ڕۆمانی کوردی لە ئێراقدا
لێکۆڵەر: #هەرێم عوسمان مەعروف#
نامەیەکی ماستەرە (ئیبراهیم قادر محەمەد) بە سەرپەرشتی (د. عەبدوڵڵا موعتەسەم دەباغ سەردار) ساڵی 1990 پێشکەشی کۆلێجی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدینی کردووە.
یەکەم نامەی ئەکادیمییە لەبارەی ڕۆمانی کوردی بنووسرێت و لە سێ بەش پێکهاتووە و دەستنیشانی سەرهەڵدان و قۆناخەکانی مێژووی ڕۆمانی کوردی دەکات و باسی ئەو ڕۆمانانەش دەکات کە تا کۆتاییی ساڵی 1989 بڵاوبوونەتەوە، لەبەر ئەوە پانتایی پراکتیکی نامەکە 12 ڕۆمان لە خۆ دەگرێت و لایەنی هونەری و ناوەرۆکیانی لێکداوەتەوە.
$بەشی یەکەم:$ لەم بەشەدا باسی سەرهەڵدان و قۆناخەکانی ڕۆمانی کوردی دەکات و سەرەتاش ئاوڕ لە دامەزراندنی ڕۆمان بە گشتی دەداتەوە، کە بەرهەمی شارە و پەیوەستە بە سەرهەڵدانی چینی ناوەڕاستەوە. هاوکات ڕۆمان دوای شیعر لەدایک دەبێت، چونکە پەخشان درەنگتر چرۆ دەکات، لە ئەدەبی کوردیشدا زۆر دواکەوتووە و پەیوەستە بە یەکەم ڕۆژنامەی کوردییەوە، لەبەر ئەوە ڕۆمان تەمەنێکی درێژی نییە. سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەری کوردی و گەشەی بەرچاوی کە لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵدا یانزە گۆڤار و ڕۆژنامە بڵاو کرانەوە، وایکرد چیرۆکی هونەریی کوردی سەر هەڵبدات. چەندین نووسەری کورد ساڵی 1925 بە ساڵی سەرهەڵدانی چیرۆکی هونەریی کوردی دادەنێن. هاوکات هەر لێرەدا کێشەی دەستنیشانکردنی ژانر دێتە ئاراوە، کە سەرهەڵدانی چیرۆکی هونەریی کوردی و ڕۆمانی کوردی هاوکاتن! یاخود لای هەندێک نووسەر (مەسەلەی ویژدان)ی ئەحمەد موختار جاف چیرۆکی کوورتە یان درێژ یان ڕۆمانە؟ #عادل گەرمیانی# و توێژەر وەک ڕۆمانێکی بچووکی کوورتە ڕۆمان دایدەنێن. هاوکات کێشەی کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم کوورتە ڕۆمانە جارێکی دیکە گرفتسازە، چونکە لە ساڵی 1970 وەک پەرتووک بڵاوکراوەتەوە. هاوکات ڕۆمانی (نازدار-یا کچی کورد لە لادێ-محەمەد عەلی کوردی) لە ساڵی 1936 بە سێ بەش بڕێکی لێ بڵاوکراوەتەوە، ئەمەش دەکرێت بە دەستپێک بۆ ڕۆمانی کوردی دابنرێت، هەرچەند ڕۆمانەکە بە کوردی ناتەواوە، بەڵام نووسخەی عەرەبی تەواوکراو بەردەستە، هاوکات بەشێک لە توێژەران وەک چیرۆکێکی تەواونەکراو وەسفیان کردووە-نەک ڕۆمان. توێژەر لێرەدا پرسیاری ئەوە دەکات، گەر ئەمانە ڕۆمانن چۆنە دواتر وەستانێکی زۆر کە زیاتر لە 25 ساڵ دەکات بێدەنگیمان لە ڕۆماندا هەیە، واتە نە بە نووسین و نە بە وەرگێڕان؟ لە کاتێکدا چیرۆکی هونەری گەلێک گەشەی کردووە! توێژەر وەڵامی پرسیارەکە بە تیژڕەوی ڕووداوە سیاسییەکان و ستەمی ئیمپریالیزم لەسەر بزووتنەوە نیشتمانییەکان کە بواری هەناسەدانی نەدەدان، هاوکات ڕووداوە جیهانییەکانیش بواری پشوودرێژی بە نووسەران نەدەدا و هەڵپەی گواستنەوەی ڕووداوەکانیان بوو تا جەماوەر لە ڕاستییەکان ئاگادار بکەنەوە، لەبەر ئەوەی هەرچی سۆز و خەمێکیان بوایە زوو لە قاڵبی هۆنراوە یان چیرۆکێکدا دەیان مەیاند، ئەمە وای کردووە نووسەران ڕوو لە ڕۆمان نەکەن، چونکە بەرهەمێکە پێویستی بە خۆگرتن و بیندرێژی هەیە، هەروەک پێویستی بە خوێنەری هێمن و بیندرێژیش هەیە، لەبەر ئەوە نووسەر و خوێنەری بیندرێژ لەو دەمەدا نەبووە. هاوکات هەندێک هەوڵی بچووک لە چلەکاندا هەبوون، بەڵام ڕووناکییان نەبینیوە و هەر بە دەستنووس ماونەتەوە. هاوکات باری ئاڵۆز و ناهەموار لە ناوچەکەدا تا ساڵی 1970 و بەیاننامەی یانزەی ئازار درێژەی هەبووە کە هەندێک هەوڵ بەر لە 1970 هەن، وەلێ جگە لە (پێشمەرگە)ی ڕەحیمی قازی هیچ لەو هەوڵانە بەر لە 1970 چاپ نەکراون. هاوکات لەو دیدارانەی عەبدوڕەحمان پاشا کە لە ساڵی 1989 لە ڕۆژنامەی ئێراق لەگەڵ نووسەرانی کورد ئەنجامی داون، حسێن عارف پێی وایە، نابێت بە پێودانی ئەدەبی ئەوروپی مامەڵە لەگەڵ ئەدەبی کوردی بکرێت، چونکە هەلومەرجی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە جیاوازە و نووسەریش نوێنەری میللەتە. هاوکات گەشبینە بەرانبەر بە ئاییندەی ڕۆمانی کوردی. #عەبدوڵڵا سەراج# یش پێی وایە تێکەڵاوییەک لەنێوان ڕواڵەت و هونەرە ئەوروپییەکەی ڕۆمان و مۆرکە خۆماڵییەکەدا هەیە، بۆ نموونە لە مەموزین و لاوکی کوردیدا بنەمایەک بۆ ڕۆمانی کوردی هەیە، بەڵام عەبدوڕەحمان پاشا هیچ پەیوەندییەک بەدی ناکات و پێی وایە ڕۆمان هونەرێکی شارییە، وەلێ لاوک بەرهەمی خێڵە.
توێژەر نیوەی دووەمی دەیەی هەشتاکان بە دەیەی (گەشەکردنی ڕۆمانی کوردی لە ئێراقدا) دادەنێت و بەڵام ڕەخنەسازی ڕۆمان تا ئێستاش (کاتی نووسینی نامەکە) لاوازە، لەگەڵ ئەوەی چەندین ڕۆمانی نوێ لە ڕێگەدان بۆ لە چاپدان.
$بەشی دووەم:$ لەم بەشەدا ڕۆمانەکان شی دەکاتەوە و یەکەم ڕۆمانیش کە هاوڕای د. عەبدوڵڵا دەباغە (مەسەلەی ویژدان)ە و هاوشێوەی پیکاریسک و ڕاهێنانە و بە ڕێبازی ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە نووسراوە. هەرچەند لە ڕووی قەبارەوە گەورە نییە، بەڵام لە ڕووی بنەما و پێداویستییەکانی ڕۆمان لە (کات، کەسان، جێگا و ڕووداوی سەرەکی و لاوەکی و گرێ)ەوە ڕۆمانە. ڕۆماننووس لەبەر زاڵی زمانی شیعر نەیویستووە درێژە بە ڕووداوەکان بدات، دەنا دەیتوانی، هەرچەند زمانی نووسینەکەی شیعرئامێز نییە. لەبەر ئەوە مەسەلەی ویژدان نۆبەرە و یەکەم هەنگاوە لە بواری ڕۆماننووسیندا.
