بە زیادکردنی بڕگەیەک، لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ئێراق، هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بەجێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نەوتی لەگەڵ حکومەتی ئێراق.
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەڕڵەمانی ئێراق، کە داوای کرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، لە لیژنەکەیان، سەرقاڵی دۆزینەوەی میکانیزمێکن، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەتەواوی پابەند بکات بەو ڕێککەوتنەی لە مانگی نیسان لەسەر نەوت لەگەڵ ئێراق واژوویکرد.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاشکراشیکرد، دوای دۆزینەوەی میکانیزمەکە، وەک بڕگەیەک بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ئێراق بەتایبەتی لەو ماددانەی تایبەتە بە پشکی هەرێم جێگیردەکرێت، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان هیچ دەرچەیەکی تری نەبێت و پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت وەک خۆی.
هەروەها باسی لەوەش کرد، ساڵانی ڕابردوو، چەند جارێک ڕێککەوتنی نەوتی واژووکراوە، بەڵام #هەولێر# لەلایەک و #بەغدا#ش لەلایەک پابەندنەبوون پێیەوە، بۆیە ئێستا نامانەوێت هەمان شت دووبارە بێتەوە و بەدوای ڕێگەچارەیەکی بنەڕەتی بۆ ئەوە دەگەڕێین. [1]