بەڕێوەبەری فرۆشتنی چیمەنتۆی سلێمانی، ئاوێزە غەریب ڕایگەیاند، بەپێی گرێبەستەکە کۆمپانیای ناوبراو ڕۆژانە هەزار تەن چیمەنتۆ بەحکومەت دەداتو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکانی فرۆشتنەوە دەدرێتە هاوڵاتیان. ئاماژەشیدا، ئەو بڕە چیمەنتۆیە ڕێژەی 43%ی بۆ سلێمانی، 37%ی بۆ هەولێر، 20%ی بۆ دهۆک تەرخاندەکرێت.
دەربارەی مەرجەکانی پێدانو فرۆشتنەوەی بەهاوڵاتیانیش وتی، هەر هاوڵاتیەک مۆڵەتی دروستکردنی بینای وەرگرتبێت دەتوانێت داوای وەرگرتنی چیمەنتۆ بکات، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەشیانەوە پاش دەرچونی لیژنەی پشکنینو خەمڵاندن بڕی پێویستی چیمەنتۆی پێدەدرێت.
بەپێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی هاوڵاتیانی نیشتەجێی ناو شارەکان مافی سودمەندبونیان هەیە هەتا بڕی 25 تەن، نیشتەجێبوانی شارۆچکەکانیش هەتا 20 تەنو گوندنشینانیش هەتا 15 تەنیان پێدەدرێتو سەرجەم پارێزگاکانیش وەک یەک دەبنو چیمەنتۆکەشیان لەلایەن کارگەی تاسلوجەوە بۆ دابیندەکرێت کە بەوتەی ئاوێزە غەریب، "کوالێتی چیمەنتۆکە زۆر باشەو وەک ئەوەی شارەزایان باسیدەکەن باشترین جۆرە بۆ سەقفی بینا بەکاربهێنرێت".
ئەگەرچی لەساڵانی ڕابردودا هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی بڕە چیمەنتۆی بڕیاردراو چەند مانگێک لەچاوەڕوانیدا دەمانەوە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی بارودۆخی ئابوریو وەستاندنی پێشینەی خانوبەرە لەلایەن حکومەتەوە هاوکێشەکە پێچەوانە بوەتەوەو وەک بەڕێوەبەری فرۆشتنی چیمەنتۆ وتی، لەئێستادا چیمەتۆ زۆرەو خواست کەمە. ڕونیشیکردەوە، ئەو جموجوڵی بیناسازییەی لەسلێمانی هەیە، لەهەولێرو دهۆک نیە.
سەبارەت بەداهاتی چەند مانگی ڕابردوش ئاوێزە غەریب ڕایگەیاند، لەپێنج مانگی ڕابردودا کۆی داهاتی فرۆشتنی چیمەنتۆ لەهەرسێ پارێزگاکە گەیشتوەتە چوار ملیارو 183 ملیۆنو 660 هەزار دینار.
رونیشیکردەوە، داهاتی چیمەنتۆی فرۆشراو لەمانگی کانونی دوەم 410 ملیۆنو 340 هەزار دینار، شوبات 504 ملیۆنو 960 هەزار، ئازار 282 ملیۆنو 480 هەزار، نیسان دو ملیارو 393 ملیۆنو 200 هەزار دینارو ئایار 592 ملیۆنو 680 هەزار دینار بوە.
سەرەڕای ئەو داهاتانە بەڕێوەبەرایەتیەکە کەمترین بڕە نەسرییەی بۆ تەرخانکراوەو وەک بەڕێوەبەرەکەی ڕایگەیاند، نەسریەی مانگانەمان 800 هەزار دینارەو وتیشی، بەهۆیەوە پشکنینی دەرەوەی شاریان ڕاگرتوە.
کۆتایی ساڵی ڕابردو وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی بڕیارێکی نوێی دەرکرد کە لەیەکێک لەخاڵەکانیدا هاتوە هەر هاوڵاتییەک پێنج ساڵ تێپەڕبوبێت بەسەر سودمەندبونی بەوەرگرتنی چیمەنتۆی حکومی مافی دوبارە وەرگرتنەوەی چیمەنتۆی هەیە بۆ هەمان موڵک یان هەر موڵکێکی تر.