ناونیشانی بابەت: سیمای ڕۆحێکی ڕەسەنی کوردانە
ئامادەکردن: #موحسین عەلیڕەزایی#
=KTML_Bold=“بە بۆنەی ماڵاوایی هادی مەحموودی هونەرمەند”=KTML_End=
لە ڕۆژگاری ئێستاماندا و بە پەرەسەندنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ئامێرەکانی پەیوەندی و ڕاگەیاندن و بە تایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چەمکەکان لە مانا ڕەسەنەکانی خۆیان داتەکێنراون و لەو کاکڵ و ناوەرۆکە ڕاستەقینە ڕۆحییە بەتاڵ کراونەتەوە، ئەمەش پێش ئەوەی بە تەنیا کاریگەریی ڕەش و دزێو و نادرووستی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بیت نەبوونی پلان و پەرژینێکی ڕەوا و بەجێیە لە ئاست دونیایەکی گەورە کە شاڵاوی بۆ کۆمەڵگەی بچووک و پێشنەکەوتووی ئێمە هێناوە. دونیای جیهانگیریی و پلانە کولتووری-سیاسییەکان.
لەم جووتبوونە نادرووست و دەرەمێژووییەدا کۆمەڵێک دیاردەی ناتەندرووست لەدایکبوون و زاوزێیان کردووە کە سەر لە بەری یادەوریی کۆمەڵگەی ئێمەیان خستۆتە مەترسیییەوە، بواری هونەر بە مانا گشتییەکەی تەنیا یەکێک لە بوارەکانە. بۆ نموونە ئێستە تۆ دەیان گۆرانیبێژی ژن و کچە منداڵکارت هەن کە زۆرینەیان هیچ هونەرێک نە لە دەنگیاندا هەیە و نە لە ئەدا و گۆکردنیان، بەڵام بەهۆی قەلافەتی سێکسیی ژنانە و سیمای میدیاتیکی جەستەیان لەلایەن بەشێکی زۆر لە نەوەی نوێمانەوە پێشوازییان لێ دەکرێت و میدیاکان زەقیان دەکەنەوە، ئەم پێشوازی کردنەش مەرج نییە حەتمەن وەکوو پێشوازیکردن لە هونەرەکەیان پێناسە بکرێت بەڵکوو زیاتر وەکوو گرێیەکە لە بینینی ژنان و کچان و ڕووتبوونەوەی دونیای ئەوان لەسەر شاشەکاندا، گاڵتە و شۆخی و گەپ و گێڕانەوەکانیان و لە زۆربەی کاتیشدا بێواتا و بێسەروبەرن، ئەوەندە نازفرۆشی و مەکرنواندن تێیدا شەپۆلان دەدات ئەوەندە پەیام و حیکمەتێکی تێدا بەدی ناکرێت، غەدرە بڵێین دەی دونیای ناسکی ژنانە هەر وایە، نەخێر ژنان لە هەموو جیهاندا و بەدڵنیاییەوە لە کوردستانیش بەڕادەی پێویست لە بوارە جیاجیاکاندا دەرکەوتوون، لە بواری هونەر و مۆدێلینگ و فەلسەفە و ئەدەب و شانۆ و داهێناندا ئیشیان کردووە کۆمەڵگەی مرۆییش لە هەموو جیهان سەری ڕیێزیان بۆ دادەنەوێنیت ژنانێکی وەکوو هێلێن کلێر، هیریت بیچر ئیستۆ، سیمون دوبوڤار، هانا ئارێنت، ئایریس مەرداک.