کەرەستەی ڕۆمانەکە پەیوەستە بە شار و لادێوە، باسی لایەنێکی تاریکی ژیانی کوردەواریمان بۆ دەکات، کە ژیانی ڕق و خوێنڕێژی و مامەڵەکردن بە ئافرەت بۆ ساڕێژکردنی ئەو خوێنانەی پیاوان لەپێناو ئارەزووەکانیان دەیڕێژن و باجەکەشی بەسەر کچانی خێڵەکاندا دەشکێتەوە، هاوکات ڕووداوی بازرگانی کردن بە ئافرەت لە شار دەخاتەڕوو. ڕۆماننووس منەوەر و خوێندەوارێکی هاوچەرخ بووە، بۆیە کێشەکانی کاتی خۆی بەوردی بینیوە و وەک کۆمەڵناس و ئابووریزانێک مامەڵەی لەگەڵ ڕووداوەکان کردووە. مەسەلەی ویژدان ڕەخنەگرییە تا چارەسەردۆزی، هاوکات شارەزای تەکنیک بووە و لە زاری زۆرابەوە یاداشتەکانمان بۆ دەخاتەڕوو، هەندێک جاریش مۆنۆلۆگی بەکار هێناوە. زمانی ڕۆمانەکەش هیی بیست و سییەکانە و تێکەڵەی عەرەبی و فارسی و تورکییە، هاوکات کۆتاییی ڕۆمانەکەش کراوەیە. سەبارەت بە ڕۆمانی (نازدار یا کچی کورد لە لادێ-محەمەد عەلی کوردی)، کە لە پێشەکییەکەدا لە گۆڤاری (#ڕووناکی# ) دەنووسێت “ڕۆمانێکی خەیاڵییە، بەڵام لە ڕاستی وەرم گرتووە کە خۆم دیتومە”. ئەم ناکۆکییە-خەیاڵی-بەچاوی خۆ دیتن جۆرێکە لە خۆپاراستن لە ڕاستەوخۆ واقیع نیشاندان، هاوکات ڕۆماننووس هەمان ڕۆمانی بە عەرەبی نووسیوە، کە کوردییەکەی پێشتر نووسیوە، بەڵام دەستکاری کردووە و توێژەر پێی وایە لە کوردییەکەدا کێشەی خێڵایەتی زاڵە، بەڵام لە عەرەبییەکەدا کێشەی نەتەوایەتی. لە ڕووی تەکنیکی نووسینەوە زیاتر کلاسیکی بووە، لە ڕووی ڕووداوەکانیشەوە زیاتر مۆرکی فۆلکلۆری پێوەیە. هاوکات بیری نووسەر بەسەر کەسەکاندا زاڵە. کات و شوێن زۆر دیار نییە، بەهۆی چەکی شەڕەکان دەزانرێت. هەرچی ڕۆمانی (پێشمەرگە)ی “#ڕەحیم قازی# ”یە توێژەر بە ڕۆمانی لادێ ناوی دەبات، کە باسی کێشەی چینایەتی جوتیار و دەربەگە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. سەرەتای ڕووداوەکان بۆ 1941 دەگەڕێتەوە کە ڕەزاخان دەکەوێت و کۆمەڵەی ژ.ک و حیزبی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 1945 دادەمەزرێن، دواتر کۆماری کوردستان و هێزی پێشمەرگە و ڕزگارکردنی ناوچەکانی کوردستان. تەکنیکی ڕۆمانەکە پێشکەوتووە و گەڕانەوە و پێشکەوتنی تێدایە، گەشەی ڕووداوەکان بەوردی چنراوە، لە ئاستی تاکەکەسییەوە کراوە بە گشتی و کەسەکان چاوەڕێی ڕووداوەکان ناکەن. توێژەر پێی وایە کۆتایی ڕۆمانەکە بە ڕووداوێکی ساردوسڕە و جێ دەستی پێشمەرگەی باش دیار نییە. هاوکات ڕووبەری گێڕانەوە فراوانترە لە گفتوگۆ، وەسفی فۆتۆگرافی زۆر بەکار هێناوە، هاوکات بیر و کەسێتی نووسەر زاڵە، بەڵام بە زمانێکی موکریانی ڕۆشن و چێژدار نووسراوە.
