ڕانانێک بۆ پەڕتووکی دەربارەی داستانی ئۆدیسەی هۆمەر
ئەم پەڕتووکە، پەڕتووکی ژمارە 141ە لە زنجیرە پەڕتووکی گیرفان، کە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ کراوە، ئەم پەڕتووکە پێکهاتووە لە لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی داستانی ئۆدیسە کە نووسەر وەرگێڕ حەمەکەریم عارف کاری وەرگێڕانی بۆ ئەنجامداوە.
دەربارەی ئەم لێکۆڵینەوەیە، حەمەکەریم عارف، وەرگێڕی پەڕتووکەکە، لە پێشەکیی پەڕتووکەکەدا نووسیویەتی: ئۆدیسە یەکێکە لەو شاکارە ئەدەبییە هەرە بەرزانەی لە کۆنەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ کاریگەریی بەسەر ئەدەبیاتی دنیاوە، بەتایبەتی ئەدبیاتی ئەورووپاوە هەبووە، زۆربەی تراژیدیا یۆنانییەکان لە ئۆدیسەوە هەڵێنجراون و سێبەری بەسەر زۆربەی کارەکانی ئیسخیلۆس و سۆفۆکلیس و یوربیدسەوە دیارە.
وەرگێڕ چەند نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەنووسێت: شاعیری ڕۆمانی فرجیل، لە داستانی (ئینیادە) دا لەژێر کاریگەریی هەردوو داستانی (ئیلیادە و ئۆدیسە) دایە. کار گەیشتووەتە ڕادەیەک کە بەوە تاوانبار دەکرێت ئۆدیسەی کۆپی کردووەتەوە و بە شێوازێکی هەندێ جیاواز لە شێوازی هۆمەری دایڕشتووەتەوە. فینلۆن لە (تیلماک) ەکەی خۆیدا، هەر گەڕانەکەی تیلیماخۆسی لە ئۆدیسیۆس وەرگرتووە و تۆزێ درێژی کردووەتەوە و شاخوباڵی لێناوە، دەنا وەکوو ڕەوتی گشتیی داستان، هیچ شتێکی تازەی دانەهێناوە.
ناوبراو ئاماژە بە کاریگەریی شاکاری ئۆدیسە لەسەر نووسەرانی مۆدێرن دەکات: دەکرێ بگوترێ ئۆدیسە لە ئیلیادە زیاتر سەرنجی ڕۆماننووسانی ڕۆژگاری تازەی ڕاکێشاوە و بووە بە سەرچاوەی ئیلهام و سەرۆیان، بۆ نموونە (یۆلیسیس) ی جیمس جۆیس کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا لە سەرانسەری دنیادا دەنگی دایەوە و جۆرە دابڕان و وەرچەرخانێکی ڕۆمانەوانیی درووست کرد، ڕێک لەژێر کاریگەریی ئۆدیسەدایە، بەڵام جۆیس نەفەسی ڕۆژگاری خۆی پێ بەخشیوە، بەوەش ویستوویەتی ئەوەمان پێبڵێ کە شاکاری وەکوو ئۆدیسە لەم ڕۆژگارەدا دووبارە نابێتەوە، ئەگەر دووبارەش ببێتەوە، لە قاڵب و ڕێختمان و تیمە و ناوەرۆکێکی مۆدیرندا دووبارە دەبێتەوە. ئیدی زۆر هەوڵی ڕۆمانەوانیی دیکە هەن، گەر لێیان ورد ببیتەوە دەبینی ئۆدیسە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئیلهامبەخشیان بووە. [1]