پەیمان محەمەد
جێگری سەرۆکی #هوداپار# دەڵێت: پێویستە لە دەستووری نوێی تورکیادا، کوردی بکرێتە زمانی فەرمی. وتیشی ئەو کەسەی لە ئیستەنبووڵ هاونیشتمانییەکەی خەڵکی دهۆکی کوشت، کوردە و خەڵکی باتمانی باکووری کوردستانە.
دوو ڕۆژە شاندێکی هوداپار بە سەرپەرشتیی زەکەریا یاپیجیئۆغلوو، سەرۆکی گشتیی پارتەکە لە هەرێمی کوردستانە. ئەمڕۆ (چوارشەممە، 04-09-2024) سەرکان ڕامانڵی، جێگری سەرۆکی هوداپار لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تۆڕی میدیایی ڕووداو کە هیڤیدار زانا پێشکەشیکرد، ڕایگەیاند، ئەمە یەکەم سەردانیان نییە بۆ هەولێر، پێشتریش چەندین جار سەردانیان کردووە.
سەرکان ڕامانڵی وتی، ''ئێمە، دەمانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بدەین و جیا لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش کۆبووینەتەوە.''
''دەستووری ئێستای تورکیا لە بەرژەوەندیی خەڵکدا نییە''
چاوەڕوان دەکرێت دەستووری تورکیا سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە، جێگری سەرۆکی هوداپار ئاماژەی دا، ''تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێیە، ئەم دەستوورەی ئێستا لە بەرژەوەندیی خەڵکدا نییە و بەزۆر بەسەریاندا سەپێنراوە.''
بەوتەی سەرکان ڕامانڵی، ئاستەنگییەکی زۆر لە دەستووری تورکیادا بۆ کۆمەڵێک بابەت درووست دەکرێت، ''چونکە بەگشتی لەبەرژەوەندیی مافی خەڵکدا نەنووسراوە. ئێمە پێشنیاز دەکەین دەستوورێکی نوێ و دادپەروەرانە لەلایەن کەسانی بێلایەنەوە بنووسرێتەوە، کە هەموو کەس مافی خۆی تێدا ببینێتەوە.''
''پێویستە کوردییش بکرێتە زمانێکی فەرمی''
سەرەڕای ئەوەی دوای تورک، نەتەوەی کورد زۆرینەی دانیشتووانی تورکیا پێکدەهێنێت، بەڵام زمانی فەرمیی وڵاتەکە تورکییە. جێگری سەرۆکی هوداپار ئەوەی خستەڕوو، ''پیویستە ناسنامەی کورد لە دەستووردا بنووسرێتەوە، حکومەت تەنیا حکومەتی تورک نییە، بەڵکوو دامەزرێنەری دەوڵەتی تورکیا تورک و کوردن، بۆیە ئێمە نامانەوێت دەمارگرژی درووست بێت، 85 ملیۆن دانیشتووی وڵاتەکە، نابێت خۆیان بە بیانی بزانن، پێویستە مافی کورد پارێزراو بێت و کوردی بکرێتە زمانی فەرمی.''
''پێکەوەژیان باشترین چارەسەرە بۆ پرسی کورد''
وەک سەرکان ڕامانڵی دەڵێت: پێکەوەژیانی نەتەوەکان بەتایبەتیی کورد و تورک لە تورکیا و باکووری کوردستان ئەستەم نییە، ''چونکە کورد لە سەرانسەری تورکیا بڵاوبوونەتەوە. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە دەمانەوێت و بۆ گەلی کورد باشترە، پێکەوەژیانە، نەک بە شێوەی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی.''
سیستمی بەڕێوەبەریی ئێستای تورکیا لە جۆری کۆمارییە. جێگری سەرۆکی هوداپار پێیوایە، ''لە ڕێگەی حکومەتی ئێستاشەوە پێکەوەژیان جێبەجێ دەکرێت، ئێمە دەمانەوێت گەرەنتیی ئەوە بکرێت لە سیستمی ئێستاشدا بە دەستوورێکی دادپەروەرانە، کوردیش دەتوانێت خاوەنداریێتیی لە دەوڵەتی تورکیا بکات''.
بەپێی دەستووری تورکیا، کورد دەتوانێت لە ڕێگەی وانە بژاردەکانەوە بە زمانی دایک بخوێنێت، سەرکان ڕامانڵی ئاماژەی دا، ''ئەوە لە ئاستی پێویستدا نییە و بەداخەوە ئێمە خاوەنداریێتیمان لە وانە بژاردەکانیش نەکردووە، بەڵام خوێندن بە زمانی دایکی لە قۆناخی سەرەتاییەوە تاوەکوو زانکۆ، مافی ڕەوای کوردە.''
