ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات بۆ ڕزگارکردنی شاری ڕەقەدا، هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە، 137 هاوڵاتی ئێزدیان لەچنگی چەتەکانی داعش ڕزگارکردووە.
وتەبێژی فەرمی یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە، سەبارەت بە ڕزگارکردنی ئێزدییەکان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی فوراتدا لێدوانێکی داوە و ڕایگەیاندووە تاوەکو ئێستا 137 هاوڵاتی ئێزدیمان لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگارکردووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
نەسرین عەبدوڵا، وتەبێژی یەپەژە ڕایگەیاندووە:هێزە تایبەتەکانی یەپەژە بۆ ڕزگارکردنی ئێزدییەکان، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی فورات بۆ ڕزگارکردنی شاری ڕەقەدا تاوەکو ئێستا 137 هاوڵاتیی ئێزدیان لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگارکردووە، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
نەسرین عەبدوڵا وتوشیەتی:ژمارەیەک لەو ئێزدیانە لەسەر داواکاری خۆیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراونەتەوە و هەندێکی دیکەیان نێردراون بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بەدواداچوونەوە بکرێت سەبارەت بە دۆخیان.
وتەبێژی یەپەژە هەروەها ڕایگەیاندووە:لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی فوراتدا بەڵێنمان دابوو کە هەموو ژنان لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگاربکەین، ئێستاش بەڵێنمان بۆ ڕزگارکردنی هەموو ژنان دووپات دەکەینەوە.
جێگای ئاماژەیە، کە لە چوارچێوەی فەرمانی 3ی ئابی 2014دا کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بەسەر هاوڵاتیانی ئێزدی-ی شەنگال هات، چەتەکان ژنان و منداڵانی ئێزدیان ڕفاند، ژنەکانیان لە بازارەکاندا فرۆشت و منداڵەکانیشیان بە پەروەردەی زۆرەملێ کردە موسڵمان.
11-04-2017