قۆناغێکی تازەی تەعریب و هاتنی عەرەب بۆ کوردستان
عارف قوربانی
ئەوکاتانەی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ڕووسیاوە جووەکان بە کەشتی یەک لەدوای یەک خۆیان دەگەیاندە فەلەستین و زەوی و موڵکی جووتیارە عەرەبەکانیان دەکڕییەوە کە دواتر بۆ عەرەبەکان بووە سەرئێشەیەکی گەورە و سەرچاوەی نەهامەتی بۆ خۆیان و نەوەکانی دواتریان، ئەوکاتە هیچ کام لەو جووتیارە عەرەبانەی زەویوزارە کشتوکاڵییەکان و خانووەکانیان لەبەرانبەر بڕێک پارەی زیاتر دەدایە جوولەکەکان، کەسیان ئەوەیان نەدەزانی، ئەمە پڕۆسەیەکی ڕێکخراوە و بەشێکە لە پڕۆژەیەکی گەورەتر کە عەقڵی مەزنی وەک (تیودیۆر هیرتزل) لە پشتی داڕشتنییەوە بووە. ئەوەیان نەدەزانی ئەم لێشاوی کۆچە لە منداڵدانی ڕێکخراوی (زایۆنیزمەوە) کەوتووەتەڕێ و دیدێکی ستراتیژیی دوورمەودا ئاڕاستەی دەکات، کە دواتر ئەم پڕۆسەیە بووە کۆڵەکەی ئەو پڕۆژەیەی بەهۆیەوە جوولەکەکان بوونە خاوەن خاک و ئاو و ئاوەدانی فەلەستین و عەرەبەکانیش ئاوارە و پەراگەندەی وڵاتان بوون. ئایا هیچ پڕۆژەیەکی ستراتیجی لەم شێوەیە دژ بە کوردەکانی باشووری کوردستان، لە ئارادایە؟
لە سەدەی ڕابردوودا پڕۆسەی تەعریب بەشێواز و قۆناخی جۆراوجۆر بەڕێوەبراوە، لە هەلی دامەزراندنی فەرمانبەری عەرەبەوە تاوەکو بەزۆر ڕاگواستنی کورد و هێنانی دەیان هەزار خێزانی عەرەب بۆ شوێنەکانیان، دواجار بەزۆر گۆڕینی باری نەتەوەیی (تەسحیح قەومیە) ی خێڵ و بنەماڵەکان لە کوردەوە بۆ سەر عەرەب. هەموو ئەوەی لە درووستکردنی دەوڵەتی ئێراقەوە تاوەکو کەوتنی سەدام لە قۆناخەکانی تەعریبدا بەڕێوەبراون، لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا بووە، ئەو ناوچانەی نەتوانرا بخرێنە ناو چوارچێوەی ئۆتۆنۆمیی و دواتر ژێر ئیدارە و قەڵەمڕەوی هەرێمی کوردستانەوە.
کاتێک سەدام و بەعس ڕووخان، دەرفەتی ئەوە درووستبوو کورد ڕیشەی تەعریب هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام لەبەر زۆر هۆکار کە لە وتارێکی وادا شوێنی دەستنیشانکردن و ژماردنیان نابێتەوە، کورد ئەوەی نەکرد. دوای ڕووخانی سەدامیش تەعریب بە شێوازێکی نەرم هەر بەردەوام بوو.
لە 16ی ئۆکتۆبەرەوە جارێکی دیکە پڕۆسەی تەعریب و لەپاڵیشیدا تەشەیوع لە هەمان ئەو جوگرافیایەی ڕابردوو بە چڕیی درێژەی پێدرایەوە. هەڵوێستی حیزبە سیاسییەکانی کورد و دەسەڵاتدارێتیی کوردستان لەم چوار ساڵەی دوای 16ی ئۆکتۆبەریشدا ئەو ڕاستییە تاڵەی سەلماند کورد ئەو جوگرافیایەی بەلاوە گرنگ نییە کە وەک ستراتیجێک لە درووستکردنی دەوڵەتی ئێراقەوە نەخشەی بە عەرەبکردنی بۆ کێشرابوو، بەڵام ئێستا پڕۆژەی تەعریب شتێکی دیکەیە، هەر چاوی لە بەهێزکردنی پێگەی عەرەب نییە لەو ناوچە کوردستانییانەی لە بەدرەوە بۆ شنگال درێژبووەتەوە. بەڵکوو چاوی بڕیوەتە بەشەکەی دیکەی جوگرافیاکە، لە تەپۆڵکە وشک و شیوو دۆڵە بێئاوەکانی گەرمیانەوە تاوەکو قەندیل و کوێستانەکانی بادینان. واتا ئەگەر هەموو ئەو شێوازانەی پێشووتر لە پڕۆسەی تەعریبدا پەیڕەوکرابوون وەک قۆناخێکی بە عەرەبکردن تەماشا بکرێت، ئێستا ئەم پڕۆسەیە پێی ناوەتە نێو قۆناخی دووەمەوە، بەڵام ئەوەی وەک ئاماژە و سەرەتای ئەم قۆناخە خۆی وێناکردووە، ئەم جارە پڕۆسەیەکی سەپێنراو نییە کە هێزی سەرباز و یاسا و دامەزراوەی دەوڵەتی خرابێتە خزمەتییەوە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی تەوا جیاوازترە لە ڕابردوو.