کوردێک هاونیشتمانییەکەی خەڵکی دهۆکی لە ئیستەنبووڵ کوشت''
شەوی 31ی ئاب، هاونیشتمانییەک بەناوی حەکیم لوقمان لە دووبەیەوە لەگەڵ ئامۆزا و هاوڕێیەکی چووەتە ئیستەنبووڵ. دوو کاژێر دوای گەیشتنی، لە خواردنگەیەکی ئەکسەرای 12 کەس هێرشیان کردە سەری و بەر چەقۆ درا.
بە وتەی ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، هۆکاری هێرشکردنە سەر حەکیم ئەوە بووە کە بە زمانی کوردی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوڕێیەکی کردووە؛ جێگری سەرۆکی هوداپار لەمبارەوە وتی، ''ئەو هۆکارەی باس کرا ڕاست نەبوو، بووە هۆی ئاژاوەنانەوە، چونکە بەدواداچوونمان کرد، بکوژی هاونیشتمانییەکە تورک نییە، بەڵکوو کوردە و خەڵکی باتمانی باکووری کوردستانە.''
''تورکیا و پەکەکە کۆبوونەوە دەکەن''
زیاتر لە 40 ساڵە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا لە شەڕدان و گرژیی نێوانیان خاکی هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە. سەرکان ڕامانڵی دەڵێت: تاوەکوو ئێستا شەڕەکە هیچ ئەنجامێکی نەبووە و زیاتر لە 40 هەزار کەسیش کوژراون، بە سەتان گوند سووتێنراون و خەڵکی زۆر ئاوارە بوون.
جێگری سەرۆکی هوداپار ئاماژەی بەوە کرد، ''کورد لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی ئاشتییانە دەژیت، هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە ئەو ئاساییش و ئارامییە بشێوێنێت؛ ئێمە ڕازی نین شەڕ و پێکدادانی پەکەکە و تورکیا بگاتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان.''
سەرکان ڕامانلی ئەوەشی خستەڕوو، ساڵانە تورکیا و پەکەکە خۆیان لەسەر گرژییەکانیان کۆدەبنەوە و پێویستییان بە نێوبژیوانیی هیچ لایەنێک نییە، ''بەڵام مەسەلەی کوردی تورکیا لە ڕێگەی مەدەنیانەوە چارەسەر دەکرێت، نەک شەڕ و پێکدادان.''
بەشێک لە گرژییەکانی تورکیا و پەکەکە کێشراوەتە نێو خاکی ڕۆژاوای کوردستانیش و بە پاساوی ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەلایەن پەکەکەوە بەڕێوەدەبرێت، تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر شار و گوندەکانی ئەو ناوچەیە.
جێگری سەرۆکی هوداپاریش پێیوایە پەکەکە کارگێڕیی ڕۆژاوای کوردستانی ڕێکخستووە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەژێر کاریگەریی ئەودایە، دەشڵێت، ''بەهۆی پەکەکەوە، ئیدارەکە هیچ ڕێکخستن، پارت و ڕێکخراوێکی مەدەنیی تێدا نییە؛ چونکە پەکەکە ئەوانەی قبووڵ نەکرد، ئەو سیستمەی ئەمڕۆ پەکەکە لە ڕۆژاوای کوردستان ڕێکیخستووە، بە دڵی هیچ کوردێک نییە.''
سەرکان ڕامانڵی ڕەخنە لە گۆڕینی دیموگرافیای ڕۆژاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە دەگرێت و دەڵێت: ''تورکیا وەک هەر وڵاتێکی دیکە مافی پاراستنی سنووری خۆی هەیە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین گوندێکی کورد چۆڵ بکرێت و عەرەبی تێدا نیشتەجێ بکرێت، ئەوە دەبێتە هۆی ئاژاوەیەکی گەورە.''
جێگری سەرۆکی هوداپار کە هاوکات ئەندامی پەڕڵەمانی تورکیاشە ئاماژەی بەوە کرد، ''وەکوو ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی پەڕڵەمان، داوام لە سەرۆکی لیژنەکە کردووە کە پەڕڵەمانتاران لە نزیکەوە سەردانی ڕۆژاوای کوردستان بکەن بۆ ئەوەی ئاگاداری ڕاستییەکان بن.''
سەرکان ڕامانڵی ئەوەشی خستەڕوو، ''باس لەوە دەکرێت ستەمێکی زۆر لەلایەن حکومەتی ئاکپارتییەوە (تورکیا) لە خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان کراوە، ئەگەر ڕاست بێت، پێویستە بکەرانی ئەم کارە سزا بدرێن. بەڵام تاوەکوو ئێستا لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە هیچ ئیرادەیەک بۆ ناردنی لیژنەی دەرخستنی ڕاستییەکان نەبینراوە، ئێمەش لە داوای خۆمان بەردەوام دەبین، تاوەکوو قبووڵ دەکرێت.''[1]