ناونیشانی بابەت: بۆچی هەندێک وڵات هەژار و هەندێکی تریان دەوڵەمەندن؟
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
ئەوان دەڵێن: جوگرافیا و کلتوور هۆکاری شکسهێنانی دەوڵەتان نین، بەڵکوو دەزگایانی چەوسێنەر هۆکارن، بۆ چارەسەری شکستە ئابووری و سیاسییەکانی نەتەوانی ئەمڕۆش دەڵێن: بریتییە لە گۆڕینی دەزگا چەوسێنەرەکانیان بۆ دەزگایانی کراوە.
=KTML_Bold=پەڕتووکی بۆچی نەتەوەکان شکست دەهێنن؟=KTML_End=
بنچینەکانی دەسەڵات و خۆشگوزەرانی و هەژاری، بەرهەمی پازدە ساڵ توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی نووسەران دارۆن ئاسمۆگلۆو جەیمس ڕۆبینسۆنە. ئەم پەڕتووکە (590) لاپەڕەیەو لە پازدە بەش پێکهاتووەو لەلایەن هۆشیار سیوەیلی کراوەتە کوردی.
لە پێشەکی پەڕتووکەکەدا وەرگێڕ دەڵێت: هەردوو نووسەر چونەتە ناو قووڵایی مێژووی مرۆڤایەتییەوە، هەر لە شۆڕشی کشتوکاڵی ناوچەی میسۆپۆتامیا تا مێژووی نوێی چەندین وڵاتانی دەوڵەمەند و هەژاری ئەم سەردەمە.
ئەوان هەوڵیانداوە وەڵامێکی نوێی ئەو پرسیارە کۆنە بدەنەوە کە دەڵێ: بۆچی هەندێک وڵات هەژار و هەندێکی تریان دەوڵەمەندن؟
لێرەوە گەڕانێکی ورد دەستپێدەکەن بۆ دەستخستنی وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگی تر: ئایا کەلتووری نەتەوان یان هەڵکەوتەی جوگرافی وڵاتان یان ئاستی شارەزایی فەرمانڕەوا و نوخبەکان ڕۆڵی گرنگ لە هەژاری و دەوڵەمەندی یان لەسەرکەوتن و شکستهێنانی نەتەوان دەبینن؟ ئەگەر وەڵامەکە نەخێرە، ئەی هۆکاری ئەم جیاوازییە گەورەیە لە داهات و گوزەرانی نەتەواندا چییە؟ ئایا سیاسەت بناغەی خۆشگوزەرانی دادەنێ یان ئابووری و چۆن؟
هەردوو نووسەر، دوای وردبوونەوە لە چەندین نموونەی مێژوویی و لێکۆڵینەوە لە ئەزموونی چەندین وڵات لە کیشوەرە جیاجیاکاندا دەگەنە ئەو دەرئەنجامەی کە کەلتوورو جوگرافیا و نەشارەزایی ڕۆڵی گەورەیان نییە، بەڵکوو ئەوە دەزگایانی وڵاتن ڕۆڵی سەرەکی لە پەرەپێدان و پێشکەوتنی ئابووری و سیاسی وڵاتدا دەبینن.
=KTML_Bold=دەزگای کراوە چییە؟=KTML_End=
هەردوو نووسەر تەواوی سیستمە فەرمانڕەواکانی جیهان بەسەر دوو جۆردا پۆلێن دەکەن، ئەوانیش دەزگاگەلی سیاسی کراوە و دەزگاگەلی سیاسی چەوسێنەرن.
لەبارەی دەزگای سیاسی کراوە دەڵێن: دەزگایانی سیاسی کراوە ئەو دەزگایانەن کە دەسەڵاتی سیاسی بە فراوانی و بەشێوازێکی پلورەلیستی دابەشدەکەن، لە توانایاندایە ئەندازەیەک لە مەرکەزیەتی سیاسی دەستەبەربکەن بۆ چەسپاندنی یاساو ئاساییش کە بناخەی مافی موڵکداری جێگیرو ئابووری بازاڕی کراوەن.
