#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
من لە وڵاتی بێ وڵاتدا لەدایک بووم
لە دووکەڵدا چاوم پشکووت
لە دەست ڕێژدا گوێچکەکانم کرانەوە
بە دەم زریکەوە پێم گرت
هەرزەکاریم وەک ئاوی ترساو ئەڕۆیشت و
وەک گوڵێکی نادڵنیا شەوان ئەنووست.
ئەوەی یەکەمجار بەیانیان ئەیوت: ڕۆژباش
برسێتیی بوو
ئەوەی یەکەم جار شەوانیش ئەیوت شەوباش
ترس و بیم بوو!
ئەو ساڵانە لە دەفتەرە بچکۆلەکەی مندا
ژیان بریتی بوو لە(با)یەکی تەپ و تۆزاوی و
لە خەوبینینی خۆڵاوی و لە پەنگ خواردنەوەی
تەنیایی لە یەک ژووردا و. لە دەرەوەیش
لە جەنگی نێوان مەچەک و پەنجەکانی شاخەکاندا
مێژوومان دارەمەیتێکی خوێناوی ئەبەدی بوو.
هەر لەو گەڕەکەی ئێمەدا پەنجەرە پەنجەرەی
ئەکوشت. درەخت درەختی ڕاوئەنا. گەڕەک
ئەبوو بە سیخوڕ و هەنگاوی ڕێبواری ئەژمارد.
ڕەنگ ڕاپۆرتی لە ڕەنگ ئەدا. گوڵدانەکان
یەکترییان وێران ئەکرد. من نیشتمانی پیرۆزم
وەها بینی و وەها ناسی.
لە دەفتەرە بچکۆلەکەی مندا. ناوی حزب و دووکەڵ و چەتە و
ڕەنگی مردن و قوربانیی تێکەڵ بووبوون.
لە یەک جوێ نەئەکرانەوە. دوو سێ جاریش
خودا بۆ خۆی کەوتە بەینی ئەو تەورە
دەم تیژانەوەو بەڵام دوایی لەو سەرەوە
ئەویش بە دەستی بەتاڵ و نائومێدی گەڕایەوە.
لەو دەمەدا کە نیشتمان هێشتا جوان بوو.
ئەو بەردەی لەسەر ئازادیی کانیاوێ
دەستی چەپی خۆی دانابوو. ئەمجارەیان کە هاتەوە،
بە دەستی ڕاست دزی لە گۆمەکان ئەکرد.
ئەو دارگوێزە جەنگاوەرەی لەناو دەربەندێکی
تەنگدا، شوێن مردن کەوت و ملی گرت، کێ نەیبینی
کە وەختێکیش گەڕایەوە لە بەردەمی بانکەکاندا
بە هەزار پەل خۆی بائەدا و سەمای ئەکرد! ئەو
پڵنگەی کە یەکەم ڕۆژ خۆیکرد بە ناو مەرگە سوورەکەی ئێرەدا.
لە کراسێکی خەت خەتی ڕەش و سپی
بەری خۆی و لە جووتێ پێڵاوی لاستیک بەولاوەتر،
هیچی نەبوو، ئەوا ئەمڕۆیش پێڵاوی لاستیک
زێڕینەو ئەوا ئیستەیش ڕووبار ئەکڕێ و
شاخ ئەفرۆشێ و ئەیەوێ دەریاچە قووتدا و
تەماعی کردۆتە مانگ و داوا ئەکا بۆی دابەزێ!
#شێرکۆ بێکەس# [1][2]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=