ڕۆمانی (ئاشتی کوردستان –محەمەد ساڵح سەعید 1970) بە دووەم ڕۆمانی بڵاوکراوە دادەنرێت. نووسەر لێی نەنووسیوە ڕۆمان، بەڵام “ئەم چیرۆکە بەبێ هیچ پاڵە پەستۆیەک لەناو چوارچێوەی هونەری ڕۆماننووسیندا جێگەی دیاریی خۆی هەیە”. کێشەی چینایەتی لەنێوان جوتیار و دەربەگ بابەتی ڕۆمانەکەیە. ڕۆمانەکە واقیعییە و شوێنەکەش لادێیەکی کوردستانە، “نووسەر بەپێی ئەو ڕێڕەوە واقیعییەی هەڵیبژاردووە بۆ خستنەڕووی ناتەواوییەکانی کۆمەڵەکەی، لە وێنەگرتنی ئەو ژیانەدا توانیویەتی بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەستێت”. لە چنینی ڕووداوەکان و پەیوەندییان بە یەکەوە ڕۆماننووس سەرکەوتوو بووە، هاوکات گێڕەرەوەی سەرەکی هەمووشتزانە و زۆرجار نووسەر درێژەی ناپێویست بە باسکردن و وەسفەکانی دەدات، کە جاری وایە وەک ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی لێ دێت. هاوکات زمانی ناوچەیی بەکار هێناوە و پەندی پێشینانیشی بۆ ڕوونکردنەوە و هاوکاریکردنی گێڕانەوە بەکار هێناوە.
سەبارەت بە ڕۆمانی (#ژانی گەل# -#ئیبراهیم ئەحمەد# 1972) کە چوارەم بەرهەمە لە ڕووی بڵاوکردنەوە وە، ساڵی نووسینی 1956ەو باسی پاشگەزبوونەوەی درووشمەکانی 1958 دەکات، شوێنی ڕووداوەکان باشووری کوردستانە و پشت بە بیرەوەری نووسەربەستراوە، ئەم پێشکەوتن و پێشبینیەش بەلای توێژەرەوە ڕۆمانەکە دەکات بە خەیاڵی. توێژەر سێ ڕەگەزی هێماین لە ڕۆمانەکەدا دەردەهێنێت، کە ئەوانیش، ئافرەت وەک نیشتمان، ئاوسبوون وەک نیشانەی پێگەیشتن و کامڵبوونی کێشەیەک کە خەریکە لەدایک دەبێت، تێوەگلانیش وەک ناڕێکی دۆخەکە و نالەباری سکەکە و فریانەکەوتنی مامانە کە وەک دەستی هاوکاری وایە. هاوکات نووسەر تەکنیکی فلاشباکی بەکار هێناوە و بە شێوەی سینەمایی ڕووداوەکانی ڕابردووی گێڕاوەتەوە و نەک لە دەمی ڕوودانیان بیگێڕێتەوە، هەروەها ڕۆمانەکە پڕە لە ڕووداوی سەرەکی کە ئەمەش ڕۆماننووسی تەنگەتاو نەکردووە تا ڕووداوی لاوەکی بخولقێنێت.