لە ناو کوردی خۆمانیشدا لەیلا قاسم، عادیلە خان، حەفسە خانی نەقیب و دەیانی دیکە، ئەمانە ڕۆڵەی ڕەنجدەر و خەمخۆری سەردەمی خۆیان بوون و ئێمە ناتوانین بە ئاسانی لە یادەوەریماندا بیانسڕینەوە جون ئەوان مانا و ناوەرۆکیان بەرهەم هێناوە، لە ڕێرەوی مێژوودا ڕۆڵێکیان هەبووە، هەمدیس لە ناو گۆرانبێژانی ئێستەی کورددا کەسانی وەکوو کانی، شاناز زاهیر، ماریا هەورامی و دەیانی دیکە هەن لەدەرەوەی ئەو بازنە ئیرۆتیکییەی کاری هونەری ئیش دەکەن و پێم وایە بەشێکن لە پڕۆسەی گەشەی کۆمەڵگەی کوردی. لە ناو ئەم گەڕەلاوژێیەدا کەسانێک ناوی هونەرمەندی میلییان لێ دەنرێت کە ڕەنگە ئێمە وەکوو تاکێکی کورد پێمان عەیب بێت بڵێین ئەمە گۆرانبیژێکی میلیی ئێمەیە و ئەوەش گۆرانییە میلییەکەیەتی و پیشانی کەسێکی بیانی و ئەویدییەکی کوردی بدەین! مەبەستمە بڵێم کاتێک ئێمە وتار و پلانێکی تۆکمە و یەکدەستمان نەبێت بۆ پێناسەکردنی چەمک و زاراوەکانی سەر بە کۆمەڵگەی ئینسایی خۆمان ، ئەنجامەکە لەمە باشتر نابێت، ئەم دۆخە بۆ گۆرانیبێژانی پیاویش ڕاستە، گۆرانیبێژی وا کە هەندێک بەندی فیشقیات ڕێک دەخات کە (چواردە ژن بهێنێت) و یان هی وا کە بە دەف و دایەرەیەکەوە باسی نامەگۆڕینەوە لەگەڵ کچێک دەکات و وێنایەکی تەواو بازاڕی و دوور لە هەر جۆرە هەڵبەست و تەکنیکی شیعری دەرخواردی مێشکی مرۆڤی کۆمەڵگەی ئێمە دەدات، لە ئاوەها دۆخێکدا ئێمە بۆ دەبێ چاوەڕوان بین کە تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمە هۆگرییان بە ئەدەبی ڕەسەن، مێژووی خۆی، فەلسفە، بیری کۆمەڵایەتی و هونەرمەند و کەسایەتییە دیار و خاوەن پێگەکانی خۆی هەبێت! لەنێوان ساڵانی شەستەکانەوە بۆ نەوەدەکان دەیان گۆرانیبێژ و هونەرمەند سەریان هەڵدا کە کولتوور و شووناسی ئێمەیان ڕزگار کرد، تۆ ئێستەش گوێ لە دەنگی حسێن عەلی و تایەر تۆفیق و سەید عەلەی ئەسغەر و کێ و کێیتر دەگریت مووچڕک بە لەشتدا دێت، بە هەڵبەستیان، بە ئەداکردنیان، بە ئامێرەکانی ژەنین و هتد…ئێستە دۆخەکە چۆنە؟
ئەمە بۆ دراما و فیلم و شانۆش هەر ڕاستە، ڕەنگە ئێمە پاش دراماکانی وەکوو ژاڵە و فیلمی وەکوو “بووکی ژێر دەواری ڕەش” نموونەیەکی سەرکەوتوو و ڕەسەنی دیکەمان بە و شێوەیە نەبینیبێتەوە، هەر چەند بێگومان کاری زۆر باش لە ڕۆژهەڵات و باشوور کراوه، بەڵام لانی کەم ئێمە ناتوانین بڵێین سینەمای کوردیمان هەیە بەڵام دەتوانین بڵێین فیلمی کوردیمان هەیە، ئەمە بۆ شانۆگەریش ڕاستە چون ئەمانە بوارانێکی ناسکن و پسپۆڕی و هونەر و تەکنیکی خۆیانیان دەوێت، شوکر بۆ خوا هەر کەسێک جارێ ناتوانێت پەلاماری ئەوم بوارانەش بدات و بە ئارەزووی خۆی تەڕاتێنی تێدا بکات و دوو چۆپی لە ناویدا هەڵپەڕێت! ئەم باسە پانۆرامای قەیرانێکە لە بواری گشتیی کۆمەڵگەی ئێمەدا بۆ ئەوەی بتوانین ئاسانتر سیمای هونەرمەندێکی ڕەسەن بە ناوی “هادی مەحموود” یان وەکوو لە درامای گەردەلوولدا ناسراو بوو “عەریف حەمە تاڵ” بنەخشێنین.
