ئەو نامەیەی 100 ساڵ کوردی دواخست.
ڕیفراندۆم، پڕۆژەیەک بۆ دواخستنی دۆزی کورد.
#سەرتیپ جەوهەر#
15-10-2020
سبەى سێ ساڵ بەسەر دەرەنجامی ڕاپرسیەکەی خەڵکی کوردستان تێدەپەڕێت، ئەویش پەلاماری هێزە جیاوازەکانی ئێراق بوو بۆ سەر هەموو ناوچە دابڕێنراوەکان و سەرەنجام کەرکووک و زۆربەی ئەو شوێنانەی پێشتر هێزی پێشمەرگە ڕزگاری کردبوون و لە تیرۆرستانی داعش دەیپاراست، لە ڕووی سەربازییەوە کەوتەوە دەست بەغدا.
دەکرا پڕۆژەی ڕاپرسی لەبری ئەو لێکەوتە خراپەی لێکەوتبایەوە، دۆزی کوردی پێش خستبا، ئەویش بە قەبوڵکردنی ئەو بەدیلەی کە ئەمریکا لە نامەیەکی ڕەسمیی بۆ بەشێک لە سەرکردایەتی ئەوکاتەی کوردی ڕەوانە کرد، ئەگەر ئەو بەدیلە قەبوڵکرابا، بەدڵنیاییەوە ئێستا کوردستان لە قۆناغێکی دیکەی ڕزگاریی نیشتمانیی بوو.
ئەو نامەیە گرنگترین بەڵگەنامەی ڕەسمیی و پەیمانی ئەمریکایە لە مێژوودا، بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد لەم پارچەیەی کوردستان.
جیاواز لە هەموو نامەو بەڵێنێکی ئەمریکا، نامەکەی ڕیکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوو خاڵی گرنگی تێدایە پێویستە تیشکی بخەینەسەر.
یەکەمیان: لە نامەکەدا میکانزمی جێبەجێکردنی ئەو پەیمانەی دەستنیشانکردبوو بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 و کێشەکانی دیکەی وەک دەسەڵاتەکانی هەرێم و دابەشکردنی سامان و پرسی پێشمەرگە و دەسەڵاتی فرۆکەوانیی و..تد
دووەمیان: لەو نامەیەدا سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پەیمانە دەستنیشانکرابوو، لەبەرانبەر ئەو پەپمانەدا کورد تەنیا یەک ساڵ چاوەڕێ بکات، ئەگەر نەتوانرا جێبەجێ بکرێت ئەوا ڕێگا و دەرگای دیکە لە بەردەم کورد واڵا دەبێت.
لە لایەکی دیکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە 20ی ئەیلولی 2017 واتە تەنیا پێنج ڕۆژ پێش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە بەیاننامەیەکدا دوای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕیفراندۆمەکەدا نییە و دانی پێدانانێت.
خاڵێکی زۆر گرنگ ئاماژەی پێکراوە ئەویش دەڵێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هانی سەرکردەکانی کوردی ئێراق دەدات بۆ ئەوەی بەدیلەکە قەبوڵ بکەن لەو بڕگەیەدا دڵنیا دەبینەوە کە ئەمریکا نامەیەکی ڕەسمیی وەک بەدیل بۆ کورد پێشنیار کردووە، تکا لە کورد دەکات قەبوڵی بکات.
ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە ئەو بەیاننامەیە جارێکی دیکە تەئکید دەکاتەوە لەسەر ناردنی نامە ڕەسمییەکەی تیلەرسن، بۆیە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوە ئەو قسەیە بەتاڵ دەکاتەوە کە دەگوترا نامەکە ڕەشنووس بووە ئەمە سەرباری ئەو ڕاستییەی کە نامەی ڕەشنووس لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بوونی نییە. لەوە واوەتر، ئەو نامەیەی بە ناوی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەشێک لە سەرکردایەتی کورد ڕەوانە کرا، کورد خۆی لە نووسینیدا بەشداربوو، واتە ڕەشنووسەکەی لەلایەن کوردەوە ئامادە کرابوو، هەریەکە لە (قوباد تاڵەبانیی و نێچیرڤان بارزانیی و فوئاد حسێن) لیژنەیەک بوون بۆ نووسینەوەی ئەو ڕەشنووسە! واتە کورد بۆخۆی نامەکەی نووسی و بۆخۆیشی ڕەتیکردەوە کە ئەمە لە مێژوودا ڕووینەداوە، نامەیەک خۆت بینووسیت و خۆشت ڕەتیبکەیتەوە.
ڕەنگە نامەیەکی وەک ئەوەی تیلەرسن ناردی و ئەو پەیمانەی بە کورد درا، نە ئەمریکا و نە هیچ وڵاتێکی خاوەن نفوزو هێز بەهیچ گەلێکی نەدابێت.
پەیمانی بلفۆر کە بەڕیتانیا بە جوولەکەیدا تەنیا یەک دێڕ بوو ئەویش (ئارسەر بلفۆر) وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لە نامەیەکدا کە بۆ لۆرد لیونێل ڕیچەڵد-ی ناردووە پەیمانی درووستکردنی دەوڵەتێک بۆ جوولەکە دا، بێئەوەی میکانزم و سەقفی زەمەنی لەخۆ گرتبێت. دوای 30 ساڵ دەوڵەتیان بۆ درووستکرا.
کەچی پەیمانەکەی ئەمریکا داوای چاوەڕوانی تەنیا یەک ساڵی لە سەرکردایەتی کورد، بەڵام ڕەتیانکردەوە! ئەو ساڵەی ئەوان چاوەڕێیان نەکرد، دۆزی کوردی بۆ دەیان ساڵ گەڕاندەوە دواوە، زیانی یەک سەدە خەباتی بە کورد گەیاند. [1]