ناونیشانی بابەت: گرفتی جیاکاری منداڵی مامۆستا و منداڵانی تر
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
لەوکاتەوەی من بیرم بێت، پێش تەمەنی منیش گرفتی منداڵی مامۆستا لەقوتابخانەکاندا هەبووە، ئێمەی منداڵی هەژاران ئای چەند دڵمان بەخۆمان دەسوتا، ئەوکاتانەی منداڵێکی مامۆستا لەپۆلەکەمان ئەبوو، چونکە ئەو نازداری پۆل بوو، لای هەندێ لەمامۆستاکان، بە لێوی بەخەندەوە و قسەی خۆشەوە، ڕاوێژی لەگەڵ دەکراو کام شوێنەی پێخۆش بوایە ئەو شوێنە تاپۆی خۆی بوو، جارجارەش نازێکی بەسەر مامۆستادا دەکرد، مامۆستاش بەزەردەخەنە و سەرلەقاندنێک داواکەی قبووڵ دەکرد، وەک چۆن ئێستا منداڵانی بەرپرس خواپێداون و لەهیچیان کەم نییە، کام قوتابخانە و خوێندنگەیان بوێ بەپارە لێی دەخوێنن، پاش چەند ساڵێکیش نەوەیەکی بێ مەعریفە و دوور لەزانست دێنە ناو کایەی ژیان و ئەوان وڵات بەڕێوەدەبەن، بۆ ئەو سەردەمەی ئێمەش منداڵی مامۆستا وەها بوون، زۆربەی منداڵان حەزیان دەکرد لەومنداڵانە نزیک ببنەوە، ئێستا تێدەگەم لایەنی کۆمەڵایەتی و دەروونی و جیاکاری و چینایەتی ئەوەیان خولقاندبوو.
بەڵام ناکرێ دەست خۆشی لەهەندێ مامۆستا نەکرێت و لەوانی تر جیانەکرێنەوە، کەوا سەردەم و زەمانە خۆیان لەو کارە دزێو ناشیرینە بواردووە، چونکە ئەو مامۆستایانە هیچکات نەیان دەهێشت منداڵی مامۆستایان لە ئێمەی منداڵانی تر جیاببنەوە، تەنانەت مامەڵەی ناوپۆل و بەشداری پێکردنی وانەکەش، هەر بۆیە ئێمەی منداڵ لە وانەی ئەو مامۆستایانەدا دڵمان زۆر خۆش دەبوو.
من نامەوێ لەشکۆی بەرزی مامۆستایان کەم بکەمەوە، بەڵام وەک مامۆستایەک و چاودێڕێکی بواری پەروەردە، ئەوەی لای من و خەڵکانی تر دەبێتە باس و خواس پێویستە هەڵوێستەی لەسەربکەم، بە مەبەستی وەرگرتنی ئاڕاستەی درووست و چارەسەرکردنیان.
پەروەردەی هاوچەرخ و مۆدێرن، کار لەسەر کەلێنەکانی ناوکایەکە دەکات و ناهێڵێت ببنە دەلاقە، چونکە کەوای لێهات دیواری پڕۆسەکە بەسەر منداڵان و هەموو ئەوانەدا دەڕووخێت کە لەناو ئەو بینایەدان، پاشان ڕەنگدانەوەی بۆسەر هەموو کۆمەڵگە بەخراپ دەکشێتەوە و بەرەو وێرانە ئاڕاستە وەردەگرێت.
