سەرلەبەیانی ڕۆژی 31 کانونی دوەمی 2016 لە شاری هەولێر کۆمەڵێک هەڵسوڕاوی سیاسی و جەماوەری کەدەستەیەکیان پێکهێناوە بەناوی(کەمپینی دادپەروەری) لەلایەن دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستگیرکران لەسەر ئەوەی ویستویانە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پشتیوانی خۆیان بۆ خواستی پێدانی موچەو دابینکردنی خزمەتگوزاری و دادپەروەری بۆ هاوڵاتیانی کوردستان ڕابگەنەین.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان دەستگیرکردنی ئەندامانی دەستەی(کەمپینی دادپەروەری) بەتوندی مەحکوم دەکا و داوا لەدەسەڵاتدارانی پارتی لەهەولێر دەکا دەستبەجێ ئازادیان بکەن.
بێگومان ئەم هەنگاوەی پارتی لەپێناو ترساندن و ڕێگرتن لە کرێکاران و فەرمانبەران و خەڵکی کەم دەرامەتی کوردستانە بۆ هاتنەمەیدان و سازکردنی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەنەبونی موچە و ئەو هەژاری ونەداریەی کە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر تەنگ بە ژیان و گوزەرانیان هەڵدەچنێ. گەیشتنی ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە بە شاری هەولێر ئەو ترسەیە کە سەرتاپای پارتی دیموکراتی کوردستانی داگیرکردوە. لەم پێناوەشدا ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵە چالاکوانەی دەستگیر وزیندانی کردوە تا بەر تەشەنەکردنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی شارو شارۆچکەکانی کوردستان بۆ هەولێری پایتەختی دەسەڵاتەکەیان بگرن. هەربۆیە خواستی ئازادبوونی دەسبەجێی دەستگیرکراوەکانی ئەمڕۆ بەرگری کردنە لەمافی موچە و ئازادی خۆپیشاندان وهەروەها شکست پێدانی ئەم هەوڵانەی پارتیە بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان ودەستپێکردنی خۆپیشاندان لە شاری هەولێر و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا.
شکستی حکومەتی بنکەفراونی بۆرژوازی کورد، لەوەڵامدانەوەیان بە سەرەتاییترین خواستەکانی خەڵکی کوردستان، لەدانی موچەو دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان ئەمڕۆ توڕەیی پەنگخواردوی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە دەسەڵاتی نایەکسانو گەندەڵ و تاڵانچی گەیاندۆتە ئاستی کۆبونەوەو مانگرتن و خۆپیشاندانی بەشیکی زۆری شاروشارۆچکەکانی کوردستان. ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانو کۆبونەوەو مانگرتن، نەک هەر سەرەتاییترین و ڕەواترین مافی کرێکاران و کارمەند و فەرمانبەران و خەڵکی کوردستانە، بەڵکو تەنها ڕێگایەکە کە لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا بۆ خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستان ماوەتەوە تا دریژە بە ژیان و گوزەرانیان بدەن.
سەرکەوتنی خواستی دابینکردنی دەستبەجێی موچە و سەرجەم خواستەکانمان لەیەکگرتوبونماندایە لەسەرتاسەری کوردستاندا. ئەمڕۆ پێویستە هەموو خەڵکی ناڕازی لە شاروشارۆچکەکان یەکدەست و هاوئاهەنگ لەگەڵ یەکتر دەنگیان بەرزبکەنەوە، لەهەر شوێنێک ئەم دەسەڵاتە هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران وچالاکوانانی ناڕەزایەتیەکان، یەکدەنگ وەڵامیان بدەینەوە و ڕیزی یەکگرتووی ناڕەزایەتیەکانمان لەسەرتاسەری کوردستاندا بپارێزین و بەهێزی بکەین.
حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان
31-01-2016
Tämä tuote on kirjoitettu (کوردیی ناوەڕاست) kieli, klikkaa kuvaketta
avata kohteen alkukielellä!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Tämä tuote on katsottu 5,092 kertaa
Kirjoita oma kommenttisi tuote!