ناونیشان: چاوەڕوانی بەغدا بن، بێ شێو سەردەنێنەوە
نووسەر: #عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون: #27-08-2023#
زۆر جارى دیکە ئەوەم گوتووە، کورد تێگەیشتنێکى هەڵەى بۆ خۆى درووستکردووە لە ناسین و هەڵسەنگاندنى شیعە لە ئێراق. بە حوکمى ئەوەى لە سەدەى ڕابردوو دەسەڵات لە دەستى عەرەبى سوننەدا بوو، ئەو زووڵم و ستەمکارییانەى بەرانبەر بە کورد ئەنجامدراون، لەلایەن دەسەڵاتدارانى سوننەوە پیادەکراوە، هەروەها لەبەرئەوەى شیعەش تا ئەندازەیەک دەچەوسێندرانەوە و چەند حیزبێکى سیاسى ئۆپۆزیسیۆنیان هەبوو کە لەگەڵ کورد لەیەک سەنگەرى دژ بە #بەعس#دا بوون، ئیدی کورد هەر لەبەرئەوە پێى وابوو شیعە دۆست و پشت و پەناى کورد دەبن.
لەدواى ڕووخانى سەدام لەسەر بنەماى ئەو وێنا هەڵەیە بۆ شیعە، کورد پشتیووانییەکى لە ڕادەبەدەرى شیعەکانی کرد تا جومگە گرنگەکانى حوکمڕانیی ئێراق بکەوێتە دەستى ئەوانەوە. بێ ئەوەى ئەو مەترسییە لەبەرچاو بگرێت کە ئەوان لەڕووى ژمارەوە زۆرینەن و ڕەنگە سبەى پرسى زۆرینە و کەمینە بکەنە پاساو بۆ فەرامۆشکردنى ئەو سازان و لێکتێگەیشتنانەى ئێراقى نوێیان لەسەر بوونیاتنرایەوە.
هەروەها کورد چاوپۆشییەکى زۆریکرد لەو تاوانکارییانەى شیعە بەرانبەر بە سوننەى عەرەب گرتیانەبەر، بێئەوەى ئەو پێویستییە لەبەرچاو بگرێت کە بۆ کورد واباش بوو جۆرێک لە هاوسەنگى لەنێوان شیعە و سوننە هەبووایە، تا لە ئەنجامى ناکۆکى و ململانێى نێوانیان دەرفەتى یاریکردن بۆ کورد فراوانتر بێت. یان هەست بەو مەترسییە بکات لە حاڵەتى سەرکەوتنى سیاسەتى پاکتاوکردنى سوننە لەلایەن شیعەکانەوە، ئەگەرى ئەوە هەیە ئەو مەیلى پاوانخوازییەى شیعە کوردستانیش بگرێتەوە.
هەرچەندە هێشتا بەشێکى زۆرى کورد چى لە ئاستى میللی و بەتایبەتى لەناو ئەوانەشدا کە خەریکى سیاسەتن، ئەم ڕاستییەیان نەبینیوە یان درک بەوە ناکەن کە کورد وەک نەتەوە و جوگرافیاکەى وەک کوردستان کەوتووەتە ناو ئەو بازنەیەوە کە شیعە چاوى تێبڕیوە و وەک بەشێک لە پێویستیی تەواوکاریى پڕۆسەى هیلالى شیعى دەیبینن. هەموو ئەو ناکۆکییانەش لەدواى کشانەوەى ئەمریکاوە لە کۆتایى ساڵى 2011ەوە لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە، بەشێکە لەو ستراتیجەى شیعە لە ئێراق، بەڵام لەلایەک بەهۆى خراپ ئیدارەدانى هەرێمى کوردستان و بوونى کێشە و ناکۆکیی زۆر لەنێو هێزە سیاسییەکانى کوردستان، لەلایەکى دیکەشەوە بەهۆى ئەوەى ماڵى شیعى ژمارەیەکى زۆر کوردى هەرزانیان کەوتە دەست کە ئەوان بۆ ماکیاجى سیاسەتى شیعە بەکاربەرن و ڕاى گشتیی کوردستان بە جۆرێک ئاڕاستە بکەن، خەڵک بە ئاسانى درک بە حەقیقەتى حوکمڕانییەی شیعە و مەترسییەکانى لەسەر ئاییندەى کوردستان نەکات.
بۆیە هێشتا کارێکى ئاسان نییە بتوانرێت لە کوردستان تێگەیشتنێکى گشتى بۆ حەقیقەتى حوکمڕانى و ناسینى ستراتیجى شیعە درووستبکرێت. سەربارى ئەوەى وا نزیکدەبێتەوە لە 10 ساڵ شیعە سیاسەتى برسیکردنى خەڵکى کوردستانى گرتووەتەبەر، بۆ دوو ساڵیش دەچێت خەریکى لێدانە لەژێرخان و سەرخانى ئابووریی کوردستان. خەریکى داڕشتنى پلانیشە بۆ لەبەریەکهەڵوەشانەوەى بنەما یاسایى و دەستوورییەکانى حوکمى خۆبەڕێوەبەرێتیی ناوچە کوردییەکان، بەڵام جێى داخە ئەم حەقیقەتانە هەموو نابیندرێن و زۆرن ئەوانەى لە هەموو ئەو ململانێ و ناکۆکییانەى لەنێوان کورد و بەغدا هەیە، کەوتوونەتە ژێر ئەو تەوژمە چەواشەکارییانەى بۆ گۆڕینى سایکۆلۆجیاى شەقامى کورد لە برەودایە و هەر پێیان وایە بەغدا لەسەر حەقە و هەمووى خەتاى ک�%8