باسکردن و بینینی ئەودیاردە دزێوەی بووەتە مۆتەکەی زۆربەی منداڵان و گەورەکانیش، بۆمنداڵان ئێستایان دەبێتە خەم و ئاڵۆزی و بۆ گەورەکانیش یادەوەری تاڵ، بۆ دەبێ منداڵی مامۆستایان خۆشبەخت بن و منداڵە هەژارەکان بێبەخت بن؟
ئەو مامەڵە نادرووستەی لەقوتابخانە و خوێندنگەکاندا دەکرێت، وێرانکردنی پڕۆسەی پەروەردە و دەروونی تاکەکانە، ئەوان بۆهەردەبێ نمرەکانیان نایاب بێت و لەسەرووی نمرەی ئەوانی تر بێت؟
بۆچی بۆمنداڵی مامۆستا ڕەوا بێت بچێتە ژووری مامۆستایان و پێشوازی پڕ خەندەوخۆشی لێبکرێت؟ بەڵام کاتێ منداڵێکی تر بەئیشێک دەچێتە نزیک ژووری کارگێڕی یان مامۆستایان، وا دەردەکرێت و دڵی دەشکێنرێت، نازانێ چۆن بگەڕێتەوە پۆلەکەی خۆی، پێدەچی بۆچەند ڕۆژێ ئەو دڵتەنگییە یەخەی بەرنەدات.
تەنانەت نان خواردنی بۆنەکان منداڵانی مامۆستایان جیادەکەنەوە، دایکێک یان باوکێک کەبەڕاستی مامۆستا بن، هیچکات ڕێ بەخۆیان نادەن منداڵەکانیان لەهاوڕیکانیان جیابکەنەوە، بەڵکوکارێک دەکەن کەدڵی منداڵانی تریش خۆش بکەن و جیاکاری نەکەن، ئەوانە بەڕاستی مامۆستان.
(ناپلێۆن پۆنابارت 1769-1821) ڕۆڵی ئەوکەس و لایەنانە بەرز دەنرخێنێت کە بەباشی پەروەردە ئاڕاستە دەکەن، وایان باس دەکات وەک ئەوەی دەرگای زیندان دابخەن و دەڵێت (ئەوەی قوتابخانە بکاتەوە زیندانێک دادەخات) .
کەواتە ئەگەربمانەوێت پەروەردە لەو زیندانە دووربخەینەوە و بیکەینە شوێنی ژیان، دەبێت وەزارەتی پەروەردە بەبڕیار ئەو جیاوازیکردنە لەنێوان منداڵانی مامۆستایان و منداڵەکانی ترنەهێڵێت و ڕێی لێبگرێت، هەموو ساڵێک گلەیی و گازندەی خەڵک دەبیسترێت، بەتایبەتی کاتی وەرگرتنەوەی نمرەی قوتابییان و خوێندکاران، چونکە نادادیەکی زۆر بەدیدەکرێت، لەنێوان نمرەی قوتابییان و منداڵانی مامۆستایانی ئەوقوتابخانە و خوێندنگەیانەی ئەوجیاوازیە دەکەن، هەرخۆم ساڵانە ڕووبەڕووی پرسیاری چەندین کەسوکاری قوتابییان بومەتەوە، کە نادادی و غەدریان بۆباس کردوم کە لەمنداڵەکانیان کراوە.
قوتابخانە و خوێندنگە پێویستە پڕبێت لەزەردەخەنە و خۆشی، نەک جیاوازیکردنی منداڵانی ناو ئەوژینگە پەروەردەییە.
(فرجیل) هونەرمەند و نووسەر و شاعیردەڵێت: (منداڵەکە دایکی بە زەردەخەنەکەی دەناسێتەوە) لەمەوە دەردەکەوێت منداڵان هەست بە هەموو جۆرە مامەڵەیەک دەکەن کە بەرانبەریان دەکرێت، وەک چۆن زەردەخەنەی دایکی دەناسێتەوە.
بەو هیوایەم ئەم وتارە هاندەربێت بۆهەموو مامۆستایان، کە چاودێریەکی وردی ئەم حاڵەتانە بکەن و نەهێڵن ببێتە دیاردە، لەلایەکی ترلە ڕێگەی ئەم بۆچوون و سەرنجانەی منەوە، وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە، بڕیار و ڕاسپاردەی گونجاو لەم ڕووەوە دەربکەن، لە ڕێگەی لایەنە تایبەتمەندییەکانەوە، چاودێری قوتابخانە و خوێندنگەکان بکەن و ڕێگربن لەوجۆرە مامەڵە نادرووستەی ناو پڕۆسەی پەروەردە. [1]