ئاستی پشتبەستنی میدیاکاران بە ڕۆژنامەوانیی هاووڵاتیی، وەک سەرچاوەی زانیاریی لە هەرێمی کوردستاندا، توێژینەوەیەکی مەیدانییە.
نووسینی: شەهێن کەریم ئەحمەد، باقر داوود حسێن.
#گۆڤاری زانکۆی گەرمیان# ، ژمارە: (10) ، 2023.
ڕۆژنامەوانیى هاووڵاتى، وەرچەرخانێکی جۆریی لە بواری بەرهەمهێنانی پەیام و ناوەرۆکى میدیایی درووستکردووە بە جۆرێک سرووشتی کارى میدیایى لە بەر ڕۆشنایى گەشەى تەکنەلۆجیا و شۆڕشى میدیاى دیجیتاڵى و زیادبوونى بەکارهێنەرانى مۆبایلی زیرەک گۆرانکارى گەورەى بەخۆیەوە بینیوه.
کێشەی سەرەکی توێژینەوەکە، بریتییە لە دەستنیشانکردنی ئاستی پشتبەستنی میدیاکارانی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنامەوانیى هاووڵاتى، وەک سەرچاوەی زانیاری لە هەرێمی کوردستاندا. ئەم توێژینەوەیە لە جۆری توێژینەوە پەسنییەکانە و ڕێبازی ڕووپێوکاری میدیایی تێدا بەکارهاتووە. هەرچی کۆمەڵی توێژینەوەکەیە لە ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستانن و مشتەی توێژینەوەکەش لە (183) میدیاکار لە هەردوو ڕەگەزی (نێر) و (مێ) پێکهاتووە کە بە شێوازی ناهەڕەمەکی مەبەستدار وەرگیراون. توێژینەوەکە بەچەندین ئەنجامی زانستیی گەیشتووە، لەوانە ڕۆژنامەوانیى هاووڵاتى بووەتە سەرچاوەى زانیارى لاى میدیاکارانى هەرێمى کوردستان کە بە ئاستى جیاواز بەکاریدەهێنن و پشتى پێ دەبەستن لە چنینەوەى زانیاریەکاندا. بە شێوەیەک ئاستى پشتبەستنى بەرتوێژان بە پلەى (مامناوەند) بە ڕێژەی (50.3%) یەو بەرزترین ئاستە. هەروەها (25.7%) ى بەرتوێژان بە ئاستى (زۆر) و بە ڕێژەی (8.7%) بە ئاستى (ئێجگار زۆر) پشت بە زانیاریەکانى ڕۆژنامەوانى هاووڵاتى دەبەست. لە لایەکى دیکەوە بەرتوێژان بە ئاستى (کەم) بە ڕێژەی (12.0%) و بە ئاستى (زۆر کەم) بە ڕێژەی (3.3%) پشت بەو زانیاریانە دەبەستن کە لە ڕۆژنامەوانیى هاووڵاتییەوە بەدەستیان دەگات. لە گرنترین ئەو هۆکارانەى کە دەبنە پاڵنەر بۆ بەکارهێنانى زانیاریەکانى ڕۆژنامەوانیى هاووڵاتى وەک سەرچاوەى زانیارى میدیایى لاى بەرتوێژان بریتییە لە خێرایى لە بڵاوکردنەوەى هەواڵ و ڕووداوە گەرمەکان و پاڵنەرى سەرەکییە بە ڕێژەى (84.15) هەروەها بەرزترین ڕێژەى چالاکی هاووڵاتى ڕۆژنامەوان لە (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان) دایە وەک ناوەندێک بۆ بڵاوکردنەوەى هەواڵ و زانیاریى و ڕووداوە هەمەجۆرەکان.
[1]
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=532590&document=0001.PDF=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی ئاستی پشتبەستنی میدیاکاران بە ڕۆژنامەوانیی هاووڵاتیی، وەک سەرچاوەی زانیاریی لەهەرێمی کوردستاندا=KTML_Link_External_End=