ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ شاری سلێمانی بە تایبەت گەشتیارانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و لە حەوت مانگی ڕابردووی ئەم ساڵدا نزیکەی 155 هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانییان کردووە، هۆکارەکەشی بۆ کردنەوەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبی دەگەڕێتەوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی لە 7 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 154هەزار و 957 گەشتیار سەردانی سلێمانییان کردووە، ئەو ژمارەیەش بە بەراورد بە حەوت مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو کە تەنیا 32 هەزار و 901 گەشتیار هاتونەتە سلێمانی، چوار ئەوەندە زیادیکردووە.
شاری سلێمانی ئەمساڵ لە ڕووی ژمارەی سەردانی گەشتیارانەوە لەسەر ئاستی هەرێم لە پلەی یەکەمدا بووە و ژمارەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی پێنج ئەوەندە زیادیکردووە.
کۆمپانیای چاڤی گەشتیاریش ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی زیادبونی ژمارەی گەشتیاران بۆ سلێمانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبی و پرۆژەی چاڤی لاند بووە بە جۆرێک تەنها لە جەژنی ڕەمەزاندا زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی چاڤی لاندیان کردووە.
دانا حەسەن سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی چاڤی لاند دەڵێت، ئەوان بۆ پێشوازیکردن لەو گەشتیارانەی ڕوو لە چاڤی لاند دەکەن لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا ئامادەکاری تەواویان کردووە.
پارێزگای سلێمانی ئەمساڵ ئاسانکاریی بۆ هاتنی گەشتیاران کردووە و ڕیکلامێکی زۆری بڵاوکردووەتەوە.
سەلامەتی و پاراستنی گیانی گەشتیاران یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی زیادبوونی ڕێژەی گەشتیارانە و سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، لە ئیستاوە ئامادەکاری تەواویان بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانیش کردووە.
بەگەڕخستنەوەی کەرتی گەشتیاری لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا لە ڕووی ئابووری و زیادکردنی جوڵەی بازاڕەوە سوودی زۆری بۆ پارێزگاکە و کاسبکارانیش هەبووە، کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبی و پرۆژەی چاڤیی گەشتیاری هۆکاربوون بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی گەشتیاران کە بەراورد بە حەوت مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو ژمارەی گەشتیاران چوار ئەوەندە زیادیکردووە.