ئەم جارە پڕۆسەی تەعریب هاوشێوەی ئەو ستراتیجەی جوولەکەکانە کە سەرەتا بەرانبەر بە فەلەستینییەکان پەیڕەویانکرد، جارێ کوردیش هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە نییە کە کام دەوڵەت و کام ڕێکخراو هاوشێوەی زایۆنیزم، پڕۆسەی تەعریبی نوێ بەڕێوەدەبەن. هیچ کام لەو کوردانەی ئێستا لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک خانوو زەویوزارەکانیان بە عەرەب دەفرۆشن، ئەوە نازانن کە ئەشێ ئەمە پڕۆسەیەکی ڕێکخراو بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەگوزەرێت دید و ستراتیجێکی دوورمەودا لە پشتییەوە ڕاوەستاوە و دواجار و دوای دوو سێ دەیەی دیکە بۆ خۆیان و بۆ نەوەکانیان دەبێت بە مایەی ماڵوێرانی.
پرسیارەکە ئەمەیە کە ئەگەر هاووڵاتییەکی ئاسایی درک بە و مەترسییە ناکات و بە هەر هۆکارێکە فرۆشتنی موڵکەکەی بە عەرەبێک پێباشترە لە کوردێک، ئەی ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتدارانی کورد و حیزبە سیاسییەکانی کورد و دەستەبژێری کۆمەڵی کوردەواری چییە لەوەی ڕێگە لەم مەترسییە بگرن؟
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی موڵک و خانووبەرەی شارە جیاجیاکانی کوردستانەوە بەردەست دەکەون، برا چاوڕەشەکانمان مانگانە بە هەزاران خانوو و موڵکی بازرگانی و باخ و زەوی کشتوکاڵی لە سنووری چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە کورد دەکڕنەوە. جا ئەوانەی پێشتر بە ئاوارەیی هاتن و چینە دەستکوورت و هەژارەکەی عەرەب بوون، بە کرێکاری ڕۆژانە و باخەوانی لە باخ و ڤێلاکانی کورد مانەوە و نەچوونەوە زێدی خۆیان، بەدڵنیاییەوە ئەم لێشاوەی ئێستایان کە دەبنە خاوەن ماڵ و بەرژەوەندی، بۆ ئەبەد ناگەڕێنەوە نێو عەرەبستان.
بە شێوەیەکی گشتیش ساڵ لەدوای ساڵ ڕێژەی کورد لە ئێراق کەمتر دەبێتەوە، تاکە شتێک وەک پێکهاتەیەکی جیاواز و خاوەن پێگە و قەوارە هەرێمی هێشتووەتەوە، ئەو تایبەتمەندییە جوگرافیایەیە کە لەسەری دەژێت. ئەگینا کوردەکانی بەغدا و کورد لە موسڵ و کەرکووک و لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بە ژمارە کەم نین، ڕەنگە ژمارەی ئەو کوردانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەژین و پەرش و بڵاوبوونەتەوە سێ تاوەکو چوار ملیۆن کورد بن، بەڵام سەنگ و پێگەیان لە هاوکێشەکانی ئێراق و ئەو ململانێیانەی هەن لە کوێدایە؟ چەند ساڵێکی دیکە ئەم تایبەتمەندییەی هەرێمیش وەک خۆی نامێنێتەوە و ڕەنگە ڕۆژگارێک بێتە پێشمان ژمارەی عەرەب لە باشووری کوردستان لە ژمارەی کورد زیاتر بن. زۆر هۆکاریش هەن بۆ ئەمە کە لە داهاتووی نزیکدا بێتە دی، هاوکێشەیەکی ژمارەییە و گۆڕینی ئەم هاوکێشەیە ئاسان بۆ عەرەب دەستەبەر دەبێت، چی لە ڕێگەی کۆچی ئەو عەرەبانەی پێشتر بە پاساوی ئەمنی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان نیشتەجێبوون، ئەوانەی ئێستا لە ڕێگەی کڕینی خانووی نیشتەجێبوون و هۆتێل و چێشتخانە و کارگە و کارخانەوە دێن و ئەوانەیشی لە ساڵانی داهاتوو بەهۆی وشکەساڵی و کێشەی ئاو و کارەبا و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە ڕە و دەکەن. ڕێژەی گەشە و خستنەوەی نەوە لەنێو عەرەب 10 جار بەرانبەر بە گەشەی خێزانی کوردە، بەوەش ڕێژەی عەرەب تا دێت بەرزدەبێتەوە و ڕۆژێک دێت دەبێتە هەڕەشە لەسەر دیمۆگرافیای تەواوی باشووری کوردستان.
ئایا حیزب و دەسەڵاتدارانی کوردستان بیریان لەوە کردووەتەوە، یاخود بەهۆی ئەوەی بەشی زۆری ئەو کۆمەڵگە نیشتەجێبوونانە موڵکی کەسانی نزیک لە خۆیان و حیزبەکانیانن و ئەم پڕۆسەیەش پارەیەکی زۆر دەخاتە باخەڵی ئەوانەوە. بەهۆی ئەو بەرژەوەندی و دەستکەوتە مادییانەوە کە لە هاتنی عەرەب بۆ کوردستان دەستیان دەکەوێت، چاویان لە ئاستی مەترسییەکانی داخستووە. [1]