هەروەها دەڵێن: بەبێ بوونی دەوڵەتی خاوەن مەرکەزیەت کە ئاساییش بپارێزێ و یاساکان بسەپێنێ و مافی موڵکداری بپارێزێ، ناکرێ دەزگایانی کراوە سەرهەڵبدەن،
بەبڕوای ئەوان دەزگا سیاسی و ئابوورییەکان هەڵبژێراوی کۆمەڵگەن، بۆیە دەکرێ کراوە بن و هانی گەشەکردنی ئابووری بدەن، یان چەوسێنەر بن و ببنە تەگەرەی بەردەم گەشەکردنی ئابووری.
نووسەران ئابووری بەتەواوەتی بە سیاسەتەوە گرێدەدەن، بۆیە جەخت لەوەدەکەنەوە تاوەکووسیستمە سیاسیەکە کراوە نەبێت سیستمە ئابوورییەکەش کراوە نابێت.
لەوبارەیەوە دەڵێن: دەزگا ئابوورییە کراوەکان نە پشتگیری دەزگا سیاسییە چەوسێنەرەکان دەکەن، نە لەلایەن ئەم دەزگایانەشەوە پشتگیری دەکرێن، لەوەڵامی ئەوەشدا کە چۆن سیستمێکی سیاسی کراوە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی دادپەوەری و نەهێشتنی هەژاری؟
دەڵێن: لە سایەی دەزگایانی ئابووری کراوەدا سامان لە دەستی گرووپێکی بچوکدا چڕنابێتەوە، تاوەکووهێزی ئابووری خۆیان بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان بەشێوەیەکی نابەرانبەر بەکاربهێنن. جگەلەوە لە سایەی دەزگایانی ئابووری کراوەدا دەسکەوتی سنووردارتر لە دەسەڵات گرتنە دەستدا بەدەستدەهێنرێ و بەمەش هاندانی لاوازتر درووستدەکا بۆ هەموو گرووپ و تاکە دەسەڵاتخوازەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت… لەهەمانکاتدا دەزگای ئابووری کراوە ئەو قازانجانە کەمدەکەنەوە کە نوخبەی دەسەڵاتدار دەستیاندەکەوێ لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی دەزگا سیاسیە چەوسێنەرەکان، چونکە ئەو دەزگا ئابوورییانە ڕووبەڕووی ڕکابەریی بازاڕ دەبنەوە و دەسەڵاتەکانیان بەهۆی گرێبەستەکان و مافی موڵکداری باقی کۆمەڵگە سنووردار دەکرێ.
=KTML_Bold=سیاسەت و ئابووری داخراو.=KTML_End=
نووسەران لە ڕوونکردنەوەی دەزگایانی سیاسی داخراودا دەڵێن: بناخەی ئەم دەزگایانە بریتییە لە نوخبەیەک کە دەزگا ئابوورییەکان بەشێوەیەک دیزاین دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان دەوڵەمەند بکەن و درێژە بە دەسەڵاتیان بدەن لەسەر حسابی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ناو کۆمەڵگە.
ئەوان لەبارەی پەیوەندی سیاسەت و ئابووری لە سیستمە داخراوەکاندا دەڵێن: دەزگایانی سیاسی چەوسێنەر دەزگایانی ئابووری چەوسێنەر بەرهەمدەهێنن کە دەبنە هۆی دەوڵەمەندبوونی ژمارەیەکی کەم لەسەر حسابی ژمارەیەکی زۆری خەڵک. ئەوانەی کەڵک لە دەزگایانی چەوسێنەر وەردەگرن، سامانیان هەیە بۆ دامەزراندنی سوپای تایبەت و هێزی میلیشیاو کڕینی دادوەران و تەزویرکردنی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. ئەوان هەموو بەرژەوەندییەکان هەیە لە بەرگریکردن لە سیستمەکە. بۆیە دەزگایانی ئابووری چەوسێنەر زەمینەی بەردەوامی دەزگایانی سیاسی چەوسێنەر دەڕەخسێنن، چونکە دەسەڵات چاودێری ناکرێ و سامانی ئابووری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ. دەزگایانی سیاسی چەوسێنەر هیچ چاودێرییەک لەسەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دانانێن.
ئاسمۆگلوو ڕۆبینسۆن، زۆر بەڕاشکاوی هۆکاری تەشەنەسەندنی هەژاری بۆ سیستمە سیاسییەکان دەگێڕنەوە.
