بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سوپاس بۆ خودای گەورە ڕۆژی سێشەممە 3ـی 5ـی 2016 هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرانبەر پەلاماری بەرفراوانی هێزی دڕندەی تیرۆریستانی داعش لە سەرجەم هێڵەکانی شەڕ لە بەرەی باکووری موسڵ داستانێکی کەموێنەی لە بەرخودان و قارەمانێتی تۆمار کرد.
لەم داستانەدا پێشمەرگە ئازایانە بە خوێنی خۆی بەرگری لە خاکی کوردستان کرد و هێرشە بەرفراوانەکەی تیرۆریستان لە گشت بەرەکاندا زۆر بە توندی تێکشکێندرا و دوژمن تووشی شکستێکی گەورە بوو و زیانێکی گەورەی پێ کەوت.
دەستخۆشیی ئەو سەرکەوتنە مەزنە لە هەموو ئەو هێزە قارەمان و دلێرانەی پێشمەرگە دەکەم کە بەشداری ئەو داستانە بوونە. پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە لە گەلی کوردستان دەکەم و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە دەکەم کە لە شەڕەکانی ئەمڕۆدا گیانی پاکی خۆیان فیدای نیشتیمانەکەیان کردووە و هیوای چاکبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازم. بە پێویستی دەزانم سوپاسی پشتیوانیی ئاسمانیی هێزی هاوپەیمان بکەم کە لە شەڕەکاندا پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون.
لە سایەی خودای مەزن و خۆڕاگریی گەلەکەمان و قارەمانێتی پێشمەرگە، کوردستان بەسەر هەموو دەستدرێژی و پیلانگێڕییەکدا سەردەکەوێت و شکست و سەرشۆڕیش بۆ تیرۆریست و ناحەزان دەمێنێتەوە.
بژی کوردستان، بژی پێشمەرگە
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
مسعود بارزانی
03-05-2016
Tämä tuote on kirjoitettu (کوردیی ناوەڕاست) kieli, klikkaa kuvaketta
avata kohteen alkukielellä!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Tämä tuote on katsottu 13,967 kertaa
Kirjoita oma kommenttisi tuote!