بەداخەوە قەدەر و سرووشتی هونەرمەندانی کۆمەڵگەی ئێمە وای لێهاتووە لە کاتی مەرگدا زیندوو دەبنەوە و زیاتر دەناسرێن! باشم لە بیرە ساڵی پار کاتێک کاک هادیی ڕەوانشاد گرتە ڤیدیۆیەکیان لێ بڵاو کردەوە و باسی کەباب خواردن و چێژی خواردنی دەکرد کۆمەڵێک هاتن وتیان ئەمە چڵێسییە و زکنبوونە، هەندێ دۆستی بەناو ڕۆژنامەنووسیش باسی بەهێزبوونی کەبابخواردن و دابەزینی خەباتیان لە باشوور دەکرد، ئەم تێروانیانە بەس بوو بۆ ئەوەی ئاست و قووڵایی کارەستانی خۆنەناسی و کورد نەناسیمان بۆ بخاتە ڕوو، ئەو شێوەژیانەی کاک هادی کە ئێستە وردەوردە پەردەی لەسەر هەڵدەدرێت یەکێک لە شێوازە ڕەسەن و ڕاستەقینەکانی ژیانی کوردانەیە (ناڵێم ئایدیالترینیان) هەر ئەو ڕۆحییەتە دیونیزوسی و ژیاندۆست و خۆنەپارێزە بوو شۆڕشی کرد، هەر ئەو ڕۆحییەتە بوو ئەمنە سوورەکەی گرت و مولازیم مەحسینی لە تۆڵەی دونیایەک خوێنی گەنج و لاودا هەڵواسی، هاوکات هەر ئەو ڕۆحییەتە بوو کە دەیتوانی بە قاقای پێکەنین باسی هەژاری و خۆشی و چیژەکانی بکات. هەر ئەو ڕۆحییەتە بوو لە کۆڕەودا چریکاندی “نیشتمانی خۆمە دەیپێوم مەڵێن ئاوارەیه”.
ئێستە زیاتر دەبینین کە “هادی مەحموود” تەنیا ئەکتەرێک نەبووە، پەڕتووکفرۆش بووە بەڵام تەنیا پەڕتووکفرۆش نەبووە، پەڕتووکخوێن بووه، بەڵام تەنیا پەڕتووکخوێنیش نەبووە، ژیاندۆست بوو و عاشقی کچەکانی بووە بەڵام تەنیا لەو بازنەیەشدا گیری نەخواردبووەوە، لە سابوونکەران لە دایک بووە بە منداڵی لەوێ لەگەڵ باوکی شووتی و شتی فرۆشتووە، بەگەنجی هەنگاوێک ژوورتر هەر بە و ئاڕاستەیەدا پەڕتووکی فرۆشتووە و تا بەر لە مەرگیشی لەو نێوانەدا شووتی فرۆشتووە نەک بۆ بژیوی ژیان بەڵکوو بۆ خۆشەویستیی بۆ ژیان و خەڵک! ئەو دەڵێت کە کچەکانم دەبینم خەمی دونیام بیر دەچێت! هیچ هەستم بە کەمیش نەکردووە کە کوڕم نەبووە! ئەو دەڵێت مەرگ مافە و ئێمە دەبێت هەموومان ڕووبەڕووی بینەوە هەر بۆیە لێی ناترسم! من پێم وایە سیمای ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردێکی پێشکەش بە ئێمە کرد کە لە سەردەمە کۆنەکانەوە تا ئێستە هاتووە ژیانی لە بەردەمی مەرگدا بە تووندی لە ئامێز گرتووە و بە قاقایەکی پێکەنینیشەوە مەرگی گرتووەتە باوەش! ڕۆحی شاد و یادی نەمر! [1]