ئەو پەیوەندییەش بەم جۆرە شرۆڤە دەکەن: دەزگایانی چەوسێنەر نوخبەکە دەوڵەمەند دەکەن، سامانی نووخبەکەش بناخەی بەردەوامیی باڵادەستیان درووستدەکا… دەزگایانی ئابووری چەوسێنەر ئەوە دەگەیەنن کە لە ڕێگەی دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا دەکرێ سوودو سامانێکی زۆر بەدەستبهێنرێ و موڵکی خەڵکی تر زەوتبکرێ و مۆنۆپۆلیەکان دابمەزرێنرێن… دەزگایانی چەوسێنەر نایەکسانی گەورە لەکۆمەڵگەدا درووستدەکەن و سامانێکی زۆرو دەسەڵاتێکی بێ چاودێری بۆ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان دەڕەخسێنن، چەندین ئارەزوو دێنە ئاراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت و دەزگاکان. دەزگایانی چەوسێنەر تەنیا ڕێگا خۆشکار نابن بۆ ڕژێمی دواتر کە تەنانەت چەوسێنەرتربێ، بەڵکوو ململانێ ناوخۆییەکان و جەنگی ناوخۆی بەردەوامیش درووستدەکەن. ئەم جەنگە ناوخۆییانەش داماوی مرۆیی زیاتر درووستدەکەن و تەنانەت ئەو مەرکەزیەتە کەمەی دەوڵەتیش لەناودەبەن کە ئەو کۆمەڵگەیانە بەدەستیانهێناوە. بەمەش زۆرجار پڕۆسەی شۆڕبوونەوە بۆ پچڕانی شیرازەی یاسا و شکستهێنانی دەوڵەت و ئاژاوەی سیاسی دەستپێدەکا کە هەموو هیواکان بۆ خۆشگوزەرانی ئابووری لەناودەبات.
=KTML_Bold=پەروەردە و تەکنەلۆژیا.=KTML_End=
جگەلە هەژاری و نادادپەروەری، هەردوو نووسەر ئاماژە بە دوو لایەنی دیکەی ژیان لە سایەی سیستمە سیاسییەکاندا دەدەن، ئەوانیش پەروەردەو تەکنەلۆژیان.
ئەوان لەبارەی گرنگی پەروەردەوە دەڵێن: ئاست نزمی پەروەردەی وڵاتانی هەژار بەهۆی دەزگا ئابوورییەکانەوە درووستدەبێ کە ناتوانن هانی دایک و باوکان بدەن تا منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە، بەهۆی دەزگا سیاسییەکانەوە درووستدەبێ کە ناتوانن حکومەت ناچار بکەن تا قوتابخانە درووستبکا و بوودجەیان بۆ دابین بکا و پشتگیری قوتابخانە و ویستی دایک و باوکان و منداڵان بکا. ئەو نرخەی ئەم نەتەوانە دەیدەن بەرانبەر نزمی پەروەردەی دانیشتووانیان و نەبوونی بازاڕی کراوە، بەرزە. ئەم نەتەوانە ناتوانن بەهرەی دانیشتووانیان بخەنەگەڕ. ئەوان چەندین بیڵ گەیتس و ڕەنگە یەکێک یان دوو ئەلبێرت ئەنیشتاینی شارەزایان هەبێ کە ئێستا وەک جوتیاری هەژار و نەخوێندەوار کاردەکەن و ناچارکراون ئەوە بکەن کە نایانەوێ بیکەن، یان ڕاکێشراونەتە ڕیزی سوپا، چونکە ئەوانە هەرگیز ئەو دەرفەتەیان بۆ نەڕەخسێنراوە لە ژیاندا پیشەکانیان هەڵبژێرن.