دواتر باسی ڕۆمانی “شار -#حسێن عارف# 1986” دەکات، کە ڕووداوەکان بۆ ساڵانی 1942-1958 دەکات، پاڵەوانێکی سەرەکی نییە بۆیە ڕووداوەکان لە دەوری کۆمەڵێکدا دەسووڕێنەوە. ڕۆمانەکە وەسفێکی تۆبۆگرافی شاری سلێمانی دەکات و چەندین ڕووداوە لەو کاتەدا بە تەنیشت ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان دەگێڕێتەوە، لەوانە، قەڵاچۆکردنی گرووپەکەی خولەپیزە و هێنانەوەی تەرمی شێخ مەحمود 1956 و #لافاوەکەی سلێمانی# 1957، هەموو ئەمانە ڕۆمانەکە دەخەنە چوارچێوەی ڕۆمانێکی واقیعی تۆمارکراو، کە چنراوە بە ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و خۆشەویسیییەکان و سوودیشی لە گێڕەرەوەی هەمووشتزان وەرگرتووە و چەندین تەکنیکی هونەری وەک دیالۆگ و پچڕان و پێشەکەوتن و گەڕانەوە و لە دڵەوەوتن و دیمەن.. هتد بەکار هێناوە. زمانی ڕۆمانەکە و وەسفەکانی جوان و ئەدەبی کێشراوە، کەڵکی لە پەند و زاراوەی کوردی وەرگرتووە.
#عەزیزی مەلای ڕەش# ڕۆمانی “#کێخوا سێوێ# -1986”ەوە، وەک نووسەرێکی لادێ و بە کەرەستە و گۆشەنیگای لادێنشینێکەوە ڕۆمانەکەی نووسیوە. ڕووداو و کێشەکانی ناو ڕۆمانەکە واقیعین و زیاتریش بۆ لادێ دەگەڕێنەوە، لەبەر ئەوە کەمتر ئەندێشەی تێدایە. زمانی ڕۆمانەکە بەشێوەی هەولێری نووسراوە، چەندین تەکنیکی وەک، دیالۆگ، مۆنۆلۆگ و تێکەڵاوکردنی کات و شوێن و چڕکردنەوە.. بەکار هێناوە.
ڕۆمانی “#توانەوە# -1988”یش غەفور ساڵح عەبدوڵڵا نووسیویەتی و زیاتر بیرەوەری و یاداشتە، لەگەڵ تۆمارکردنی هەندێک ڕووداوی دیکە، وەک هێنانەوەی تەرمی شێخ مەحمود و خۆپیشاندانی شۆرجەی کەرکووک دژی حوکمی قاسمی1960، هاوکات گێڕانەوەی بەسەرهاتی باوکی کەسێتییەکە[قارەمان] لە بەردەقارەمان دژی ئینگلیزەکان. بەلای توێژەرەوە دەستپێکی ڕۆمانەکە خراپە و کۆمەڵێک وێنەی ناجۆر دەهێنێت، لەگەڵ ئەوەش تەکنیکی ڕۆمانە نوێیەکانی بەکار هێناوە و خۆی لە گێڕانەوەی کلاسیکی بواردووە و درێژدادڕیشی تێدا نییە. ڕۆمانەکە زۆرتر فرۆیدیانە داڕێژراوە کە کێشەکان هەمووی بە غەریزەی سێکسەوە دەبەستێتەوە. کەواتە ڕۆمانەکە باسی داڕووخانی کۆمەڵ لە لادێ و شاریش دەکات کە هیچ چاکەیەکیان لێناوەشێتەوە، ئەمەش بە پێچەوانەی ڕۆمانە جیهانییەکان کە باسی خراپبوونی تاک دەکەن، بەڵام غەفور ساڵح دەیەوێت داڕووخانی کۆمەڵمان بۆ بنووسێتەوە، بەڵام نووسەر کەڵک لە پەندی پێشینان وەردەگرێت، ئەمەش پێچەوانەی وتاری ڕۆمانەکەیە کە کۆمەڵ ڕەت دەکاتەوە؛ پەند یەکێکە لە بەرهەمەکانی کۆمەڵ و ڕابردوو. هاوکات ڕۆماننووس گەلێک ڕووداوی لاوەکی هێناوە و شپرزەییەکی لە چنیندا درووستکردووە و کاریگەریی لەسەر ڕووداوی سەرەکی درووستکردووە.
