=KTML_Bold=شینایی ئاسمان دەخاتە ڕستەوە=KTML_End=
خوێندنەوەی ئەم دیوانە زۆر شتمان لەبارەی شیعری ئەمڕۆی کوردییەوە پێ دەڵێت: بە تایبەت شیعری ئەو لاوانەی کە هێشتا لە سەرەتای ڕێگایەکدان، نە خۆیان و نە ئێمەیش نازانین ئاخۆ تا سەر پێیدا دەڕۆن، یا هەر زوو بە جێی دەهێڵن؟ لە سەرەتای ژیانی ئەدەبیی لاواندا، دەبێ ئەزموونگەری وەک دیاردەیەکی زۆر ئاسایی وەربگرین. ئەوان هەر وەک چۆن ژیان خۆی دەئەزموون، ئاوەهایش دەڕواننە ئەدەب و شیعر و نووسین.
یەکەمین شتێک کە لەم کۆمەڵە شیعرەدا سەرنجمی ڕاکێشا، تەشک (فۆرم) بوو. (شاعیر) زۆر جار فۆرمی پەخشانەشیعری بە کار هێناوە. من خۆم پەخشانە شیعرم زۆر پێ خۆشە و ساڵانێکی دوورودرێژیشە بە کاری دەبەم. بەڵام ئەوەیشم بە لاوە گرنگە کە سنووری نێوان پەخشانەشیعر و شیعری بێ کێش و بێ قافییە ڕوون و دیاریکراو بێت. شیعر، تەنیا بەوەی بەرگی کێش لە خۆی داماڵێت، نابێتە پەخشانەشیعر. ئەوە زمان و مۆسیقای وشە و هاوئاهەنگیی دەنگی حەرفەکانە ئەو بڕیارە دەدات.
وێنەی شیعری (میتافۆر) لەم شیعرانەدا، هەمیشە لە جووڵەدان، نە گیرۆدەی قاڵبە سواوەکانی ڕابوردوون و نە بە دەست زمانەوە، مەبەستم گەنجینەی وشەکانە، داماون. (شاعیر) ، تەنانەت کە زۆریش دەزانێت، بەڵام لە ساتێکی نادیاردا نەیزانیوە چۆن شینایی ئاسمان (بۆ ئەو) بخاتە ڕستەوە. ئەو چاوی لێیە کە (خۆر ڕوخساری کازیوە دەشوات) ، بەڵام هەر ئەویشە کە دەتوانێت، ئەو دیمەنە بە وشە بڕازێنێتەوە و بۆ خوێنەری بگوێزێتەوە.
لە شیعردا، لە شیعری باشدا، وێنە بەشی هەرە بزێو و زیندووە. بەڵام وێنە تەنیا پێوەندیی نێوان لە یەکچووەکان نییە. ئەوە زمانە کە بڕیاری سەرکەوتنی وێنە دەدات، ئەوە زمانە ڕێگە دەدات وێنە ببێتە بوونێکی هەستپێکراو، هەر زمانیشە کە تەمەنی وێنە دیاری دەکات.
(شاعیر)، ئەگەر دەیەوێ ڕێگای دوورودرێژی شیعر و داهێنان بگرێتە بەر، بە بێ زمان، بە بێ زمانێکی باش، لەوەیش گرنگتر بە بێ کوردییەکی باش، ناکرێ چاوەڕوانی ئەنجامێک بێت شانازیی پێوە بکات. ئەمەی دەیڵێم ترساندن نییە، بەڵکە یەکێکە لە مەرجەکان، یا پێشمەرجەکان، بۆ ئەوەی لە فێرگەی داهێناندا خۆی ناونووس بکات. چاوەڕوانی تێکستی جوان و داهێنەرانەم.[1]
#فەرهاد شاکەلی#
ئوپسالا، سوید 2021