سەبارەت بە تەکنەلۆجیاش دەڵێن: گەشەکردن لە سایەی دەزگا چەوسێنەرەکاندا ئەو گەشەکردنە بەردەوامە نییە کە پشت بە گۆڕانکاری تەکنەلۆجی دەبەستێ، بەڵکوو ئەو جۆرە گەشەکردنەیە کە پشت بە تەکنەلۆجی هەنوکەیی دەبەستێ… گۆڕانکاری تەکنەلۆجی تەنیا یەکێکە لە بزوێنەرەکانی خۆشگوزەرانی، بەڵام ڕەنگە گرنگترینیان بێت. ئەو وڵاتانەی سوودیان لەتەکنەلۆجییە نوێکان وەرنەگرت، سوودیان لە بزوێنەرەکانی تری خۆشگوزەرانیش وەرنەگرت. ئەم سوودوەرنەگرتنەش لەبەر بوونی دەزگا چەوسێنەرەکانیان بوو، ئەمەش یان لە ئاکانی بەردەوامیی ڕژێمە ڕەهاکانیان بوو یان لەبەرئەوەی دەوڵەتانی خاوەن مەرکەزیەتیان نەبوو… وڵاتانی دەوڵەمەندی ئەمڕۆ ئەو وڵاتانەن کە دەستیان بە پڕۆسەی بەپیشەسازیبوون و گۆڕانکاری تەکنەلۆجی کرد کە لە سەدەی هەژدەیەمەوە دەستی پێکرد. وڵاتانی هەژاریش ئەو وڵاتانەن کە دەستیان بەم پڕۆسەیە نەکرد.
=KTML_Bold=نەتەوان بۆچی شکست دەهێنن؟=KTML_End=
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، هەردوو نووسەر دەڵێن: نەتەوان شکست دەهێنن کاتێک دەبنە خاوەنی دەزگایانی ئابووری چەوسێنەر کە لەلایەن دەزگایانی سیاسی چەوسێنەرەوە پشتگیری دەکرێن کە دەبنە تەگەرەو تەنانەت کۆسپ لە بەردەم گەشەکردنی ئابووریدا… یان ئەو دەزگا ئابوورییە کراوانە دەگۆڕێن بۆ دەزگای ئابووری چەوسێنەر بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندییە تەسکانەی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە.
لە بەشێکی دیکەی وەڵامی ئەو پرسیارەدا، دەڵێن: نەتەوان ئەمڕۆ شکستدەهێنن چونکە دەزگا ئابوورییە چەوسێنەرەکانیان ئەو هاندانە بۆ خەڵک درووستناکەن کە بۆ پاشەکەوتکردن و وەبەرهێنان و نوێکاری پێویستە. دەزگایانی سیاسی چەوسێنەر پشتگیری ئەم دەزگا ئابوورییە چەوسێنەرانە دەکەن لە ڕێگەی پتەوکردنی دەسەڵاتی ئەوانەی کەڵک لەم چەوساندنەوەیە وەردەگرن. دەزگایانی سیاسی و ئابووری چەوسێنەر هەرچەندە وردەکارییەکانیان بەپێی بارودۆخە جیاوازەکان دەگۆڕێن، بەڵام هەمیشە هۆکاری ئەم شکستهێنانەن.
لەدرێژەی باسکردنی ئەم بابەتەدا دەڵێن: نەتەوان لەڕووی ئابوورییەوە شکستدەهێنن بەهۆی دەزگایانی ئابووری چەوسێنەرەوە. ئەم دەزگایانە وڵاتانی هەژار بەهەژاری دەهێڵنەوە و نایەڵن ئەو وڵاتانە بکەونە سەر ڕێگای گەشەکردنی ئابووری… مێژوو پێکهاتەی کۆمەڵایەتی وڵاتەکان دەبنە هۆی جیاوازی لە سرووشتی نوخبەکەو وردەکارییەکانی دەزگا چەوسێنەرەکاندا. بەڵام هۆکاری ئەوەی بۆچی ئەم دەزگا چەوسێنەرانە بەردەوام دەبن هەمیشە پەیوەندی بە بازنەی ناهەمووارییەوە هەیە و کاریگەریی ئەم دەزگایانە لەڕووی هەژارکردنی هاووڵاتییانیانەوە هەمیشە هاوشێوەیە – تەنانەت ئەگەر خەستی ئەو کاریگەرییە جیاوازی هەبێ.
ئەوان لەوبارەیەوە ڕونکردنەوەی زیاتر دەدەن و دەڵێن: دەزگایانی چەوسێنەر بە درووستکردنی دەسەڵاتی بێ جڵەوگیری و نایەکسانی زۆری داهات، دەسکەوتەکانی گەمەی سیاسی زیاتر دەکەن. چونکە ئەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بکا دەبێتە سوودمەندی ئەم دەسەڵاتە زۆرەو ئەو سامانەی ئەم دەسەڵاتە دەیهێنێتە ئاراوە. دەزگایانی چەوسێنەر هاندان بۆ شەڕ و ململانێی ناوخۆیی درووستدەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات و سوودەکانی ئەو دەسەڵاتە.