هەر لەم بەشەدا توێژەر چەند ڕۆمانی تر دەخاتەڕوو، لەوانە: “#بوهژین# -1989-د. نافع ئاکرێی” کە جۆرێکە لە بیرەوەری خودی. ڕۆمانی “کانگەی بەڵا -1988-#حسام بەرزنجی# ” کە ژیانی واقیعی کۆمەڵایەتی تێهەڵکێشی بیرەوەرییەکانی خۆی کردووە. ڕۆمانی “کۆردەرە-1989-خەسرەو جاف” ئەمیش لە چوارچێوەی بیرەوەری و یاداشتدا دەسووڕێتەوە. هاوکات ڕۆمانی “هەڵکشان-1989-عەبدوڵڵا سەراج” گێڕانەوەی ڕووداو و چیرۆکەکانی شاری کەرکووکە، لەوێشدا چیرۆکی گەنج و منداڵ، پیر و شێت و ژیر دەگێڕێتەوە، هەروەها هەوڵی کۆکردنەوە و تێهەڵکێشی پەند و ئەفسانە و جادوو و داستانە فۆلکلۆرییەکانی ناوچەکەی لەگەڵ تەکنیکی ڕۆمانی نوێدا داوە.
$سەبارەت بە گێڕانەوەش ڕۆماننووسان پەنایان بۆ دوو جۆرەی سەرەکی بردووە، بەهۆی کەسی یەکەم-من، کە پاڵەوانەکان قسە دەکەن، هەروەها گێڕەرەوەی هەمووشتزان$
$بەشی سێیەم:$ ئەم بەشە بۆ هەڵسەنگاندنی شێواز و ناوەرۆکی ئەو ڕۆمانانەی بەشی دووەمە. لە شێوازدا باسی “ناونیشان، کات و ڕووداو، گێڕانەوە و ڕەوتی گێڕانەوە، وەسف و جێگا” دەکات، لە ڕووی ناوەرۆکیشەوە باسی کێشەکانی “کرێکار، کۆچ بۆ شار، جوتیار و دەرەبەگ و ئافرەت” دەکات، هاوکات زمانیش وەک ڕایەڵەی پەیوەندیی شێوە و ناوەرۆک ئاوڕی لێدراوەتەوە. لە ناونیشانی “مەسەلەی ویژدان یان چۆن بووم بە خانەدان” دەستپێدەکات کە ڕۆمانەکە دوو ناونیشانی هەیە و لەگەڵ ناوەرۆکیدا سازە، هەروەک محەمەد عەلی کوردیش دوو ناونیشانی بۆ ڕۆمانەکەی هەڵبژاردووە. ڕۆمانی کوێخا سێوێش پاڵەوانی ڕۆمانەکەی کردووە بە ناونیشان. هەردوو ڕۆمانی “توانەوە و بوهژین”یش دوو ناوی یەک واتان، کە هەردوو ڕۆماننووس بە شێوەزاری جیاواز نووسیویانە و بابەتەکەیان دڵدارییە. سەبارەت بە کاتی ڕۆمانەکانیش توێژەر دەڵێت “زۆربەی ڕۆمانەکان ماوەیەکی دیارییان گرتووە و مامەڵەیان لەتەکدا کردووە، ئەو ماوەیەش لە بیستەکانی هەزار و نۆ سەدەوەیە تا نیوەی یەکەمی هەشتاکان کە (65) ساڵ دەکات، هەر نووسەرەی بەپێی نیشتەجێبوونی لە شارێکی کوردستاندا، مامەڵەی لەگەڵ ڕووداوە مێژووییەکان و ڕاستەقینە-کاندا کردووە بە گشتی و بە تایبەتی، کە لایەنی تۆمارکردنی گرتووەتە خۆی”. سەبارەت بە گێڕانەوەش ڕۆماننووسان پەنایان بۆ دوو جۆرەی سەرەکی بردووە، بەهۆی کەسی یەکەم-من، کە پاڵەوانەکان قسە دەکەن، هەروەها چیرۆکگێڕەرەوەی هەمووشتزان. سەبارەت بە وەسفیش کەڵک لە هەردوو لایەنی ناوەکی و دەرەکی بینراوە، ڕۆماننووسان هەوڵیان داوە شێوە دیارخەری ناخ و ڕەوشتی کەسەکان بن، هاوکات وەسفی سرووشتی کوردستان لە زۆرێک لە ڕۆمانەکاندا هەیە. سەبارەت بە جێگاش، لە ڕۆمانەکاندا جێگاکان بەپێی شوێنی ناو ڕۆمانەکان ناسراو و ئاشکران، ڕۆماننووسانیش زیاتر شوێن و شارەکانی خۆیان کردووە بە کانگای ڕووداوەکان. هەروەها ناوی شوێنەکان زۆرتر وەک خۆیان بەکار براون.
