ڕۆح ئەوا کەوتۆتە پەرواز بۆ حوزووری دڵبەرم
بێنەجێ ئەسبابی پەروازم، کە بێ باڵ و پەڕم
بۆ مەدینە باڵی لێک دا تەیری دڵ، ڕۆیی کوتی:
گەر قەبووڵم کا، بە ئاڵاکەی سەگی پێغەمبەرم
هەر خەیاڵم کرد بچم بۆ زیارەتی ئەو سەروەرە
هات نەسیمی ڕۆحپەروەر، عەتری عوود و عەنبەرم
گەر لەژێر چەتری شەفاعەت ڕێم نەکەی چ بکەم ئەمن؟
کوێ بچم کوێر و فەقیر، ناشارەزایی مەحشەرم
نامەیی ئەعمالی من مەخوێنەوە، تێیدا نییە
یەک کەلیمەی چاکە، سەرتاپا ڕەشە خۆ دەفتەرم
نیمە غەیری حوببی ئالی تۆ، بە ئالی تۆ قەسەم
چاوەڕێی ڕەحمە «شفيع المذنبين»! چاوی تەڕم
وا گەرووم وشکە لە تاوی حەسرەتی ڕۆژی جەزا
موستەحەققی قەترە ئاوی زەمزەمم یا کەوسەرم
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]