بکەینەوە. یەکەم جار زۆر خێرا بەرەو ڕووی تۆ ڕایکرد کە یۆگ، کامێرامانەکەمان، فریا نەکەوت فۆکەسەکە بگۆڕێت.” ژنەکەم دەیەوێت بزانێت ئاخۆ کچە پەیامنێرە ئەڵمانییەکە دەیەوێت جارێکی دیکەش لە باوەشم بگرێت، منیش لە دڵی خۆمدا نزا دەکەم بڵێت بەڵێ. بە ڕاستی ئارەزوو دەکەم ژنەکەم لە ئامێزم بگرێت، ئەو قۆڵە نەرمانەی لە دەورم بئاڵێنێت، وەک بڵێی ئەم دونیایە هیچ شتێکی لێ نییه، ئێمە نەبێت. ”پێوست ناکات، ” کچە پەیامنێرە ئەڵمانییەکە بە دەنگێکی سارد وا دەڵێ. ”ئەو دیمەنەمان پێشتر تۆمار کردووە.” ”تۆ چ جۆرە ئاژەڵێکیت؟” کوڕەکەم پرسیار لە کچە پەیامنێرە ئەڵمانییەکە دەکات، منیش یەکسەر بۆی دەکەمەوە بە ئینگلیزی. ”من ئاژەڵ نیم، ” کچە پەیامنێرەکە، لە کاتێکدا نینۆکە درێژە بۆیەکراوەکانی بەنێو قژیدا دەهێنێ، وا دەڵێ. ”من دێوم. دێوێک کە لەوسەری زەریاوە هاتووە بۆ ئەوەی منداڵێکی چکۆلەی وەک تۆ بخوات.” ”دەڵێ باڵندەیەکی دەنگخۆشم، ” بە شێوازێکی ئێجگار ئاسایی بۆ کوڕەکەمی وەردەگێڕم. ”دەڵێ باڵندەیەکی دەنگخۆشی پەڕسوورم، کە لە خاکێکی دوور دوور فڕیوم و هاتووم بۆ ئێرە.”[1]