سەبارەت بە ناوەرۆکی ڕۆمانەکانیش، کێشەی کرێکار و کۆچکردن بۆ شار زۆر سوودی لێ وەرگیراوە، هەرچەند وشەی کرێکار درەنگ سەری هەڵداوە و پەیوەندی بە درووستکردنی کارگەکانەوە هەیە، بەڵام بەهۆی کات و ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکانەوە و تازەیی دیاردەکە و هاتنی ئینگلیز بۆ ناوچەکە سوودی لێ وەرگیراوە. هاوکات کۆچکردن بۆ شار یەکێکە لە بابەتە گرنگ و دووبارەکان. هاوکات کێشەی جوتیار و دەرەبەگیش بابەتێکی ڕەسەنی گێڕانەوەی ڕۆمانەکانە، چونکە جوتیاران بەردەوام کێشەی کار و موڵکییەت و چەوساندنەوەیان لەگەڵ ئاغا و دەرەبەگەکان هەبووە، هەروەها دەوڵەت بەردەوام پشتی ئاغا و دەربەگەکانی کردووە بۆ چەوساندنەوەی خەڵکی ژێردەست و جوتیاران. سەبارەت بە ئافرەتیش لە چەندین ڕەهەندی جیاوازەوە سەیر کراوە و بووە بە پاڵەوان و شاکەس. کێشەکانی ئافرەت لە کۆمەڵی پیاوسالاریدا ڕەنگدانەوەی هەبووە، چەوساندنەوەی ئافرەت تەنیا لەلایەن خێزانەوە نەبووە، بەڵکوو ئاغا و شێخ و دەرەبەگاکانیش چەوسێنەر بوون. ئافرەتی لادێ سەربەستی لە ئافرەتی شار زیاتر بووە، هاوکات بەزۆر بەشوودان و لە دڵخوازکردن و داوێنپیسی و بوختان چەندین کێشەی دیکە ئافرەتی کوردی پەیوەست بە کولتوور و ژیاری کوردەوارییەوە نیشان دراوە.
لە کۆتاییشدا باسی زمانی ڕۆمانەکان دەکات، کە چەندین شێوەزار بەکار هێنراوە، هاوکات بەپێی بارودۆخی ڕۆشنبیری سەردەمەکەی نووسراوە، بۆ نموونە مەسەلەی ویژدان شێوەی کوردییە عوسمانلیەکەی پێوە دیارە. بەڵام پێشمەرگەی ڕەحیمی قازی کوردییەکی پاک و جوانی هەیە، ژانی گەل زیاتر شێوەی سلێمانییە.
سەبارەت بە ئەنجامەکانیش، توێژەر مەسەلەی ویژدان بە یەکەم بەرهەم دادەنێت و پێشیوایە سەرهەڵدانی ڕۆمانی کوردی و هاوشانی ڕۆمانی ئێراقی بووە. لایەنی پانۆرامایی باڵی بەسەر ناوەرۆکی ڕۆمانەکاندا کێشاوە، جگە لە شاڕووداو، وردە چیرۆکی لاوەکیش بەشانی شاڕووداودا ئاخنراون. لایەنی واقیعی ڕەخنەگرانە بەسەر ڕۆمانەکاندا زاڵە. تەواوی ڕۆمانەکان کەڵکیان لە فۆلکلۆر وەرگرتووە. [1]