دوای باسکردن و تاوتوێکردنی ئەزموونی چەندین دەوڵەت لە کیشوەرەکانی ئەفریقاو ئاسیاو ئەمەریکا، نووسەران دەڵێن: دەوڵەتانی شکستخواردوو لەبەر جوگرافیا یان کلتوورەکەیان نییە، بەڵکوو لەبەر میراتی دەزگایانی چەوسێنەرە کە دەسەڵات و سامان لە چنگی ئەوانەدا چڕکردۆتەوە کە کۆنترۆڵی دەوڵەتیان کردووە، ئەمەش ڕێگای نائارامی و دووبەرەکی و جەنگی ناوخۆ دەکاتەوە. دەزگایانی چەوسێنەر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی شکستهێنانی بەرەبەرەی دەوڵەت بەهۆی پشتگوێخستنی وەبەرهێنان لە زۆربەی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکاندا. دەزگایانی چەوسێنەر کە دەبنە هۆی هەژارکردن و زەوتکردنی موڵکی خەڵک و ڕێگا لە پەرەپێدانی ئابووری دەگرن، نموونەشیان لە ئەفریقاو ئاسیاو باشووری ئەمەریکادا زۆرن.
=KTML_Bold=بەدیهێنانی پێشکەوتن و خۆشگوزەران.=KTML_End=
هەردوو نووسەر تەنیا لایەنە تیۆرییەکان و ئەزموونە مێژوییەکان شرۆڤە ناکەن، بەڵکوو پێشنیار و ڕێگاکانی چارەسەرکردنیش دەخەنەڕوو. لەوبارەیەوە دەڵێن: چارەسەری شکستە ئابووری و سیاسییەکانی نەتەوانی ئەمڕۆ بریتییە لە گۆڕینی دەزگا چەوسێنەرەکانیان بۆ دەزگایانی کراوە. بازنەی ناهەموواری ئەوە دەگەیەنێ کە ئەمە ئاسان نییە، بەڵام ئەستەمیش نییە. هەندێک توخمی کراوەی ناو دەزگا کۆنەکان، یان بوونی هاوپەیمانی فراوان کە سەرکردایەتی خەبات دژی ئەو ڕژێمانەی لە ئارادان بکەن، یان تەنیا سرووشتی پەیوەستیی مێژوو، دەتوانێ بازنەی ناهەموواری تێکبشکێنێ. بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زۆرجار ئاماژە بە هاوکاری نێودەوڵەتی دەکرێت، بەڵام لەمبارەیەوە نووسەران بۆچونیان جیاوازە.
ئەوان دەڵێن: بەگشتی هاوکاری نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە کاریگەریی کەمی هەیە. بەدڵنیاییەوە بەو شێوەیەی ئەمڕۆ ئەو هاوکارییەی ڕێکدەخرێ ناتوانێ ئەو کاریگەرییەی هەبێ. تێگەیشتن لە ڕیشەی نایەکسانی و هەژاری لە جیهاندا گرنگە بۆ ئەوەی هیواکانمان لەسەر بناخەی بەڵێنە ناڕاستەکان هەڵنەچنین. لەبەرئەوەی ئەو ڕیشانە لەناو دەزگاکاندان، هاوکاری نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی ئەو دەزگایانەی لەناو وڵاتانی وەرگردا هەن، بۆ تاودانی گەشەسەندنی بەردەوام شتێکی ئەوتۆ ناکا. (بەڵکو) داڕشتنەوەی هاوکاری نێودەوڵەتی بەشێوەیەک کە دابینکردن و بەڕێوەبردنی هاوکارییەکە ئەو گرووپ و سەرکردانەی خراونەتە دەرەوەی دەسەڵات بهێنێتە ناو پڕۆسەی بڕیاردانەوە و بەشێکی فراوانی دانیشتووان هێزدار بکا، ڕێگەیەکی باشتر دەبێ. (چونکە) هەوڵدان بۆ ئەندازیاریی خۆشگوزەرانی بەبێ بەرەنگاربوونەوەی هۆکاری ڕیشەیی کێشەکە –دەزگایانی چەوسێنەرو ئەو سیاسەتانەی ئەم دەزگایانە دەهێڵنەوە – پێناچێ هیچ بەرهەمێکی هەبێ. [1]